كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاش كۆبوونەوەی لووتكەی سەركردە عیڕاقیەكان
بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وردەكارییەكانی ئەم كۆبوونەوەیەی زیاتر بۆ ڕۆژنامەنووسان خستەڕوو نیشانیدا لەم كۆبوونەوەیەدا بەربەستی دەروونی بەیەكجاری شكێنراو سەركردەكان توانییان بەرەوڕوو هەموو گرفتەكان لەگەڵ یەكتردا باس بكەن.
كۆبوونەوەیەكی مێژویی
لەبەرایی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیشانیدا ئەو دانیشتنەی هەولێر لەخۆیدا سەركەوتن ودەستكەوتێكە بۆ هەموو ئێراق ، سەرۆك بارزانی گوتی:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەخێربێن هەموو لایەكتان،
بەڕێزان، كۆبوونەوەی سەركردە ئێراقییەكان ئەمڕۆ لەهەولێر دەستكەوتێكی گەورەیەو سەركەوتنێكە نەك تەنها بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ ئێراق وهەموو ئێراقییان، لێرەدا دەمەوێ سوپاس وڕێزی خۆم بۆ برایان وهاوكارانم، سەركردە سیاسییەكانی ئێراق تۆماربكەم كە هاتنە هەولێر بۆ بەشداریكردن لەیەكەمین كۆبوونەوەی لەمجۆرە كە سەركردەكانی ئێراق هەموویان بگرێتەخۆ دوای هەڵبژاردنی ئاداری ڕابردوو، ئەو كۆبوونەوەیەش لەخۆیدا دەستكەوتە ولەسەر بەردەوامبوونی كۆبوونەوەكان لەبەغدا ڕێككەوتین ولەماوەی ئەو دوو ڕۆژەی دادێدا بەر لەئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان كۆبوونەوەی چڕ وبەردەوام ئەنجامدەدرێ، هەروەها لەگەڵ سەركردەكان لەبارەی خشتەی كارەكانی ئایندەمان ڕێككەوتین وهیوادارین هەموو ئەرك وكاری خێرخوازان بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی دەمێكە چاوەڕوانین چارەسەر بكرێت سەركەوتوو بێت.
من لێرەدا سوپاس وڕێزی خۆم ئاراستەی گەلی ئێراق دەكەم بۆ سەبووری وئارامگرتنیان.
كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەبەغدا
لەوەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی هەبوونی ڕاو هەڵوێستی جیاواز دەربارەی كۆبوونەوەكانی لایەنە سیاسییەكان و ئەنجامەكانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیشانیدا لەكۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ئایندەدا هەموو ئەو پرسانەی ماونەتەوە بەتەواوی باسی لێوە دەكرێت وگوتی: لەمیانەی كۆبوونەوەكانی سبەو دووسبەی هەموو ئەوانەی ماونەتەوە باسیان لێوەدەكرێت وهیوادارین بگەینە ئەنجامی ویستراو، ڕاستە ڕای جیاواز لەبارەی زۆر مەسەلەوە هەبوون، بەڵام هەموو لایەك لەبارەی خشتەی كارەكانەوە ڕێككەوتووین و هیچ یەك لەهەڵوێستەكان هاودژ نین.
هەڕەشەی بایكۆتكردنی كۆبوونەوەی بەغدا
چەند لایەنێكی ئێراقی هەڕەشەی ئەوەیان كردبوو لەكۆبوونەوەی بەغدا بەشداری نەكەن ئەگەر بێت و داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكرێت، لەمبارەیەوە سەرۆك بارزانی هیوای خواست هەموو لایەنە ئێراقییەكان بەشداریی تیادا بكەن و هیچ لایەنێك بایكۆتی نەكات وگوتی: ئومێدەوارم هەموولایەنەكان لەكۆبوونەوەكانی داهاتوودا بەشداربن وهەر كەسێك ئازادە چۆن ڕاوبۆچوونی خۆی دەردەبڕێت، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان كەشوهەوایەكی زۆر ئیجابی بوو هیچ شتێكی واش نەبوو جێی مەترسی بێت و هیوادارم ئەو كەشوهەوایە لەكۆبوونەوەكانی ئایندەدا بەردەوام بێت.
