بۆ بەشداربوون لە كۆنگرەی هاوپەیمانە دیموكراتەكان سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرەو رۆما بە رێ كەوت
ئەمەو چاوەڕێ دەكرێ سەرۆك بارزانی لە وتەكەیدا باس لە گرنگیی هەوڵ وكۆششی سەرجەم هێز ولایەنە دیموكراتەكانی جیهان بكات لە پێناو مسۆگەركردنی ئاسایش و ئۆقرەیی وبڵاوكردنەوەی گیانی لێبوردەیی لە كۆمەڵگاكانیان، هەروەها ئازادی و هەماهەنگیش بكەنە دوو پێگەی بنچینەیی بۆ ریشەكێشكردنی هەموو جۆرەكانی توندوتیژی و توندڕۆیی.
سەرۆك بارزانی لە وتەكەیدا رۆشنایی دەخاتە سەر زەروورەتی بەشداریپێكردنی تێكڕای پێكهاتەكان لە دەستنیشانكردنی فۆرم و هەیكەلییەتی حكوومەتی عێراقی داهاتوو لە پێناو بنیاتنانی پردی متمانە لە نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگا، هەڵبەت ئەویش بە رێگای چەسپاندنی میكانیزمەكانی بەشداربوون لە پرۆسەی سیاسیدا.
سەرۆكی هەرێم لەو وتەیەیدا هەڵوێستی هەرێمی كوردستانیش سەبارەت بە حكوومەتی داهاتووی عێراق دەخاتە روو كە بەشداریكردنە لەهەر حكوومەتێك بە دەستوورەوە پابەند بێت و بە تەوافوق لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكاندا كار بكات.
شایانی باسە كە سەرۆك بارزانی لە میانی كۆنگرەكەدا چاوی بە ژمارەیەك شاند و كەسایەتی بەشداربوو دەكەوێت و هەروەها دیدارو چاوپێكەوتنی فەرمییشی لەگەڵ چەندین لێپرسراوانی ئیتاڵی دەبێت.
لەم سەردانەدا ژمارەیەك لێپرسراوانی ئیداری و حزبی و راوێژكار یاوەریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن.
