به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی به‌بۆنه‌ی یۆبیلی زێرینی شۆرِشی مه‌زنی ئهیلوول
ئهمرِۆ به ئه‌مه‌كه‌وه یادی یۆبیلی زێرِینی شۆرِشی ئه‌یلولی مه‌زن ده‌كه‌ینه‌وه. به‌ر له په‌نجا ساڵ پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی (بارزانیی نه‌مر) رابه‌رایه‌تیی ئه‌و شۆرِشه مه‌زنه‌ی كرد و بووه ئاڵا هه‌ڵگری خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی كورد و قۆناغ به قۆناغ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ئه‌رك و ئامانجه‌كانی گه‌لی كوردستاندا، خه‌بات و جیهانبینی هه‌ڵكشاوه و فراوانتر بووه.
شۆرِشی مه‌زنی ئهیلوول وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بوو له مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا و بوو به‌سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی داگیركاری و هه‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌ناو خه‌ڵكی كوردستاندا چاند و گورِ و تینی پێبه‌خشین تا به‌گژ زوڵم و سته‌م و داگیركاریدا بچنه‌وه و كۆتایی به په‌رته‌وازه‌یی هێنا و بوو به‌و سه‌ره‌تا گرنگه‌ی، كه هه‌موو به‌رخودانه‌كانی دیكه تا راپهرِینی به‌هاری 1991 و ئه‌زموونی ئێستای هه‌رێمی كوردستانی به‌دی هێنا.
ئاورِدانهوه له 11ی ئه‌یلوولی ساڵی 1961 وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌یه كه هه‌ڵگیرسانی شۆرِشی مه‌زنی ئهیلوول مێژووی عێراقی به‌جۆرێك گۆرِی، كه سه‌رباری هه‌وڵی زۆر و به‌كارهێنانی هه‌موو توانا ئابووری و سه‌ربازییه‌كانی رژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان و په‌نابردن بۆ درِندانهترین شێوازه‌كانی سه‌ركوتكردن و هه‌وڵی قرِكردن و له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه‌چی نه‌یانتوانی خه‌ڵكی كوردستان بێده‌نگ بكه‌نه‌وه و بیگهرِێنهوه دواوه. شۆرِشی مه‌زنی ئهیلوول به رابه‌رایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیی (بارزانیی نه‌مر) ئه‌و خاڵه وه‌رچه‌رخانه بوو كه بوو به سه‌ره‌تای كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی پرِ زوڵم و سته‌م له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان و یه‌كه‌م موژده‌ی ئازادیی بۆ هێنان.
شۆرِشی مه‌زنی ئهیلوول بوو به خاڵی وه‌رچه‌رخان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا و كۆتایی به بێ هێزی و په‌رته‌وازه‌یی هێنا و برِوا و متمانه‌یه‌كی پۆڵایینی هێنایه كایه‌وه، كه كوردی له توانه‌وه پاراست و هێز و ئیراده‌یه‌كی ئه‌وتۆی بڵاوكرده‌وه كه چیتر ژیانی ژێرده‌سته‌یی و چه‌وساندنه‌وه قبووڵ نه‌كرێت و هه‌موو تاكێكی كوردستان خۆی به پێشمه‌رگه‌ی شۆرِش بزانی و كۆمه‌ڵگه‌ی په‌رته‌وازه‌ی كوردستانی گۆرِی بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌رگریكار و متمانه پۆڵایین. كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه چیدی زوڵمی قبووڵ نه‌ده‌كرد و داكۆكیی له مافه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كانی خۆی ده‌كرد. شۆرِش توانی به‌سه‌ر هه‌موو بۆچوونێكی ناوچه‌گه‌رێتیدا زاڵ بێت و سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان له شار و لادێ، به هه‌موو چین و توێژه‌كانیه‌وه له ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه و هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستانی به‌هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئاینیه‌كانه‌وه گرته‌وه و پیر و لاو، ژن و پیاو پێكه‌وه خه‌باتیان ده‌كرد. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو ئامانجه ستراتیژییه‌كانی شۆرِشی رزگاریخوازی كوردستان به‌دینه‌هاتوون و ههرِهشه و پرِكێشی جۆراوجۆریش رووبهرِووی ده‌بێته‌وه، بۆیه هێشتا یهكرِیزی هێزه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌شداری چین و توێژه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان له خه‌باتی ته‌واوكردنی ئه‌و ئه‌ركانه و به‌دیهێنانی ئامانجه‌كان راستی و زه‌رووره‌تێكی نیشتمانییه.
