هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێك له‌مه‌ر بارودۆخی سنوره‌كانی هه‌رێم بلاو ده‌كاته‌وه
هیومان رایتس وۆچ رایگه‌یاند كه هه‌ندێك له هێرشه‌كان به‌بێ ره‌چاوكردن و دڵنیابوون له كه‌مترین زه‌ره‌روو زیانه‌كان و سه‌لامه‌تی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی ئه‌نجامدراون.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی هیومان راییتس وۆچ \"" هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه له هێرش و تۆپبارانه‌كانیاندا ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه‌یان كردووه‌ته ئامانج كه به درێژایی سنوره‌كانیان له باكورو خۆرهه‌ڵاتی كوردستانی عێراقدان، كاتێك هیومان رایتس وۆچ، له مانگی ئابدا سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه‌ی كرد، دانیشتوان‌و به‌رپرسانی ئه‌و ناوچانه وتیان\"" زۆرێك له ئامانجه‌كان ته‌نها هاووڵاتیانی مه‌ده‌نین و به هیچ جۆرێك ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌وه به‌كارنه‌هێنراوه.
به‌ڵگه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه تۆپبارانه به‌رده‌وامه‌كانی سوپای ئێران هه‌وڵێك بێت بۆ وه‌ده‌رنانی دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه نزیكن له سنوره‌كانی ئێرانه‌وه.
جۆو ستۆرك، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان رایتس وۆچ له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگه‌یاندووه كه ساڵ له دوای ساڵ هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ئه‌و ناوچانه به ده‌ست ئه‌و هێرش و سنوور به‌زاندنانه‌وه ده‌ناڵێنن، به‌ڵام له ئێستادا بارودۆخه‌كه زۆر خراپه، پێویسته ئێران و توركیا هه‌موو تواناكانیان بخه‌نه‌كار له پێناو پارێزگاركردن له سه‌لامه‌تی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و سه‌رو ماڵیان له هه‌ر زه‌ره‌رو زیانێك، به‌بێ گوێدانه هۆكاری هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر كوردستانی عێراق ."
