هەفتەی داهاتو نێچیرڤان بارزانی دەگاتە ئەنقەرە
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی \"تەرەف\""ی توركیا، نێچیرڤان بارزانی بەنوێنەرایەتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەنقەرەی پایەتەختی توركیا دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەبارەی پرسی پەكەكە و كردەوەگەلی توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێم گفتوگۆ بكات.
ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت، رۆژی 25ی ئاب/ئۆگستسی رابردوو، شاندێكێ هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی سەردانی تارانی پایەتەختی ئێرانی كرد و لەگەڵ مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەركۆماری ئێران و عەلی ئەكبەر ساڵحی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبوونەوە.
وەك هاتووەتە راگەیاندن، شاندی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی تاوتوێكردنی پرسی تۆپبارانی ئێران بۆ سنوورەكانی هەرێم كە ماوەیەكە بەردەوامە و هەروەها پرسی وشككردنی ئاوی ئەڵوەن سەردانی ئەو وڵاتەیان كرد.
رۆژنامەی \""تەرەف\"" لە هەواڵەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە لەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانیدا دێتە چاوەڕوانكردن كەریم شنگالی وەزیری ناوەخۆی هەرێم هاوڕێیەتی بكات.
رۆژنامەكە ئاشكرای كرد لە هەمان رۆژی سەردانەكەدا مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش سەردانی ئێران دەكات.
سێشەمی رابردوو، فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم لە راگەیەندنێكی رەسمیدا رای گەیاند، پرسی سەردانە رەسمییەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران تاوتوێ كراوە، هەركات دۆخ گونجاو بوو، وادەی سەردانەكە رادەگەیەنین.
پێشتر عەبدوڵا ئاكرەیی بەرپرسی پێوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، رۆژی 25ی ئاب/ئۆگستسی رابردوو، شاندێكێ هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەردای تارانی پایەتەختی ئێران كرد، لەو سەردانەدا بەرپرسانی ئێران دووپاتیان كرد كە چەندان جار بانگهێشتنی رەسمییان پێشكێشی سەرۆكی هەرێم كردووە بۆ تاران، بەڵام تا ئێستە سەردانەكە نەهاتووەتە ئەنجامدان.
لە 17 ئاب/ئۆگستسی رابردوو، باڵەفڕەكانی توركیا بەبیانوی بوونی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان، بەڕژدی بۆردمانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ كرد، بەو هۆیەوە تا ئێستە زیانی زۆریش بەڕەز و باخچەی كشتوكاڵی و سەرچاوەیلی سنوورەكە گەیشتووە، جگە لە ئاوارەبوونی نێزیكەی 140 ماڵبات لە دەڤەرەكە.
دواتر لە 21ی هەمان مانگەدا، باڵەفرە شەڕوانییەكانی توركیا لە گوندی كورتەكی سەر بەشارەدێی سەنگەسەر ئۆتۆمۆبێلێكی مەدەنییان كردە ئامانج و بووە هۆی كوژرانی 7 كەسی ماڵباتێك، ئەو رووداوەش ناڕەزایەتیی بەربڵاوی جەماوەری لێ كەوتەوە."