كورد نەتەوەی سەرەكی دووەمە
سەرۆكی كوردستان جارێكی دیكە دووپاتیكردەوە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار لەلایەن كوردەوە ئیستیحقاقێكی نەتەوەییە چونكە كورد نەتەوەی دووەمی ئێراقەو مافی خۆشیەتی ئەم پۆستە وەربگرێتەوە و گوتی : ئێمە ڕێز لەهەموو دیدو بۆچوونەكانی هەموولایەك دەگرین بەڵام پێویستە ڕوون ودیاربێت ئێراق لەدوو نەتەوەی سەرەكی پێكهاتووەو ئەمەش لەوەتەی دامەزراندنی ئێراقەوە لەدەستووردا هاتووەو لەدەستووری دوای 14ی تەممووز ودوای ڕێككەوتنی ئاداری 1970 ئاماژەی پێكراوە، پێویستە هەموولایەكیش لەوڕاستییە تێبگەن. كوتلەی كوردستانی تەنها نوێنەرایەتیی حزب ولایەنە سیاسییەكانی كوردستان ناكات بەڵكو نوێنەرایەتیی نەتەوەی دووەمی ئێراق دەكات وئەوەی كورد داوای دەكات ئیستیحقاقێكی نەتەوەییە نەك ئیستیحقاقی هەڵبژاردن.
كەس گوشار لەسەر كورد ناكات
لەبارەی هەبوونی ئەو گوشارانەی گوایە بەمەبەستی وازهێنانی كورد لەپۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی بەڕێز مام جەلال وازی لەداواكردنی ئەم پۆستە هێناوەو پرسەكەی بۆ لیستە كوردستانییەكان جێهێشتووە بەتایبەتی دوای سەردانی ئەحمەد داوود ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی توركیا كە خۆی داوای لەكورد كردبێت واز لەم پۆستە بهێنن، سەرۆكی كوردستان نیشانیدا ڕاوبۆچوونی وا هەن كورد واز لەوپۆستە بهێنێت بەڵام ئەمە پەیوەندیی بەشەقامی كوردستانەوە هەیە نەك بڕیاری تاكەكەس وگوتی:هەندێ بۆچوونی وا هەن لەلایەنی دەرەوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی پۆستە سیادییەكان بەڵام بەتەسەوری ئێمە وانییە ودووپاتیدەكەمەوە ئەمە ئیستیحقاقێكی نەتەوەییەو پەیوەندیی بەپەرلەمانی كوردستان وشەقامی كوردییەوە هەیەو بڕیاری یەك كەس نییە و هیچ كەسێك گوشار لەسەر كورد ناكات بەڵام ڕای جیاواز هەن وئەم پرسەش بەهیچ شێوەیەك لەكۆبوونەوەی نێوان ئێمەو وەزیری دەرەوەی توركیا باس نەكراوە.
دەستپێشخەرییەكی نیشتیمانی
سەرۆكی كوردستان هیوای خواست ئەو دەستپێشخەرییە سەربكەوێت چونكە دەستپێشخەرییەكی ئێراقیی نیشتیمانییەو گوتی: هیوادارین ئەم دەستپێشخەرییە نیشتیمانییە سەربكەوێت كەلەسۆنگەی هەستكردن دێت بەبەرپرسیارێتی بەرامبەر بەئێراق وچارەنووسی هاوبەشی كوردو عەرەب لەئێراق و بەرژەوەندیی هاوبەش بۆیە پێم باشە بەپلەیەك جەخت لەسەر دەستپێشخەرییە ئێراقییەكان بكەین وسوپاسی هەموو دەستپێشخەرییەكانی دیكە دەكەین كەبۆ یارمەتیی ئێراقە بەتایبەتی لەلایەن شانشینی عەرەبیی سعوودی بەڵام پێویستە هەموو شتێك لەئێراق جێبەجێ بكرێ، لەوانەیە دەستپێشخەریی سعوودی یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەك بۆ ئاشتەوایی هاوبەش وببێتە هۆی ئەنجامدانی كۆنگرەیەك بۆ ئاشتەوایی هاوبەش.
