یوسف قەرزاوى سەركۆنەی بۆردمانى سنوورەكانى هەرێم دەكات
لە بەیاننامەكەدا بۆردمانە بێ پاساوەكانى ئەو وڵاتانە و كوشتنى گوندنشینان و هاووڵاتییانى سڤیل و ئاشتیخواز بەكارێكى ناشەرعى و دوور لە بەهاى مرۆیى لە قەڵەم داوە بەتایبەت لەم مانگى رەمەزانەدا كە هیچ پاساوێكى بۆ نییە.
\"ئەو كارە بە پێشێلكردنى سەروەریى خاكى عێراق و كوردستان لە قەڵەم دەدین و لە هەمانكاتدا پێچەوانەى پەیماننامە و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانە بۆ پاراستنى مافى دراوسێیەتى و سەروەریى خاكى ئەوانى تر\"" لە بەیاننامەكەدا هاتووە.
یەكەتیى جیهانى زانایانى مسوڵمان داوا لە وڵاتانى دراوسێى عێراق دەكات كە لە جیاتى بۆردمان و پێشێلكردنى سنوورەكان هەوڵ بدەن لە رێگەى گفتوگۆوە چارەسەرى كێشەكانی سنوور بكەن بەجۆرێك كە بەرژەوەندى هەموو لایەكى تێدا پارێزراو بێت.
هەروەها لە بەشێكى ترى بەیاننامەكەدا كە مێژووی دوێنێ سێشەمی بەسەرەوەیە سەركۆنەی تەقینەوەكانى ئەم دوایییەى ناو عێراق دەكرێت و بەكارێكى دوور لە بەهاكانى ئیسلام و مرۆیى لە قەڵەمی داوە."
