تۆپخانەكانى ئێران و توركیا بە چڕى بۆردمانى سنوورى شارەدێی سیدەكان دەكەن
محەمەد حوسێن بەرپرسى یەكەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە سیدەكان بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"شەوى رابردوو سات 21:45 جارێكی تر تۆپخانەكانى ئێران و توركیا بەچڕى بۆردمانى ناوچەكانى (زنجیرە چیاى بەربزین، دۆڵى تەوەن، دۆڵى خاتوون، گەرووى سینگا، سەرى هاجەر، بێركمە، لێڕى ئاڵان، گردخیوەت، خۆشكا، پشتى گوندى هێردن) كردەوە و بەو هۆیەوە ئاگرێكى گەورە لە دۆڵى شێوەن كەوتووەتەوە\"".
زیاتر گوتى \""ئەو شوێنانەى بۆردمان كراون، زۆر نێزیكن لە ناوەندى شارەدێى سیدەكان، تەنیا 4 كم دوورە، ئێستە ئەو ماڵانەى لە كوێستانى گوندى بەربزینن لەبەر بۆردمانەكە بار دەكەن، بەڵام زیانەكانى بۆردمان جارىَ نەزانراون\"".
ئێران و توركیا بەبیانووى هەبوونى چەكدارانى پارتى كرێكارانى كوردستان (پ.ك.ك) و پارتى ژیانى ئازادی كوردستان (پژاك) ناوچە سنوورییەكان بەتۆپ و باڵەفڕی شەڕوان بۆردمان دەكەن و تا ئێستە زیانى گیانى و مایەكى زۆریان بەناوچەكە گەیاندووە، سەرەڕاى ئاوارەبوونى دەیان ماڵبات.
سیدەكان دەكەوێتە باكوری رۆهەڵاتی هەولێر/ 350 كم باكوری بەغدا/، بەپێی ئامارێكی رەسمی قایمقامیەتی شارۆكەی سۆران، شارەدێی سیدەكان لە 254 گوند پێك هاتووە، 113 گوند تا ئێستە ئاوەدان نەكراونەتەوە، 10 هەزار و 59 كەس لە ناوەندی شارەدێی سیدەكاندا دەژین."
