سبەى پەرلەمانى كوردستان دوا بڕیار لەبارەى میكانیزمی جێبەجێكردنى بڕیارە 17 خاڵییەكە دەدات
لە دووەم كۆبوونەوەى نائاساییی خولی سێیەمى پەرلەمانى كوردستاندا كە زیاتر لە 12 سەعاتى خایاند سەرەتای دانیشتنەكە، سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری خوێندەوە، كە برێتی بوو لەبەردەوامبوون لەسەر خستنەڕو و گفتوگۆكردنی راپۆرتی لێژنەی تایبەت كە بەپێی بڕگەی 17ی بریاری پەرلەمان ژمارە 1ی ساڵی 2011 پێك هێنراوە بۆ بەدواداچوون و گوێگرتن لەداخوازیی خۆپێشاندەران و خاڵەكەی تریش تایبەت بوو بەباری كەركووك و شوێنە كوردستانییە دابڕاوە كێشە لەسەرەكان، ماڵپەڕى سەرۆكایەتیی پەرلەمان گواستییەوە.
دواتر لەچوارچێوەی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كاردا، پەرلەمانتاران بەردەوامبوون لەسەر خستنەڕووی بۆچوونی خۆیان لەبارەی داخوازیی خۆپێشاندەران و راپۆرتی لێژنە تایبەتییەكەی پەرلەمان.
پاشان سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەردوو لێژنەی یاسایی و لێژنە تایبەتییەكەی راسپارد لێكۆڵینەوەی ورد لە داخوازییەكانی خۆپێشاندەران و تێبینی و بۆچوونەكانی پەرلەمانتاران و راپۆرتی لێژنە تایبەتییەكە و چۆنیەتیی دۆزینەوەی میكانیزمی جێبەجێكردنی بڕیارە 17خاڵییەكە بكەن و پوختی بكەنەوە لەراپۆرتێكدا تا دواتر لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان گفتوگۆی لەسەر بكەن پاشان لە دانیشتنی داهاتوو رۆژی یەكشەمدا بخرێتەروو بۆ بریار لەسەردانی.
پەرلەمانى كوردستان لە 24ى ئەم مانگەدا لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا بڕیارى دا لێژنەیەك بەناوى لێژنەى تایبەتى بەدواداچوونى كێشە و دواكارییەكانى خۆپێشاندەرانی شاری سلێمانى پێك بێنێ كە پێك هاتووە لە سەباح شێخ محمەد (كۆمەڵی ئیسلامى) سەرۆكی لێژنە و ئەندامیەتی هەریەك لە، محەمەد سەعید حەمە عەلی (یەكگرتوو)، بەفرین حوسێن خەلیفە (سۆسیالیست)، شێردل تەحسین (توركمان)، گۆران ئازاد و عومەر نوردەینی (كوردستانى)، ئاشتی عزیز و رێباز فەتاح (گۆڕان)، ئەحمەد وەرتی (بزووتنەوەى ئیسلامى)، سائر عەبدولئەحەد (كۆتاى مەسیحی).
-ئاكانيوز
