حكومه‌تی هه‌رێم دیپلۆماتكاران و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی له ره‌وشی ناله‌باری كورده‌كانی ناوچه دابڕێندراوه‌كان ئاگادار ده‌كاته‌وه
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه كاروان جه‌مال جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت ئاماده‌بوو، فه‌لاح مسته‌فا سوپاسی به‌شداربوونی هه‌موو لایه‌كی كرد و پیرۆزبایی له هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان كونسوڵی گشتی ئه‌ڵمانیاو به‌رپرسی نووسینگه‌ی كونسوڵگه‌ری ئیتاڵیا و به‌رپرسی نووسینگه‌ی یۆنامی له هه‌رێم و به‌رپرسی نێرده‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ سه‌روه‌ری یاسا كرد به بۆنه‌ی تازه ده‌ستبه‌كاربوونیان له هه‌رێم، هه‌روا ده‌ستخۆشی لێ‌كردن بۆ ئه‌و كار‌و چالاكیانه‌ی له هه‌رێم ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ئینجا ئاماژه‌ی به ئامانجی ئه‌و كۆبوونه‌یه كرد كه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌خوازێ به‌وردی بارودۆخی ناوچه دابڕێندراوه‌كان به‌تایبه‌ت له جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌و قه‌ره‌ته‌په‌و مه‌نده‌لی بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی باس بكات و بێده‌نگی حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌به‌رامبه‌ر تیرۆركردن و ده‌ركردنی كورده‌كانی دانیشتووی ئه‌وناوچانه‌و ده‌ستپێكردنی شێوازێكی تازه‌ی سیاسه‌تی به عه‌ره‌بكردن به جیهان بگه‌یه‌نێ.
به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت باسی له قۆناغه‌كانی ته‌عریبی ئه‌وناوچانه كرد له سه‌رده‌می رژێمه‌كانی پێشووی عیراق وه‌ك سیاسه‌تێكی هه‌میشه‌یی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد له‌و ناوچانه په‌یڕه‌وكراوه. له‌مباره‌یه‌وه باسی له هه‌موو ئه‌و تاوانانه كرد كه رژێمی سه‌ددام به‌ر له‌رووخانی له‌و ناوچانه‌و له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێم ئه‌نجامی ده‌دا. دواتر به داتا پوخته‌ی گۆڕانكاریه‌كانی خسته‌ڕوو.
به‌ڕێزیان گووتی دوای ئازاد كردنی عیراق له ساڵی 2003 ئاماری تیرۆركردن و ده‌ركردنی خێزانه كورده‌كان له‌و ناوچانه له هه‌ڵكشانی به‌رده‌وامدایه‌و زۆر مه‌ترسیداربووه، به شێوه‌یه‌ك كه ناكرێ هیچ لایه‌ك لێی بێده‌نگ بین. له‌م رووه‌وه گووتی تا ئێستا 640 هاوڵاتی به شێوازی جۆراوجۆر له‌لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه شه‌هید كراون و 1377 خێزانی كوردیش به‌هۆی ترس و تۆقاندن زێدی باب و باپیرانیان جێهێشتووه‌و ئێستا له كه‌لارو ده‌ربه‌ندیخان نیشته‌جێ بوونه.
هه‌روا گووتی له به‌رامبه‌ر ده‌ركردن و ئاواره‌كردنی ئه‌و خێزانه كوردانه ته‌نها له جه‌له‌ولا 4300 خێزانی عه‌ره‌ب نیشته‌جێ كراون كه 3500 خێزانی عه‌ره‌ب له 2003 تا 2008 هاتوون و 800 خێزانی دیكه‌ش دوای هاتنی هێزه‌كانی بشائر الخیر له 26/8/2008 له جه‌له‌ولا نیشته‌جێ بوونه.
هاوكات جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێم كرده‌وه كه هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ ئاشتی و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌و پابه‌ند بوونه به ده‌ستوورو رێكه‌وتنه‌كان. له‌م رووه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ند بوونی حكومه‌تی هه‌رێم به رێكه‌وتنه سێ قۆڵی و ناوچه‌ی ئه‌منی هاوبه‌ش له ناوچه دابڕێندراوه‌كان كرده‌وه. به‌ڕێزیان گووتی له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و رێكه‌وتننامانه به داخه‌وه ده‌بینین لایه‌نی عیراق یه‌ك لایه‌نه هێزی زیاتری هێناوه‌و تاكڕه‌وانه كرده‌ی سه‌ربازی له‌و ناوچانه ئه‌نجام ده‌دات به‌بێ گوێدانه رێكه‌وتنه‌كان.
