وه‌به‌رهێنه‌رانى وڵاتى قه‌ته‌ر ده‌خوازن له که‌رتى کاره‌باى هه‌رێمى کوردستاندا کار بکه‌ن
له دیدارێکدا که ژماره‌ک له راوێژکار و به‌رێوه‌به‌رانى گشتى وه‌زاره‌ت ئاماده‌ى بوون، شاندى میوان خۆشحاڵى خۆیان به سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمى کوردستان نیشان دا و هه‌روه‌ها ره‌وشی ئارامى هه‌رێمیان به فاکته‌رێکى باش بۆ وه‌به‌رهێنان و وه‌گه‌ڕخستنى سه‌رمایه‌ى بیانى دانا، شانده‌که ئامانجى سه‌ردانه‌که‌یان خسته‌ڕوو و رایانگه‌یاند که ده‌خوازن سه‌رمایه‌کانیان له که‌رتى کاره‌باى هه‌رێمى کوردستاندا به‌گه‌ڕ بخه‌ن، له‌کاتێکدا که وه‌زاره‌ت به نیازه له رێگه‌ى کۆمپانیاکانى که‌رتى تایبه‌ته‌وه ئاستى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با بگه‌یه‌نێته 6000 مێگاوات.
لاى خۆیه‌وه وه‌زیری کاره‌با تیشکى خسته سه‌ر ره‌وشی کاره‌با له هه‌رێم و رایگه‌یاند که 90%ى وزه‌ى کاره‌با له هه‌رێمى کوردستان له لایه‌ن که‌رتى تایبه‌ته‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، وه‌زاره‌تیش ده‌خوازێت هاوشێوه‌ى وڵاتى قه‌ته‌ر له سێکته‌ره‌کانى گواستنه‌وه و دابه‌شکردن و کۆنترۆڵیشدا به‌شدارى به رۆڵى که‌رتى تایبه‌ت بکات، له‌و باره‌یه‌شه‌وه به شانده‌که‌ى راگه‌یاند که وه‌زاره‌ت ئاماده‌ى هه‌موو ئاسانکاری و هاوکارییه‌که بۆ ئه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنه‌رانى قه‌ته‌ر له کوردستاندا هه‌لى وه‌به‌رهێنانیان بۆ بڕه‌خسێت.
