نازم دەباغ: نێچیرڤان بارزانی پەیامی ئاشتی خوازانەی بۆ ئێران هێنا

نازم دەباغ: نێچیرڤان بارزانی پەیامی ئاشتی خوازانەی بۆ ئێران هێنا
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتووێژەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران بە سەرکەوتوو وەسف کرد

نازم عومەر دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر، سەبارەت بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئێران، گوتی: \"هەر دوو لایەن دەرکیان بەو بارودۆخەی ئێستای ناوچەکە کرد تا لە هەوڵدابن پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بەو بارودۆخە نائەمنییە بێنن کە ئێستاکە لە سنوورەکان دروستبووە.\""

گوتیشی: \""دیارە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە تێگەیشتنی ئەو باروودۆخەی ئێستاکە و بە رێزگرتن لە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی سنوورەکان کە لە نێوان دوو وڵاتدا هەیە و هەروەها بە رێزگرتن لە سەروەری خاکی یەکتر، رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە بە هەموو لایەک هەوڵبدەن کە سنوورەکان بپارێزن و هیچ هێز و لایەنێک نەتوانێت سەروەری خاکی یەکتری ببەزێنێت و چالاکی سەربازی و چەکدارانە لە ناوچەکەدا ئەنجام بدرێت.\""

سەبارەت بە رێککەوتنی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سنوورەکان، گوتی: \""بە پلەی یەکەم دوو لایەن لە هەڵوێستی یەکتری تێگەیشتن و هەورەها لەو باروودۆخەی کە ئێستاکە لە ناوچەکەدا هەیە، دەمێنێتەوە سەر وردەکارییەکان و هەروەها چۆنییەتی هەنگاونان بۆ پراکتێک کردنی ئەو بڕیار و راسپاردە و باسانەی کە لە کۆبوونەوەکاندا کراوە کە ئەمەش پێویستی بە وتووێژی زیاتر هەیە.\""

نازم دەباغ سەبارەت بە هێنانی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ لە لایەن نێچیرڤان بارزانی بۆ گەورە بەرپرسانی ئێرانی، گوتی: \"" لەلایەن بەڕێز نێچیرڤان پەیامی ئاشتی خوازانە و هەروەها ئەو پەیامەی کە هەوڵ بدرێت تۆپبارانەکان رابگیرێت، گەیاندرا بە کۆماری ئیسلامی.\""

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، گوتی: \""ئەمڕۆکە پەیوەندییەکان لە جیاتی شەڕ و ناخۆشی دەبێت پەرەی پێبدرێت و بگوازرێتەوە بۆ بواری ئابووری، گەشت‌وگوزار و خۆشگوزەرانی خەڵک.\"""
Top