نێچیرڤان بارزانی وەك نوێنەری هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانی كۆ دەبێتەوە

نێچیرڤان بارزانی وەك نوێنەری هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانی كۆ دەبێتەوە
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك نوێنەری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت، بەهاوڕێتیی شاندێكی پایەبەرزی حكوومەتی و حزبی بەمەبەستی تاوتوێی دۆخی سنوورەكان و باری تەناهیی ناوچەكە، شەوی رابردوو گەیشتە ئێران و بڕیارە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی باڵای ئێرانی، لەوانە سەركۆمار و وەزیری دەرەوە كۆ ببێتەوە.

بەپێی سەرچاوەگەلی هەواڵ، نێچیرڤان بارزانی بەنوێنەرایەتیی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرهەم ئەحمەد سالح سەرۆكی حكوومەتی هەرێم شەوی رابردوو گەیشتە باڵەفڕگەى نێودەوڵەتیی مێهرئابادی تاران.

وەك سەرچاوەكە ئاماژە دەكا، ئەم سەردانەی بارزانی پێوەستە بەدۆخی ئێستەی هەرێم و ناوچە سنوورییەكان، هەروەها بۆ گەڕانەوەی تەناهیی هەرێم و چارەسەركردنی كێشە سنوورییەكان بەڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەكان و سەروەریی خاكی یەكتری ئەنجام دەدرێ.

هەر پێوەست بەو باسەوە، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان لەبارەی گەڕی نوێی تۆپبارانی سنوورەكانی هەرێم لەلایەن ئێران و هێرشەكانی توركیا دانیشتنی نائاسایی ئەنجام دا.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم نێچیرڤان بارزانی و شاندی هاوڕێی لەگەڵ مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەركۆماری ئێران، سەعید جەلیلی سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای تەناهیی نەتەوەیی و عەلی ئەكبەر ساڵحی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دیدار ئەنجام بدەن، بەپێی سەرچاوەكە.

-ئاكانيوز
Top