پشووی پەرلەمانی كوردستان بەكۆتا هات
عومەر هەورامی ئەمڕۆ بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، پشووی 2 مانگەی پەرلەمان بەكۆتا هاتووە و لە سەرەتای حەوتووی داهاتوو پەرلەمان دەست بەدانیشتنەیلی ئاساییی خۆی دەكاتەوە.
روونی كردەوە، یەكشەمی داهاتوو دانیشتنێكی تایبەت بەكردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان دێتە گرێدان، دواتر بەپێی بەرنامەی كار دانیشتنەیلی پەرلەمان دەست پێ دەكاتەوە.
لای خۆیەوە شێروان حەیدەری سەرۆكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە(ئاكانیوز)ی گوت، دانانی بەرنامەی كار لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستاندایە، پێویستە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات.
هەروەها گوتی، چەندان پڕۆژەیاسا خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە و چاوەڕێی دەست پێكردنەوەی دانیشتنەیلی ئاساییی پەرلەمانین تا بێنە پەسندكردن.
پشووی پەرلەمانی كوردستان ساڵانە 2 مانگە، لە یەكی تەمووز/یۆلیۆ دەست پێ دەكا تا یەكی ئەیلوول/سێپتێمبەر، بەڵام لەو ناوەندا بەپێی پێویست دانیشتنی نائاسایی دێتە ئەنجامدان.
