بەهۆى كردە سەربازییەكانى توركیاوە (بەدەپە) ئاهەنگەكانى جەژن هەڵدەوەشێنێتەوە

بەهۆى كردە سەربازییەكانى توركیاوە (بەدەپە) ئاهەنگەكانى جەژن هەڵدەوەشێنێتەوە
پارتى ئاشتى و دیموكراسیی كوردى لە توركیا، دوێنێ هەینى راى گەیاند بەهۆى بەردەوامیى پرۆسە سەربازییەكانى توركیا بەرنامەى ئاهەنگگێڕانى بەبۆنەى جەژنى رەمەزانەوە هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەمە بەپێى بەیاننامەیەكى ئەو حزبە.

لە بەیاننامەكەدا كە ئیمزاى فاتیمە كورتلان جێگرى سەرۆكى حزبەكەى لەسەرە هاتووە \"حزب بڕیارى دا ئاهەنگگێڕان بەبۆنەى جەژنى رەمەزان كە لە دووەم رۆژى جەژندا ساز دەكرێ هەڵبوەشێنێتەوە، ئەویش بەهۆى بەردوامیى پرۆسە سەربازییەكان لەلایەن حكوومەتى داد و گەشەپێدانەوە و بەردەوامیى خوێنڕژانەوە\"".

دواى كوژرانى 9 سەربازى توركیا لەلایەن چەكدارانى پارتى كرێكارانى كوردستانەوە لە باشوورى رۆهەڵاتى توركیا، توركیا دەستى بە بۆردمانى ئاسمانیى هێزەكانى ئەو پارتە لەسەر خاكى هەرێمى كوردستان كردەوە، ئەویش دواى زیاتر لە ساڵێك لە راوەستانى ئەو پەلامارانە.

یەكشەمى رابردوو باڵەفڕە شەڕوانەكانى توركیا 7 هاووڵاتیی خەڵكی گوندی (بۆڵێ)یان لەسەر رێگەی گوندی (كورتەك) بۆ شارەدێی سەنگەسەر //11 كم رۆئاواى قەڵادزێ/ لە ئۆتۆمۆبێلێكدا كردە ئامانج و هەموویان گیانیان لەدەست دا.

وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە ماڵپەڕی خۆیدا كوشتنى 7 كەسەى لە لایەن باڵەفڕە شەڕوانەكانى توركیاوە بڵاو كردەوە.

دوێنێ هەینى بریكارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق راى گەیاند وەزارەتەكەى یاداشتێكى ناڕەزایى ئاراستەى هەریەك لە ئێران كردووە لەسەر بۆردمانكردنى ناوچە سنوورییەكانى هەرێمى كوردستان لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە و داواى لێ كردوون ئەو بۆردمانانە رابگرن و رێگەى دیالۆگ بۆ چارەسەرى كێشەكان بگرنە بەر.

هەروەها سەركردەى شیعى موقتەدا سەدر رۆژی پێشتر چەند نوێنەرێكى خۆى رەوانەى توركیا و ئێران كرد، تا داوایان لێ بكات دەست لە بۆردمانكردنى سنوورەكانى هەرێمى كوردستان هەڵگرن.

هەر دوێنێ ئاژانسی هەواڵی \""ئەنكا\""ی توركی راى گەیاند، وەزارەتى دەرەوەى توركیا پاش ئەوەى یاداشتێكی ناڕەزایی لەلایەن حكوومەتى عێراقییەوە لەبارەى كوشتنى 7 هاووڵاتیی كورد لە هەرێمی كوردستان بەدەست گەیشتووە و تێدا داواى راگرتنى بۆردمانەكان دەكات، بانگهێشتنى بالوێزی عێراقی لە ئەنقەرە كردووە .

سەرچاوەكە دەڵێ، وەزارەتى دەرەوەى توركیا نەخشە و وێنەكانى خستە بەردەم باڵوێزی عێراق و جەختى لەوە كرد \""هێزەكانى توركیا هیچ پێوەندییان بەكوشتنى ئەو هاووڵاتییانەوە نییە\"". "
Top