شۆرِشی ئهیلوول سهرهرِای ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كی پشت به‌ستوو به خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی بوو له‌پێناو مافه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كاندا، بوو به خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی گرنگ له هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیدا و پێشكه‌وتن و گۆرِانكاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌رچاوی به‌دوای خۆیدا هێنا. شۆرِش بوو به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی چاكسازی له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و ژینگه و خێزان و دادوه‌ری و سه‌رجه‌م بواره‌كانی دیكه‌دا، له‌ناوچه ئازادكراوهكانیشدا نموونه‌یه‌كی باشی بهرِێوهبردنی پَشكهش كرد. لهرِووی په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه شۆرِش له ناوچه ئازادكراوه‌كاندا بایه‌خی زۆری به قوتابخانه و مامۆستا و پرۆگرامی خوێندن دا و یه‌كه‌م زانكۆی له ژێر سایه‌ی ئازادی‌دا له‌باوه‌ش گرت. له‌م قۆناغی بونیاتنانهشدا، ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی خهباتگێرِانه بۆ ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی گۆرِانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كولتوورییه‌كان و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی سستمی سیاسی دیموكراتی و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و فراوانكردنی پانتاییه‌كانی ئازادی له هه‌رێمی كوردستاندا، له ئه‌ستۆی پارتییه‌كانه و پێویسته به‌هه‌مان گیانی پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه كاری له‌پێناودا بكه‌ن.
شۆرِشی مه‌زنی ئهیلوول هاوشان له‌گه‌ڵ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ ناساندنی كێشه‌ی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان به دنیا خستهگهرِ و لهرِێگهی راگه‌یاندن و دیپلوماسییهوه كاری بۆ ئه‌وه ده‌كرد ئه‌و دیواره بشكێنێت كه رژێمه‌كانی عێراق به‌ده‌وری كێشه‌ی كوردیاندا كێشابوو و ده‌یانویست ئه‌و كێشه‌یه له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا گه‌مارۆ بده‌ن و رێگه نه‌ده‌ن ده‌نگی كورد بگاته ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان، به‌ڵام شۆرِش ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی شكاند و خواستی ئازادیخوازانه و به‌رگریكردن له مافه ره‌واكانی گه‌یانده ناوه‌نده‌كانی دنیا. بهرِهچاوكردنی بارودۆخی نێوده‌ڵه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌دا و گوشاری زۆری رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق ئه‌وه‌ی له‌و بواره‌دا كراوه زۆر گرنگ بووه.
شۆرِش سهرهرِای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دو‌ژمنێك ده‌جه‌نگا كه ته‌نیا به زمانی ئاگر و ئاسن وه‌ڵامی داخوازییه ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مانی ده‌دایه‌وه به‌ڵام چه‌كی دیپلۆماسی و زمانی دیالۆگی فه‌رامۆش نه‌كرد و له هه‌ر هه‌لێكی گونجاو‌دا كه ده‌رگای گفتوگۆ كرابێته‌وه به‌پیریه‌وه چووه و ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی بۆ گه‌له‌كه‌مان هێنا و بۆ یه‌كه‌مجار رژێمێكی پرِ چه‌ك و جبه‌خانه‌ی ناچار كرد بێته سه‌رمێزی گفتوگۆ و رێككه‌وتننامه‌ى مێژوویی یازده‌ی ئادار مۆر بكات و تیایدا دان به مافی نه‌ته‌وه‌یی كورددا بنێت، كه بوو به بناخه‌ی هه‌موو گفتوگۆكانی دیكه‌ی كورد له‌گه‌ڵ رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق.
