مەرجی ئەمریكا بۆ بەشداری لە شەڕی دژی داعش دوور خستنەوەی نوری مالیكی بوو لە حكومرانی

مەرجی ئەمریكا بۆ بەشداری لە شەڕی دژی داعش دوور خستنەوەی نوری  مالیكی بوو لە حكومرانی
كاتێك لە 10ی حوزەیرانی 2014 موسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیركرا، ئەمریكا و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بێدەنگیان هەڵبژارد، سەبارەت بەم بێدەنگیە پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەوكاتەی كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو ئەمریكاو كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی ئەم هەڵوێستەیان وەرگرت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارە فیلیپ .ئێچ گۆردن كە ئەوكات راویژكاری تایبەتی سەرۆك ئۆباما و رێكخەری سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست و كەنداوبووە، لە
تازەترین لێدوانیدا كە رۆژی 26ی ئۆكتۆبەر لەمیانەی دیمانەیەكدا لەگەڵ ئامۆژگای پەیوەندیەكانی دەرەوە ئاماژەی پیكردووە، دەڵێێت:
1- سەرۆك ئۆباما نەیدەویست راستەوخۆ بەشداری شەڕی دژی داعش بكات لە كاتیكدا حكومەتەكەی مالیكی بەرپرسیاری سەرەكی ئەو كارەساتەیە كە لە عێراق روویداوە. هەربۆیە ئەگەر ئەمریكا پشتگیری مالیكی بكردایە ئاكامی پێچەوانەی لێدەكەوتەوە.
2- ئیدارەی ئەمریكا كەوتنی موسڵی وەك ئاكامی شەڕی نێوان حكومەتێكی دیموكراتی و ریكخراوی تیرۆریستی داعش سەیر نەكرد، بەڵكو وەك شەڕی ناوخۆی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سونە سەیر كرد، بۆیە بڕیاریدا خۆی لەشەڕی ناوخۆی نێوان عەرەبی شیعەو عەرەبی سونە بەدوور بگرێت.
ئەم دووخاڵەی فلیپ گۆردن ئاماژەی پێكردوون، شرۆڤەی باردۆخێك نیە، بەڵكو ئاشكراكردنی كۆمەڵێك زانیاری گرنگن سەبارەت بە تێروانینی ئیدارەی ئەمریكا بۆ فەشەلی نوری مالیكی لە حكومرانی عێراقدا، راشكاوانەتر ئیدارەی ئەمریكی و سەرۆك ئۆباما، نوری مالكیان وەك سەرچاوەی ئەو نەخۆشیە دەستنیشانكردووە كە بۆتە هۆكاری ئەوەی عەرەبی سونە لە موسڵ ناچار بن پێشوازی لە تیرۆریستانی داعش بكەن... بۆیە ئەمریكا بیری لەوەكردەوە كە ستراتیژیەتێكی جیاواز گشتگیرتر لەگەڵ بەغدا دەست پێبكات ، هەنگاوی یەكەمیش بۆ داڕشتنی ئەم ستراتیژیەتە وەك فلیپ گۆردن ئاماژەی پێكردووە ، دەبێت نوری مالیكی كە حزبەكەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی نیسانی 2014 بوو، رێگەی پێنەدرێت پەرلەمانی عێراق رایبسپێرێت بۆ ئەوەی كابینەی حكومەت پێكبهێنتەوە. ئەم بڕیارەی ئەمریكا كە دواتر بووە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان و دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش مانای ئەوەیە:
• ئەمریكا و نەتەوەیەكگرتووەكان و هاوپەیمانی نیودەوڵەتی گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی ، راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لەلایەن داعشەوە، بەو مانایە ریكخراوی تیرۆریستی داعش زۆر بەهێزە و عەرەبی سونە خوازیاری دامەزراندنەوەی خەلافەتی ئیسلامین، بەڵكو مانای ئەوەیە پەتای ئەم نەخۆشیە سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالیكی یە و عەرەبی سونە لەنێوان هێزە مەزهەبگەراییە شیعیەكەی مالیكی و هێزە تیرۆریستیەكەی ئەبوبەكر بەغدادی دووەمیان هەڵبژاردووە، بۆیە ئەگەر حكومرانی مالیكی كۆتایی پێبهێنرێت ، شەڕی دژی داعش ئاسانتر دەبێت.
