پەكەكە هیچ یارمەتییەكی لە ئیسرائیل وەرنەگرتوە

پەكەكە هیچ یارمەتییەكی لە ئیسرائیل وەرنەگرتوە
بەرپرسى پێوەندییەلى دەرەوەى پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە) ئەمڕۆ شەموو ڕاى گەیاند، هەواڵى یارمەتیدانى پەكەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە تەنیا لە دەزگایەلی راگەیاندنەوە بیستوومانە.

ئەحمەد دەنیز لە سێگۆشەى ئێران-توركیا-هەرێمى كوردستان، بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، هەواڵى یارمەتیدانى پەكەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە تەنیا لە ڕێگەی دەزگایەلی ڕاگەیاندنەوە دێتە ورووژان و تا ئێستە شتی لەو جۆرە نەبووە.

ئەوەشى گوت \"لەبەرئەوەی تا ئێستە هیچ شتێك لای ئێمە روون نییە لەبارەى جۆر و چۆنیەتیى ئەو یارمەتییە، بۆیە ناتوانین هیچ لێدوانێكى لەبارەوە بدەین، هەركاتێك یارمەتی دراین ئەوە بۆ ڕاى گشتى رای دەگەیەنین\"".

رۆژنامەی ( یەدیعۆت ئەحرانۆت)ی ئیسرائیلی دوێنىَ هەینی بڵاوی كردەوە، ئەڤگدۆر لیبرمان وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل چەند پلانێك دەخاتە ڕوو وەك وەڵامێك بۆ هەنگاوەیلی توركیا لە دژی ئیسڕائیل، لەوانەش دروستكردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ لۆبیی (ئەرمینیا) لە ئەمەریكا و شیمانەی پێشكێشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ چەكدارەیلی (پەكەكە).

بەپێی رۆژنامەكە، بەرپرسەیلی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەم كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەگەڵ ئەڤگدۆر لیبرمان، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجام بدرێ بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی وەڵامی ئیسڕائیل بۆ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرەیلی توركیا كە ئاستی پێوەندییەلی سیاسیی لەگەڵ ئیسڕائیل دابەزاندووە و پێوەندییەلی بازرگانی و سەربازیشی هەڵپەساردووە.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل پلانی ئەوەشی هەیە لەگەڵ سەركردەیەلی پەكەكە لە ئەوروپا كۆ ببێتەوە بۆ دروستكردنی پێوەندی و هاوكاریكردنی چەكدارەیلی پەكەكە. بەگوێرەی رۆژنامە ئیسرائیلییەكە، لە كۆبوونەوەكەدا پێ دەچێت كوردەیل داوا لە ئیسڕائیل بكەن لە ڕووی سەربازی و و دابینكردنی كەلوپەلی سەربازی بۆیان هاوكارییان بكا.

جگە لەو هەنگاوەیلە ئیسڕائیل هەوڵ دەدا پێكدادانەیلی نێوان توركیا و كوردەیل بەكار بێنێ بۆ جەختكردنەوە لەسەر ئەو تۆمەتباركردنەی كە توركیا پێشێلی مافەیلی مۆرڤ دەكا، هەروەها ئیسڕائیل هەوڵەیلی چڕتر كردووەتەوە لە دروستكردنی كەمپین لە ئەوروپا بۆ وەستانەوە لە دژی توركیا."
Top