سوپای پاسداران داوا لە خەڵكی كوردستان دەكا خۆیان لەگەڵ پژاك یەكلا بكەنەوە
حەمید ئەحمەدی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی بەربڵاوی رۆژنامەوانیدا لە تاران گوتی، بەپێی پلانێكی تۆكمە شەڕمان دژی پژاك دەست پێ كردووە كە بەهۆكاری سەرەكیی ئاڵۆزیی تەناهی لە ناوچەكانی باكوری عێراق دادەنرێن، ئەمساڵ بڕیاری شەڕی رژدی دژی پژاك دراوە، ئاژانسی (ئیسنا)ی رەسمیی ئێرانی گواستییەوە.
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئاماژەى كرد، \"چاوەڕوانیمان ئەوەیە، خەڵكی كوردستانی عێراق خۆیان لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەكان یەكلا بكەنەوە و ئەو تیرۆریستانە لە خۆیان دوور بكەنەوە\"".
لەبارەى زیانەكانی ئەو شەڕەوە، ئەحمەدی گوتی \""ناو 40 تا 50 كوژراوی چەكدارانی پژاكمان لە بەردەستدایە، بەڵام لایەنی پژاك ئەو ژمارەیە كەمتر باس دەكا\""، هەروەها گوتی، \""هێزەكانی پژاك زیاتر لە 75%یان هاووڵاتییانی سووریا، توركیا و عێراقن و ئێرانی نین\"".
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئاخۆ ئەمەریكا بۆ پاراستنی عێراق تێكەڵ بەو شەڕە دەبێ، ئەحمەدی گوتی، \""پێویستە تا كۆتای ئەمساڵ ئەمەریكا لە عێراق دەربچێ و باشتر وایە خۆی ماندوو نەكا، چونكە خەڵكی عێراق توانای پاراستنی خۆی هەیە\"".
هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە 16ی مانگی رابردووەوە (تەمووز/یۆلیۆ) بەهێزێكی بەربڵاو كە بە 20 هەزار سەرباز لە هەموو ئێرانەوە دەخەمڵێنرێ، بەناوی لێدانی چەكدارانی پژاك بەتۆپ و هێزی ئاسمانییەوە هێرشیان كردووەتە سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێم، تا ئێستە باس لە كوژرانی زیاتر لە 150 كەس لە هەردوو لایەنی شەڕەكە دەكرێ، جگە لە ئاوارەبوونی سەدان ماڵبات لە بناری قەندیل. "
