عەبدولستار مەجید: بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم رێگاخۆشكەرێكی ئیجابی بوو بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان
عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان رایگەیاند: من بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئەم چوار بڕیارەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێم – هەر چوار بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی گرنگ و گەورە بوون و بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوە 5 قۆڵیەكان و ڕێگاخۆشكەرێكی ئیجابی بوو بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان و كۆبوونەوەكان. دوو لە بڕیارەكان بڕیاری خەرجكردنی سولفەی دارایی حزبە بەشداربووەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەستگیرنەكردنی هیچ كەسێك لە دەرەوەی ڕێوشوێنە یاساییەكان راستەوخۆ جێبەجێكراو كارێكی باش و كاریگەر بوو، بەڵام دوو بڕیارەكەی تر كە تایبەت بوون بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ چارەسەركردنی ڕێككارە نایاساییە كارگێڕییەكان دەربارەی سزا دراوە سیاسییەكانی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ بڕیاری یەكەم سەبارەت بەو كەسانەی لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە لەسەر رووداوەكانی مانگی شوبات – ئاداری رابردوو، پێویستە رادەستی دادگا بكرێن و ئەم دوو بڕیارە ماوە دەست بەكار بێت لەسەریان و ئێمەش پشتگیری ئەم دوو بڕیارە دەكەین و داوا دەكەین بەپێی بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت و ئەوەی لەدادگا داوا كراون ببردرێنە بەردەمی یاساو لێكۆڵینەوەی یاساییان لەگەڵ بكرێت. هەروەها لەكاتێكدا ئەم دوو بڕیارەی دوایی كە ئاماژەم پێدا كەوتە بواری جێبەجێكردن و بەپێی بڕیاری جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا گرنگی و كاریگەری ئەم بڕیارانە زۆر زیاتر و باشتر دەبێت لەسەر لێك نزیكبوونەوەو هێوركردنەوەی بارودۆخەكە، چونكە بەجێبەجێبوونی ئەم بڕیارانە هیچ كەسێك ناتوانێت بەبێ بڕیاری یاساو دادگا خەڵك بگرێت و هەڵبكوتێتە سەرماڵان و تەقە لەخەڵك بكات لەبەر ئەوەی یاسا سەروەر دەبێت و كاری خۆی دەكات. لەم كاتەشدا بەتەئكید خەڵك هەست بە ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خۆی دەكات. بەدەستپێكردنی ئەو دوو بڕیارەی ئاماژەم پێكردوو جێبەجێكردنیان وا دەكات ئێمە دەست بەكۆبوونەوە پێنچ قۆڵییەكە بكەین و ئومێدیش دەخوازم لە كۆبوونەوەكان بەئەنجامی باش بگەین.