له‌به‌رده‌م دیپلۆماتكاران فه‌لاح مسته‌فا تێڕوانینی حكومه‌تی هه‌رێمی له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه مه‌ترسیداره خسته‌ڕوو و گووتی حكومه‌تی هه‌رێم داوای چاره‌سه‌ری به په‌له‌ی ئه‌م كێشه‌و ئاڵۆزیانه ده‌كات ئه‌ویش به ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی وه‌زاری باڵا و كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی كاری باڵای هاوبه‌ش له نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵ و فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عیراق. چونكه به‌رده‌وام بوونی ئه‌م بارودۆخه مه‌ترسی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه.
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه سه‌ر به‌رده‌وامی تۆپبارانكردنی ناوچه سنووریه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه. له‌م باره‌یه‌وه به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت جه‌ختی له‌سه‌ر راگرتنی ئه‌و تۆپبارانكردنانه كرده‌وه‌و گووتی ئه‌م تۆپبارانكردنه جگه له دروستكردنی بارێكی گرژ و ئاڵۆز‌و شه‌هید كردن و بریندار كردنی هاوڵاتیان و ئاواره‌بوونیان هیچ ئاكامێكی دیكه‌ی نابێت. هاوكات سوپاسی ئاژانسه‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی كرد بۆ هاوكاری كردنی لێقه‌وماوان. له‌م رووه‌وه ئاماری خێزانه ئاواره‌بوو و شه‌هید و برینداره‌كانی خسته‌ڕوو.
هه‌روا گووتی ئه‌م تۆپبارانكردنه پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عیراقه‌و داواده‌كه‌ین كه حكومه‌تی عیراق هه‌وڵی جددی بدات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه، هاوكات گووتی ئێمه وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ندین به پره‌نسیپی دراوسێیه‌تی باش و رێزگرتن له سه‌روه‌ری یه‌كتری.
پاشان باس له ره‌وشی ئه‌مڕۆی سیاسی عیراق و دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌كان كرا له‌ڕووی پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته ئه‌منیه‌كان و پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی بۆ سیاسه‌ته ستراتیژیه‌كان. له كۆتاییشدا باس له پرسی ئه‌گه‌ری مانه‌وه یان جێهێشتنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عیراق كرا، سه‌باره‌ت به هه‌ردوو ته‌وه‌ر به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت سیاسه‌ت و بۆچوونی سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو. هاوكات به‌ڕێزیان باسی له ره‌وشی ئارامی هه‌رێمی كوردستان و سترتیژیه‌تی چاكسازی كرد كه ئێستا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، سوور بوونی سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی له پێناو به دامه‌زراوه‌یی كردن و بونیادنانی به‌رنامه‌یه‌كی درێژخایه‌ن بۆ داهاتووی كۆمه‌ڵگاكه‌مان دووپاتكرده‌وه.
دواتر هه‌ر یه‌ك له كونسوڵی گشتی ئه‌ڵمانیا و به‌رپرسی نووسینگه‌ی كونسوڵگه‌ری ئیتاڵیا و به‌رپرسی یۆنامی له هه‌رێم خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئه‌و كۆبوونه‌یه نیشاندا و سوپاسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تیان كرد بۆ ره‌خساندنی ئه‌م ده‌رفه‌ته.
له به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دیپۆماتكاران و ئاماده‌بووان چه‌ندین پرسیار‌و سه‌رنج و تێبینیان سه‌باره‌ت به ره‌وشی ئه‌مڕۆی هه‌رێم و عیراق و چۆنیه‌تی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌و وڵاتانه له‌گه‌ڵ هه‌رێم خسته‌ڕوو. ئه‌مه‌و فه‌لاح مسته‌فا وه‌ڵامی یه‌كه یه‌كه‌ی پرسیاری ئاماده‌بووانی دایه‌وه.
