سبەی لە سەرتاسەری هەرێم واژۆ دژی بۆردمانەكانی توركیا و ئێران كۆ دەكرێتەوە
عیرفان عەزیز ئەمڕۆ سێشەم لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن كە پەیامنێری ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ئامادەی بوو ڕای گەیاند، ئەو 2 وڵاتە لە ڕۆژە سەختەكان بەكەڵكی ئێمە هاتوون، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوازێكی دوور لە یاسا نێودەوڵەتییەكان هێرش دەكەنە سەر هاووڵاتیانی سڤیلی ئێمە و دەربەدەریان دەكەن، ئێمە بەتوندی ئیدانەی ئەو كارە دەكەین و نیگەرانیی خۆمان ڕادەگەیەنین.
زیاتر گوتی، سبەی چوارشەم لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە شارۆكە و شارەدێیەكانیشەوە لە شاری كەركووكیش خێمە هەڵدەدرێت و دەست دەكرێت بە كۆكردنەوەی واژۆی خەڵك لە دژی بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم لەلایەن ئەو 2 وڵاتەوە، بۆ ماوەی 3 ڕۆژیش واژۆی هاووڵاتیان كۆ دەكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر بەو واژۆیانە بۆردمانەكان نەوەستان، ئەوا نووسینگەكانی ئێمە لە ئەوروپا خۆپێشاندان بۆ بەردەم كونسوڵگەكانی ئێران و توركیا ساز دەكەن، هاوكات ئامادەین بچین لەسەر سنوورەكان جێگیر بین و خۆپیشاندانێكی گەورەش لە سەرتاسەری هەرێم ڕێك دەخەین بۆ ئەوەی تۆپباران بوەستێت.
\"سەرجەم واژۆیەكانی كۆ دەكرێتەوە و دەدرێت بە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر و كونسوڵگەكانی توركیا و ئێران لە هەولێر و نووسینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق\"" عەزیز وای گوت.
جێی ئاماژەیە شەوی رابردوو لە شاری سلێمانی ژمارەیەك هاووڵاتی كە بە 200 خۆپێشاندەر مەزەندە دەكرا و هاوڵاتیی هەر چوار پارچەی كوردستانی تێدا بوو، خۆپێشاندانێكیان دژ بە بۆردمانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیا و ئێرانەوە ساز دا و داوای راگرتنی تۆپبارانەكانیان كرد.
رۆژى 21ی ئەم مانگە باڵەفڕە شەڕوانییەكانی توركیا لە گوندى كورتەكی سەر بە شارەدێی سەنگەسەر/490 كم باكوری رۆهەڵاتی بەغدا/ ئۆتۆمۆبێلێكى مەدەنییان كردە ئامانج و بووە هۆى كوژرانى 7 كەسى خێزانێك كە دەچوون بۆ سەر باخ و رەزەكەیان لەو ناوچەیە.
ساڵانە بەجیا هەریەك لە ئێران بەبیانووى لێدانی بنكە و بارەگاكانی چەكدارانى پارتى ژیانى ئازادى كوردستان (پژاك) و توركیا بەبیانووی لێدانی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، حكوومەتی هەرێم ناڕەزاییی توندی خۆی بەرامبەر ئەو بۆردمانانە دەردەبڕێت، كە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵكەكانیان و زەرە و زیانێكی مادیی زۆریش."
