بۆردمانی سنورەكانی هەرێم وەستا
عەبدولواحید گوانى قایمقامى چۆمان /75 كم باكوری رۆهەلاتی هەولێر/ ئەمڕۆ سێشەم بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، لە سنوورى ئەو شارۆكەیە ماوەى چەند رۆژێكە تۆپبارەیلی ئێران بۆسەر گوند و ناوچەیلى سنوورى وەستاوە و تەنیا پچرپچڕ دەنگى تەقەى سووك دەبیسترىَ، بەڵام تا ئێستە ئاوارە، رەوند، كۆچەر و جووتیاری ناوچەكە بۆ شوێنی پێشووی خۆیان نەگەڕاونەتەوە.
زیاتر گوتى، كۆچەر و خاوەن ماڵاتى ئەو ناوچەیەی بۆردمانی لەسەر بووە، ئێستە لە شوێنەیلی ئارام نیشتەجێن، بەڵام هێشتا ترس و دڵەڕاوكىَ لەلاى خەڵك هەر ماوە، چونكە بەڕەسمى هیچ لایەنێك وەستاندنى بۆردمانى رانەگەیاندووە و هەموو رۆژێك چاوەڕێ دەكەین بۆردمان دەست پىَ بكاتەوە.
كوێستان ئەحمەد بەڕێوەبەرى شارەدێى وەرتىَ لەوبارەیەوە بۆ (ئاكانیوز) گوتى، دوای جەژنی رەمەزانەوە تا ئێستە بۆردمان لە سنوورى گوندەیلى پردەشاڵ و زارگەلى و بۆكریسكان هاتووەتە وەستاندن، بەڵام جارجار باڵەفڕەیلى توركیا بەئاسمانى سنوورەكەدا دەسوڕێنەوە بىَ ئەوەى بۆردمانى هیچ شوێنێك بكەن.
لاى خۆیەوە شەوكەت حەمەد لە یەكەى كارگێڕیى شارەدێى سیدەكان گوتى، 6 رۆژە باڵەفڕەیلى توركیا و تۆپخانەیلی ئێران بۆردمانى سنوورەكەیان نەكردووە، ئاوارەكان تا ئێستە نەگەڕاونەتەوە شوێنى خۆیان، بەپێی بەرنامەیەك بڕیارە خێوەتگەیەك بۆ ئاوارەكان بێتە دروستكردن كە منداڵەكانیان تا ئێستە لە خوێندن بىَ بەشن و چاوەڕێی ئارامبوونەوەى دۆخەكەن.
لە 16ی (تەمووز/یۆلیۆ)ی رابردوو، ئێران بەهێزێكی بەربڵاو بەناوی لێدانی چەكدارەیلی پژاك بەتۆپ و هێزی ئاسمانییەوە هێرشیان كردە سەر ناوچەیلی سنووریی هەرێم، ئەو دۆخەیلە كوژرانی زیاتر لە 150 كەسی لایەنەكانی شەڕی لێ كەوتووەتەوە، جگە لە ئاوارەبوونی سەدان ماڵبات لە بناری قەندیل.
لە 17ئاب/ئۆگستسى رابردوو، باڵەفڕەیلى توركیا بەڕژدى بۆردمانى گوندەیلی بۆكریسكان، زارگەلى و پردەشاڵ دەست پێ كرد، بە هۆیەوە تا ئێستە زیانى زۆر بەڕەز و باخچەى كشتوكاڵى و سەرچاوەیلی سنوورەكە گەیشتووە، جگە لە ئاوارەبوونی 140 ماڵبات لە دەڤەرەكە.
