پارتى و یەكێتی داوا لە ئێران و توركیا دەكەن بەپەلە هێرشەكانیان رابگرن

پارتى و یەكێتی داوا لە ئێران و توركیا دەكەن بەپەلە هێرشەكانیان رابگرن
پارتى دیموكراتى كوردستان و یەكێتی نیشتیمانى كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا چەند تەوەرێكیان تاوتوێ كرد و داوایان لە هەردوو وڵاتى ئێران و توركیا كرد بەپەلە هێرش و بۆردمانەكانیان بۆ سەر هەرێم رابگرن و هەروەها دووپاتیان كردەوە كە نابێ رێگە بەشۆڤێنی و \"تیرۆریستان\"" بدرێ پلانەكانى خۆیان دژی دانیشووانى كوردى ناوچە دابڕاوەكان جێبەجێ بكەن.

لە راگەیەنراوێكی هاوبەشی هەردوو حیزب هاتووە، لەدرێژەی كۆبوونەوە هاوبەشەكانی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و پارتى ئەمڕۆ لەبارەى دۆخی كوردستان و ناوچەكە، كۆبوونەوەیان ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرەیەك كرد.

كۆبوونەوەكە لەبارەى تەنگژەكانى ناوچە دابڕێنراوەكان بەگشتی و دەڤەری سەعدیە و جەلەولا بەتایبەتی گفتوگۆ كرا و دەرهاویشتەكانی بڕیاری كۆبوونەوەی پێشووی هەڵسەنگاند و سووربوون و بەردەوامبوون لەسەر پاراستنی هاووڵاتییان دووپات كراوەوە كە نابێ رێگە بەشۆڤێنی و تیرۆرستان بدرێ لە پیادەكردنی پلانە دوژمنكارییەكانیان سەركەوتوو بن.

پتر گوتى، كۆبوونەوەكە هێرش و تۆپبارانەكەی هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێرانی سەركۆنە كرد و داوای كرد بەپەلە هەردوو دەوڵەت هێرشەكانیان رابگرن.

هەروەها ناڕازیبوون و نیگەرانی خۆی بەرامبەر ئەو هێز و لایەنانە دەربڕی كە بوونەتە هۆی خوڵقاندنی ئەم دۆخە و ئاگادارییان دەكاتەوە كە نابێ خاكی هەرێمی كوردستان بەكاربێنرێ بۆ دروستكردنی پشێوی و بەڵگە دانە بەدەست ئەو وڵاتانە بۆ زیان گەیاندنیان بەهاووڵاتییان و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان.

هەردوو پارتى هاوپەیمان داوایان لە حكوومەتی عێراق كرد رۆڵی خۆی ببینێ لە كۆتاهێنان بەو هێرش و تۆپبارانانە و داواش لە حكوومەتی هەرێم دەكەن هەموو رێگەیەكی یاسایی و دیبلۆماسی بگرێتەبەر بۆ گێڕانەوەی هێمنی و سەقامگیری و هەروا یارمەتی ئاوارە و زیانلێكەتووان بكات، بەپێی راگەیەنراوەكە."
Top