سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌قینه‌وه‌كه‌ی نزیك شارۆچكه‌ی چه‌لێ له توركیا به توندی ئیدانه ده‌كات
ئێمه له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م دۆخی شه‌ڕ و ههڵایساندنهی مه‌یلی توندوتیژیی به گشتی و ته‌قینه‌وه‌كه‌ی نزیك شارۆچكه‌ی چه‌لێ به توندی ئیدانه و مه‌حكووم ده‌كه‌ین و بڕوامان وایه كه جه‌نگ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداریی و بۆمباران بێجگه له‌وه‌ی ماڵوێرانیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و خزمه‌ت به هیچ لایه‌ك ناكات، هاوكات كێشه‌كان زیاتر قووڵ ده‌كاته‌وه و زیان به ره‌وتی ئاشته‌واییش ده‌گه‌یه‌نێ.
بۆیه خوازیارین كه شه‌ڕ و توندوتیژیی وه‌لابنرێ و روو له گفتوگۆ و دایه‌لۆگ بكرێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕ و نانه‌وه‌ی رووداوی له‌مجۆره هه‌موو هه‌وڵ و ده‌رفه‌ته‌كانی چاره‌سه‌ریی ئاشتییانه له‌بار ده‌بات.