• حكومەتەكەی نوری مالیكی بێجگە لە بەشێكی كەمی شیعە كە دارو دەستەی خۆ بوون لە حكومدا، هەموو پێكهاتەكانی دیكەی پەراوێز خستبوو، ئەمەش هۆكاری سەرەكی سەرهەڵدانی شەڕی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سونە و شەڕی نێوان كورد و عەرەبە لە عێراقدا، ئەوجا بۆ ئەوەی هەوڵێك بخرێتە گەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی عێراق ریكبخرێتەوە ، ئەوا هیچ رێگەیەكی دیكە نیە لەبەردەمدا نیە ، تەنها ئەوە نەبێت مالیكی لە حكومەت و پرۆسەی سیاسی دووربخرێتەوە.
• سیاسەتی مەزهەبگەرایی شیعی مالیكی، شەرەفی سەربازی سوپای عێراقی شكاندبوو ، وایكردبوو كە سوپا هەست بە ئینتمای نیشتمانی نەكات، هەر بۆیەش لەگەڵ دەركەوتنی چەند سەد چەكدارێكی تیرۆریستانی داعش، بەیەكجار زیاتر لە 5 فیرقەی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدرالی عێراق تەسلیم بوون، ئەو هەموو چەك و تەقەمەنی و ئامیر و كەلوپەلی سەربازییان بۆ چەكدارانی تیرۆریستی داعش بە جێهێشتوو، ئەگەر فەتواكەی ئایەتوڵا سیستانی نەبوایە كە داوای رەشبگیری لە عەرەبی شیعە كرد، ئەوا بەغداش دەكەوتە بەر دەستی تێرۆریستانی داعش.
دیارە لەماوەی دووساڵی رابردوو كە نوری مالیكی لە پرۆسەی سیاسی و حكومرانی لە عێراقدا دوورخراوەتەوە، وەك لایەنی ئەمریكیش راشكاوانە جەختی لەسەر دەكاتەوە ، توانراوە هەنگاو بەهەنگاو حكومرانی عێراق راستبكرێتەوە و هەروەها توانراوە سوپایەك بونیاد بنرێتەوە كە جۆرێك لە پرۆفیشناڵی و كەمتر مەزهەبگەرایی پێوە دیار بێت و دەتوانرێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەمەش نەك تەنها ئەمریكا بتوانێت مامەڵە لەگەڵ حكومەت و سوپای عێراق بكات، بەڵكو وەك ئێستا دەبینین ئەوە بۆ یەكەمجارە لە میژووی عێراقدا، سوپا و پێشمەرگە پێكەوە هەماهەنگی دەكەن و پێكەوە لەیەك سەنگەردا دژی تیرۆریستانی داعش دەجەنگن. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر دوورخستنەوەی نوری مالیكی لە حكومرانی و پرۆسەی سیاسی عێراق، مەرجی یەكەمی دارشتنی ستراتیژیەتی شەڕی دژی داعش بوو بێت، ئەوا دوای نەمانی داعش كە ستراتیژیەتی دووبارە سەقامگیركردنەوە و بونیادنانەوەی عێراق دەست پێدەكات، هێندەی دیكە مالیكی و ئەوانەی وەك مالیكی بیردەكەنەوە لە پرۆسەی سیاسی و حكومرانی دوور دەخرێنەوە، خۆ ئەگەر لە ئێستادا نوری مالیكی لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی بە هاوشێوەی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی ریكخراوی تیرۆریستی داعش سەیر نەكرێت، ئەوا لەو كۆنفراس و كۆنگرە نیودەوڵەتیانەی دوای نەمانی داعش بۆ بونیادنانەوەی عێراق و ریشەكێشكردنی فیكری داعش ریكدەخرێن، هیچ دوور نیە نوری مالیكی وەك تاوانباری شەڕ و هۆكارێك بۆ بەهێزكردنی فیكری دعش لە لایەن دادگای نیودەوڵەتی تاوانەكانی جەنگەوە بانگهێشت بكرێت و لێپرسینەوە لەگەڵدا دەكرێت.
Top