سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان كۆبونەوە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان كۆبونەوە
نیوەری ئەمرۆ کەمال کەرکوکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندیی یاوەری سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنانیان کرد و لەلایەن نەبیە بری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی کران و باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کراو .

لەودیدارەدا کەمال کەرکوکی، سوپاسی ئەو پیشوازییە گەرمەی کردو وتی: ئەو سەفەرەمان بۆ دانانی بناغەیەکی پتەوی پەیوەندی نێوان هەردوولایە و خۆشحالیشی دەربڕی لەکاتی گونجاودا سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

پاشان نەبیە بری وتی: ئێمەش بەهەمان شێوە خۆشحال دەبین بەبوونی پەیوەندی پتەو لەنیوان لوبنان و هەرێمی کوردستان و عیراق, راشیگەیاند: دەبوو تائێستا سەردانی هەرێمی کوردستانم بکردایە بەڵام لەبەر بارودۆخی ناوخۆی لوبنان نەمتوانیوە ئەم سەردانە ئەنجام بدەم و لە کاتێکی گونجاودا بەخۆشحاڵیەوە سەردانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکەم.

سەبارەت بەبارودۆخی ناوچەکەش سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەبۆردومانەکانی ئەم دواییەی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە خەلکی سڤیل و بێ دیفاع بوونەتە قوربانی و زەرەمەند بوون و لەمباریەوەش باسی بەیاننامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانی کرد کە داوایان کردووە کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتانی ناوچەکەو دراوسێ لەسەر خاکی هەرێمی کورردستان یەکلایی نەکرێتەوەو هەروەها داوایان کردووە لەرێگای دیالۆگ و دوور لە توندوتیژی چارەسەری ئاشتیانە بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە .

هەرلەمیانی دیدارەکەدا نەبیە بری لەبارەی ئەو رووداوانەوە باسی لەرابردووی تالی لوبنان کردو وتی: ئێمە لەشەری ناوخۆو دەرەوە زۆرمان دیوە بۆیە وای دەبینین تاکە چارەسەر بۆ کێشەی لەم بابەتە دیالۆگەو دەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان بێنە سەر مێزی گفتوگۆ.

لەبارەی توانا زانستی و مرۆیەکان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان لەروونکردنەوەیەکیدا رایگەیاند: پلانی ئێستا لەلوبنان گرینگی دانە بەوەبەرهێنان لەبواری گەشەپێدانی مرۆیی و وتیشی : تەنها لەبەیروت 45 زانکۆ هەیەو راشیگەیاند خۆشحال دەبین لەپال پەیوەندی سیاسی پەیوەندی ئەکادیمی لەنێوان لوبنان و هەرێمی کوردستان گەشەی پێ بدرێت.
Top