سەركەوتنێكی گرنگ
سەرۆكی كوردستان دووپاتیكردەوە دانیشتن وكۆبوونەوەی ئەم سەركردانە لەخۆیدا سەركەوتنێكە بۆ ئێراق وهەنگاوێكی گرنگە بۆ ئایندە وگوتی: لەخۆیدا گرێدانی ئەم كۆبوونەوەیە گرنگ بوو بۆ هەموولایەك ودەستكەوتێكی گرنگەو هەنگاوێكە بەرەو پێشەوە لەدوای هەڵبژرادنیشەوە تاوەكو ئێستا كۆبوونەوەی لەمجۆرە ئەنجام نەدراون، لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا كۆبوونەوەكان دووقۆڵی یان سێ قۆڵی بوون وتائێستا هیچ كۆبوونەوەیەكی وا ئەنجام نەدراوە، ئەو كۆبوونەوەیە هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ زۆر شت لەئایندە.
سیاسەت قەناعەتە
ئەگەری كشانەوەی هێزێك یان لیستێك لەپرۆسەی سیاسی ئێراق و وەرگرتنی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی لەلایەن لیستی (العراقیە)وە بەڕوونی لەلێدوانەكانی سەركردەكانی ئەم لیستەوە ڕەنگی دایەوە، لەمبارەیەوە سەرۆكی كوردستان نیشانیدا پرۆسەی سیاسیی بەقەناعەتەوە ئەنجامدەدرێت وهەر كەسێك ئازادە لەوەی چۆن بەشداریی پرۆسەی سیاسی دەكات بەڵام بارودۆخی وڵات دەخوازێ هەموولایەك بەشداری لەم پرۆسەیەدا بكەن، سەرۆك بارزانی گوتی:كاری سیاسی دەبێ بەقەناعەتەوە بێت بەڵام پێویستە بەرژەوەندیی باڵای وڵات لەبەرچاوی هەموولایەكدا بێت،دەكرێ هەر لایەنێك ببێتە ئۆپۆزیسیۆنیش، بەڵام ئێستاو بۆ ماوەیەكی دیكەش پێویستە هەموولایەنەكان بەیەكەوەبن ئەگینا لەوە باشتر وخۆشتر نییە هەندێك حوكم بكەن وهەندێكی دیكەش لەئۆپۆزیسیۆن دابن.
گەشبینی بەئەنجامەكانی كۆبوونەوە
سەرۆكی كوردستان دووپاتیكردەوە كەشو هەوای كۆبوونەوە لەڕادەبەدەر ئیجابی بوو كە هیوای بەهەموو لایەك بەخشی بۆ كۆبوونەوەكانی ئایندەو گوتی: بەڕاستی كەشوهەوای كۆبوونەوەكە لەڕادەبەدەر ئیجابی بوو ئەگەر ئەو دیدارانەش بەم كەشوهەوا ئیجابییە بەردەوامبوو من بەوە گەشبینم كە حكوومەت لەكاتێكی نزیكدا پێكدێت.
ڕێزمان بۆ نەتەوەی توركمان هەیە
لەكاتێكدا هەموو ڕژێمێكی داپلۆسێنەر هەڕەشەی جیدیی بۆ سەر هەرێمی كوردستان وئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا هەبوو ڕێزی بۆ هیچ نەتەوەو پێكهاتەیەك نەبوو، سەرۆك بارزانی یەكەم كەس بوو بەكارهێنانی دەستەواژەی كەمینەی بۆ پێكهاتەی توركمان وئاشووری وكلدان ڕەتكردەوە، سەرۆكی كوردستان لەمبارەیەوە گوتی: ئێراق لەدوو نەتەوەی سەرەكی عەرەب و كورد پێكدێت شان بەشانی نەتەوەی دیكەی برا، بەڵام هەردوو نەتەوەی عەرەب و كورد دوو نەتەوەی سەرەكین، نەتەوەی توركمان دانی پێدانراوەو ئێمە هەوڵی زۆرمان بۆ ئەوەدا ئەو نەتەوەیە وبرایانی ئاشووری وكلدانی وسریان بەمافی دەستووریی خۆیان شادبن وئێمەش پاڵپشتیی مافەكانیان دەكەین.
