به‌ریتانیا له‌بوارى ژنان و ئافره‌تان هاوكارى وه‌زاره‌تى كار ده‌كات و ستایشى هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كات له‌م بواره‌دا

به‌ریتانیا له‌بوارى ژنان و ئافره‌تان هاوكارى وه‌زاره‌تى كار ده‌كات و ستایشى هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كات له‌م بواره‌دا
بۆ خستنه‌رِووى ره‌وشى ژنان و ئافره‌تان له‌هه‌رێمى كوردستان و هاوكاریكردنى وه‌زاره‌تى كارو كاروبارى كۆمه‌لاَیه‌تى. ئه‌مرِۆ 7/3/2011 (ئاسۆس نه‌جیب عه‌بدولاَ) وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌لاَیه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌شارى هه‌ولێر پێشوازیكرد له‌(بێڤێرلى سیمپۆس) جێگرى كونسوڵى به‌ریتانیا له‌هه‌رێمى كوردستان و (هارید ئۆستن) شاره‌زا له‌بوارى ئافره‌تان و ژنان له‌به‌ریتانیا.

له‌دیدارێكدا وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌لاَیه‌تى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ گرنگى دان به‌ژنان و ئافره‌تان له‌هه‌رێمى كوردستان و پاراستن و به‌هێزكردنى پێگه‌ى ژن له‌كایه‌ جۆراو جۆره‌كانى حوكمرِانیدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێم و دامه‌زراوه‌كانیه‌وه‌ بایه‌خى به‌رچاوى پێدراوه‌.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ جێگرى كونسوڵى به‌ریتانیا ستایشى هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد له‌بوارى ژناندا و برِیاریشیدا له‌بوارى ئافره‌تاندا هاوكارى وه‌زاره‌تى كار بكات و پرۆژه‌و به‌رنامه‌ى گرنگ و پێویست بۆ باشكردنى رِه‌وشى ژنان له‌هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش بكات.

هه‌روه‌ك ئاماژه‌شى به‌ره‌وشى شه‌ڵته‌ره‌كانى ژنان كرد له‌كوردستان و بۆ ئه‌مه‌ش هاوكارى خۆی و ولاَته‌كه‌ی بۆ پێشخستنى شه‌ڵته‌ره‌كان و ره‌وشى ژنان و ئافره‌تان دوپاتكرده‌وه‌. له‌ته‌وه‌رێكى ترى دیداره‌كه‌دا (ئاسۆس نه‌جیب) ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌وه‌زاره‌تى كارو كاروبارى كۆمه‌لاَیه‌تى هه‌م له‌رِێگه‌ى شه‌ڵته‌ره‌كان و له‌رێگاى پرۆژه‌و به‌رنامه‌كانى تایبه‌ت به‌ژنان و مندالاَن كار بۆ نه‌مانى توندوتیژى و پاراستنى مافه‌كانى چین و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگا ده‌كات و له‌و پێناوه‌شدا شه‌ڵته‌ره‌كانى ژنان شوێنێكن بۆ ئه‌و ژنانه‌ى رووبه‌رووى هه‌ره‌شه‌و توندوتیژى بونه‌ته‌وه‌ و گیانیان ده‌پارێزرێت. هه‌روه‌ك له‌رِێگاى شاره‌زان و توێژه‌رانى كۆمه‌لاَیه‌تیشه‌وه‌ خولى هۆشیارى و كۆمه‌لاَیه‌تیان بۆ ده‌كرێته‌وه‌.
Top