شۆرِشی ئه‌یلول خاڵی وه‌رچه‌رخان بوو له مێژووی هاوچه‌رخی ده‌وڵه‌تی عێراقیشدا، چونكه به لێهاتوویی و جیهانبینی بارزانی نه‌مر و تێگه‌یشتنی دروست له قۆناغی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی له عێراقدا، ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد و ئامانجه دیموكراتییه‌كانی عێراقی له‌یه‌كتر گرێدا و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعیش ناوچه ئازادكراوه‌كانی كوردستان و بنكه‌كانی پێشمه‌رگه بوونه چه‌قی كۆكردنه‌وه‌ی خهباتگێرِانی عێراق و هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی بۆ دیموكراتی تێده‌كۆشان و تا به ئێستاش ده‌گات، ئه‌م تێكۆشانه هاوبه‌شه لێكگرێدراوه راستی و دروستی خۆی ماوه و وه‌كوو زه‌رووره‌تێكی خهباتگێرِانه بۆ له‌ناوبردنی هه‌موو مه‌یله‌كانی تاكرِهوی و پاشه‌كشه‌كردن له ده‌ستكه‌وته دیموكراتییه‌كانی گه‌لانی عێراق و چه‌سپاندنی گشت ئه‌و بنه‌ما دیموكراتیانه‌ی له ده‌ستووری عێراقدا هاتوون بره‌وی ماوه و پارتی دیموكراتی كوردستان پابه‌نده پێوه‌ی.
شۆرِشی مه‌زنی ئهیلوول وه‌ك درێژخایه‌نترین شۆرِشی كورد بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌واكانی بوو به شۆرِشێكی به‌رده‌وام و ته‌نانه‌ت دوای پیلانی شوومی جه‌زایر و نسكۆی شۆرِش به ماوه‌یه‌كی كه‌م جارێكی دیكه پارتی دیموكراتی كوردستان موژده‌ی به‌رده‌وامیی شۆرِشی راگه‌یاند و شۆرِشی گوڵانی كرده قۆناغێكی نوێ و ئهمرِۆ به‌رهه‌می ئه‌و روحه ئازادیخوازه‌ی شۆرِشی ئهیلوول ده‌بینین كه بهگهلهكهمانی به‌خشی. ئێستاش ئه‌ركى هه‌موو تێكۆشه‌رانى كوردستانه به پارته‌كانى به‌شدار له دهسهلاَت و ئۆپۆزسیۆن و هه‌موو خاوه‌ن بیروبۆچونه جیاوازه‌كانیشه‌وه ده‌ستكه‌وت و به‌رهه‌مى شۆرِش و قوربانیدانه‌كانى گه‌له‌كه‌مان بپارێزن ئه‌ویش به ته‌بایى و یه‌كترقبوڵكردن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و بابه‌ت و مافانه‌ى ئیش بۆكردنیان پێویسته ده‌سته‌به‌ربكه‌ین و ئاوات و ئامانجى گه‌له‌كه‌مان بهێنینه‌دى، ماده‌ى 140 و كێشه‌كانى دیكه‌ى چاره‌سه‌رنه‌كراو كه شۆرشى مه‌زنى ئه‌یلول قوربانى زۆری‌دا له پێناویان‌دا یه‌كلایى بكرێنه‌وه و دڵنیایى ته‌واو له چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدراڵ په‌یداببێت وه‌ك چۆن له‌ده‌ستورى هه‌میشه‌یى عێراقى فیدرِاڵدا هاتووه.
له یۆبیلی زێرِینی شۆرشی مه‌زنی ئه‌یلوولدا سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی خه‌باتی رزگاریخوازی كورد به‌گشتی و شه‌هیدانی شۆرِشی مه‌زنی ئهیلوول به‌تایبه‌تی داده‌نه‌وێنین، سڵاو بۆ گیانی پاكی بارزانی نه‌مر، رابه‌ر و سه‌ركرده‌ی شۆرِشی مه‌زنی ئهیلوول و كاك ئیدریسى جوانه‌مه‌رگ. سڵاو بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له شۆرِشی مه‌زنی ئه‌یلوولدا به‌شدار بوون، سڵاو بۆ ئه‌وپێشمه‌رگانه‌ی شۆرِشی گوڵانیان كرده درێژه‌پێده‌ری شۆرِشی مه‌زنی ئهیلوول، سڵاو له‌و پێشمه‌رگانه‌ی ئهمرِۆ پارێزه‌ری به‌رهه‌مه‌كانی شۆرِشی مه‌زنی ئه‌یلوولن.
مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
11ی ئه‌یلوولی 2011
