لەیلا زانا گەیشتە سلێمانى
تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەرى باڵەفڕگەى ناودەوڵەتیی سلێمانى بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لەیلا زانا پەرلەمانتاری توركیا نیوەڕۆى ئەمڕۆ بەگەشتێكى ئاساییى نێوان توركیا گەیشتە هەرێمی كوردستان.
نەرمین عوسمان وەزیری پێشووی ژینگەی عێراق پێشتر بە(ئاكانیوز)ی راگەیاندبوو، ئەمڕۆ لە رێگەی باڵەفڕگەی ناودەوڵەتیی سلێمانییەوە، لەیلا زانا دەگاتە سلێمانی كە لەلایەن كۆمەڵێك پەرلەمانتار و بەرپرسی رێكخراوەیلی ژنان و چالاكەیلی مەدەنییەوە دێتە پێشوازیكردن.
لای خۆیەوە كاك بەهائەدین برای لەیلا زانا لە دیاربەكرەوە بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەو سەردانەی لەیلا بۆ هەرێم لەسەر بانگهێشتنی جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق دەبێ، بەڵام زانیاریی زیاتری نەدا.
بەهار كەریم، چالاكی بواری رێكخراوەیلی ئافرەتان بۆ (ئاكانیوز) گوتی، \"ماوەیەكی زۆرە ئامادەسازی بۆ دروستكردنی بۆرد و رێكخراوێكی تایبەت بە ژن لە هەرچوار پارچەی كوردستان دەكرێ، ئێستە لەلایەن چەند چالاكی مافی ژن، پەرلەمانتار و وەزیرێكەوە ئامادەسازیی بۆ دەكرێ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پشتگیرییەكی ئەو بۆرد و رێكخراوە سەرانسەرییە دەكات.
لەبارەی شێواز و كاری ئەو رێكخراوە، كەریم گوتی، ئێستە زووە دەستنیشانی شێوازی كاركردنی ئەو رێكخراوە بكەین كە دواتر كۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدا ئاخۆ تایبەتمەندیی كاری ئەو رێكخراوە سەرانسەرییەی كوردستانی چۆن بێ، بەڵام ئێستە ئامادەسازیی بۆ كۆنگرەكە و شێوازی كاری ئەو دەكرێ."
