کەنیسەیەکی ئەمریکا نزیکەی 20 ساڵە ئاڵای کوردستانی لەپاڵ ئاڵای ئەمەریکا داناوە
هەموو رۆژانی یەکشەممەیەک بەهەزاران کەس لەئەمەریکییەکان لەنوێژی ئەم کەنیسەیەدا لەشاری ناشڤڵ لە ویلایەتی تینسی ئامادە دەبن و لەناو ئەوانەشدا چەندین سیناتۆر و گەورە بەرپرسی سیاسی و ئیداری ئەمەریکا دەبینرێت.
لەمیانەی پێشوازیکردنی لەشاندێکی هەرێمی کوردستان قەشە مێک سەرپەرشتیاری کەنیسەکە رایگەیاند: لەساڵی 1991ـەوە دوای ئەوەی کۆڕەوی گەلی کوردم لەشاشەکانی تەلەفزیۆنەوە بینی بڕیارماندا تیمێک لەهەڵسوڕاوانی کەنیسەکەمان بنێرین بۆ ناوچەکە و هاوکاری مرۆییمان بۆ ئەو کەسانە دەستپێکرد کە ئاوارەی سنورەکانی تورکیا ببوون، هەر لەو کاتەوەش بڕیارماندا ئاڵای کوردستان لەگەڵ ئاڵای ئەمەریکا لەکەنیسەکەماندا دابنێین و هەتا ئێستاش ئەو ئاڵایە ماوە و بۆ هەتا هەتایە لاینابەین.
قەشە مێک وتیشی: دەمەوێ لەنوێژی کەنیسەکەمدا باس لەبۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا و تۆپخانەکانی ئێران بۆ ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەم و دوعای سەلامەتی و ئاشتی بۆ گەلی کورد و ئەو هاوڵاتییە کوردە مەدەنییانە بکەین کە بەهۆی ئەم تۆپباران و بۆردومانانە بوونەتە قوربانی.
هەروەها وتی: بڕیارمداوە هەموو ئەو سیاسییانەی کە هاتوچۆی کەنیسەکەمان دەکەن لەو بۆردومانە ناڕەوایانە ئاگاداربکەم.
