سەندیکای رۆژنامەنووسان و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دیراسەی پێشنیارەکانی یەکتری دەکەن
ئەنوەر حوسێن، سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند، دوای ئەوەی کە راپۆرتی پێشێلکاریەکانمان کە بەرانبەر رۆژنامەنووسان کراوە دایە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ئەوانیش بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان پێداین بەوەی کە خول و راهێنان بۆ بنکەکانی پۆلیس بکەنەوە و کە لەکاتی خۆپیشاندانەکان و کارەکانی دیکەدا ئاگایان لە رۆژنامەنووسان بێت.
وتیشی: ئەوان لای خۆیانەوە پێیانڕاگەیاندین بۆ جیاکردنەوەی رۆژنامەنووسان لە هاوڵاتیان پێویستە جل و بەرگی تایبەتیان لەبەر بێت و باجیان پێوەبێت، هاوکات وێنە و کارەکانی دیکەی رۆژنامەنووسی بەشێوەی نایاسایی نەگرن و ئەنجام نەدەن.
حوسێن راشیگەیاند، بۆ تاوتوێکردنی هەموو ئەو باسانە بڕیارە دوای جەژنی رەمەزان جارێکی دیکە بەیەکەوە دابنشینەوە و دووبارە راپۆرتی پێشێلکارییەکانیان بۆ بخوێنینەوە و هەردوو لامان لەسەر پێشنیارەکان گوێ لەیەکتری بگرین و دیراسەیان بکەین و بیانخەینە بواری جێبەجێکردن کە خۆی لە پابەندبوونی پۆلیس و رۆژنامەنووسان بەو بڕگانەی لە کۆبوونەوەکە لەسەری رێکدەکەوین دەبینێتەوە، بە پێچەوانەوە هەر کام لا رۆژنامەنووس یان پۆلیس پێچەوانەی رێنماییەکان مامەڵە بکات لێپیچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
