رەوتى سەدر: بۆردومانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان كارێكى نابەجێیە
شێخ سەلاح عوبێدى گوتیارى رەوتى سەدر بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند بەهەموو شێوەیەك بۆردمانی ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان و خاكی عێراق لەلایەن هەر وڵاتێكەوە بێ رەت دەكەینەوە، ئەوە كارێكى نایاسایى و پێشلێكردنى سەرورەیى عێراقە لەلایەن توركیا و ئێرانەوە.
عوبێدى گوتى پێویستە حكوومەتى عێراق شاندێك رەوانەی ئێران و توركیا بكات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانەدا لەو بارەوە گفتوگۆ بكات و كۆتایی بەو شاڵاوە بێنن و چیتر خەڵكى سیڤیل باجى ئەو بۆردومانانە نەدەن.
هەروەها جەختى كرد \"ئەگەر عێراق لە رێگەى وتووێژەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە نەگاتە ئەنجامێك، ئەوا دەبێ پەنا بۆ چارەسەری نێودەوڵەتی ببات\"".
گۆتیارى رەوتى سەدر هاوكات جەختى لەوە كرد \""نابێ لە خاكی عێراقەوە هێرش بكرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ و دەبێ حكوومەتى عێراق ئەو كێشەیە بەڕێگای دیبلۆماسی لەگەڵ ئێران و توركیادا چارەسەر بكات\"".
پێشتریش عەدنان شەماحى ئەندامى لێژنەى ئاسایش و بەگرى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەسەر لیستى عێراقییە بۆ (ئاكانیوز) گوتى \""داوامان لە سەرۆكایەتیى ئەنجوومەنى نوێنەران كردوە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەسەر بۆردمانی ناوچە سنووریبەكانی هەرێم لەلایەن باڵەفڕە جەنگییەكانی توركیاوە ئەنجام بدات، بەڵام تائێستە وەڵاممان نەدراوتەوە\"".
شەماحى هەڵوێستى بەغداى لەو رووەوە بە هەڵوێستێكى \""زۆر لاواز\"" وەسپ كرد و جەختى لەوەیش كرد \""ئەو دەستدرێژییانەى توركیا و ئێران بۆ سەرناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات\""، ئەو شاڵاوەیشى بە \""پێشێلكردنێكی ئاشكرا\""ی سەرەوەریی خاكی عێراق و تێكدانى ئارامیى ئەو وڵاتە لەقەڵەم دا.
یەكشەمى رابردوو باڵەفڕێكى توركى بۆردمانى ئۆتۆمۆبێلى هاوڵاتیەكى لە گوندى (كورتەك)ى سەر بە شارەدێى سەنگەسەر لە بنارى قەندیل كرد و بەهۆیەوە هەر حەوت سەرنشینەكەى كوژران كە لە یەك خێزان بوون، كە ژنێك و سێ منداڵیان لەنێودا بوو، كە تەمەنى یەكێكیان 6 مانگە، ئەوەیش شەپۆلێكى ناڕەزایى بەرفراوانى لە شەقامى كوردیدا دروست كردووە.
هاوكات دوێنێ سێشەم مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە بەیاننامەیەكدا وێڕاى سەركۆنەكردنى ئەو پەلامارە، داواى كرد توركیا و ئێران رێگەى ئاشتى و دیالۆگ بۆ چارەسەرى كێشەكانیان بگرنە بەر، داوایشى لە پەكەكە و پژاك كرد خاكى هەرێمى كوردستان لەدژى ئەو دوو وڵاتە بەكار نەهێنن و بیانوو نەدەنە دەستیان بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمى كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەمیش بەبەشداریى هەزاران كەس خۆپێشاندانێكى ناڕەزایى بۆبەردەم كونسولأَگەى توركیا لە هەولێر لە شارى هەولێر بەڕێوە چوو."
