كۆماری پێشمه‌رگه كۆماری ئازادییه
August 23, 2016
وتار و بیروڕا
له یه‌ك دوو ساڵی رابردووش‌دا، دوای ئه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دروست بوو، پاشانیش دوای كه‌وتنی موسڵ كه ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام راگه‌یاند، هه‌تا مسعود بارزانی نه‌جووڵا و بڕیاری شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری دژی تیرۆریستانی داعش نه‌دا، هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌م جیهانه نه‌یتوانی بڕیار بدات و هێرشه‌كانی داعش رابگرێت و پاشه‌كشه‌یان پێ بكات، ته‌نانه‌ت دوای بڕیاره‌كه‌ی مسعود بارزانی، باراك ئۆبامای سه‌رۆكی ئه‌مریكا بڕیاری به‌شداریكردنی له شه‌ڕی دژی داعش دا و هه‌ر دوای ئه‌و بڕیاره‌ش سه‌رۆك فرانسۆ هۆلاند سه‌رۆكی فه‌ره‌نسای ئه‌ندامی هه‌میشه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ردانی كوردستانی كرد و سه‌رۆك بارزانی له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به ئاڵای كوردستان و سروودی ئه‌ی ره‌قیب پێشوازی لێ‌كرد.
گرنگیی ئه‌و بڕیاره‌ی مسعود بارزانی و چوونی راسته‌وخۆی بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی هاوشانی پێشمه‌رگه به‌رگری له كوردستان بكات، واته هاتنه‌وه ده‌ره‌وه‌ی بارزانی له كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی و ده‌رچوون له ژێر ئیراده‌ی حزبه سیاسییه‌كان و بوونه‌وه به پێشمه‌رگه. بێگومان له مێژووی خه‌باتی رزگاریخوازی كوردستان و له‌و كاته‌وه‌ی ناوی پێشمه‌رگه بۆته سیمبولی به‌رخۆدان و مقاوه‌مه‌ت و ئازادیی كوردستان، بڕیاری بوون به پێشمه‌رگه بۆ كوردستان بڕیارێك بووه هه‌ڵقوڵاوی ئیراده‌ی ئه‌و كه‌سه بووه كه خۆی به ئازادانه بڕیاری داوه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه ئه‌ندامی حزبێكی سیاسیش بووبێت، بۆیه بڕیاردانی بوون به پێشمه‌رگه واته بڕیاردان بۆ هه‌وڵدان بۆ ئازادی و پارێزگاریكردن له ئازادی، بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌رنج و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر شێوازی بڕیاره‌كه‌ی مسعود بارزانی بده‌ین، كه مێژوویه‌كی هێنده دوور نییه و هه‌موومان له‌یادمانه، بارزانی كاتێك ئه‌م بڕیاره‌ی دا، نه وه‌ك حزب له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووه‌وه تا پارتی مۆڵه‌تی بدات، نه له‌گه‌ڵ حزبه سیاسییه‌كانی دیكه‌ش كۆبووه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به راوێژ له‌گه‌ڵ حزبه سیاسیه‌كان بڕیاربدات ، هه‌روه‌ها نه وه‌ك كه‌سێك له پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمیشدا ئه‌و بڕیاره‌ی دا كه بێت و باری نائاسایی و ره‌شبگیر رابگه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری شه‌ڕبدات، به‌ڵكو مسعود بارزانی ته‌نیا وه‌ك مسعود بارزانی و پێشمه‌رگه‌یه‌كی كوردستان بڕیاری دا خۆی بچێته به‌ره‌كانی شه‌ڕ، ئه‌مه‌ش واته بارزانی داوای نه‌كرد خه‌ڵك چه‌ك هه‌ڵبگرێت و بچن دژی تیرۆریستانی داعش رابوه‌ستن، به‌ڵكو ئه‌و خۆی پێشكه‌وت، ئه‌وجا خه‌ڵكی كوردستان دوای ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه كه‌وتن كه سه‌رۆكیانه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی بارزانی كۆمه‌ڵێك شتی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی كوردستان گۆڕی، له‌وانه:
1- ئه‌م بڕیاره، كوردستان و حزبی له یه‌كتری جیاكرده‌وه، ئه‌مه‌ش واته ئه‌گه‌ر هه‌تا دوێنی خه‌ڵك پابه‌ندبووبێت به بڕیاری حزبه‌كه‌ی، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ده‌بێت هه‌موومان پابه‌ندبین به پاراستنی كوردستان و ئه‌م ئه‌ركه‌ش پێویستی به بڕیاری حزب نییه.
2- ئه‌م بڕیاره، پیرۆزیی به‌رگریكردنی له كوردستان خسته سه‌رووی هه‌موو پیرۆزییه‌كانی دیكه و پیرۆزیی كوردستانی كرده گوتارێكی میللی و زانایانی ئایینی كوردستانیش هه‌ر یه‌ك لای خۆیه‌وه فه‌توای دا، ئه‌وه‌ی له پێناوی كوردستان بكوژرێت، شه‌هیده.
3- له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ستی میللی خه‌ڵكی كوردستان، هاوسۆزییه‌كی له نێوان خاك و پێشمه‌رگ و خه‌ڵك دروست كرده‌وه، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی دروستكرد كه نه‌ك هه‌ر یه‌كڕیزی و یه‌كگوتاری له باشووری كوردستان دروست بكات، به‌ڵكو یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی له سه‌رتاسه‌ری كوردستان دروستكرد.
ئه‌م بڕیاره‌ی بارزانی له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیش وه‌رچه‌رخانی دروست كرد، له‌وانه:
- پێش بڕیاره‌كه‌ی بارزانی، هه‌موو بیرمه‌ندانی جیهان به‌وجۆره بیریان له شه‌ڕی دژی داعش ده‌كرده‌وه، به‌وه‌ی كه ئه‌مه شه‌ڕێكی نه‌بینراوه (Invisible War)، شێوازی شه‌ڕكردنی تیرۆریستان شێوازێكی گه‌ریلایانه‌یه، بۆیه مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت رۆژئاوا ده‌ره‌قه‌تی نه‌یه‌ت، هه‌روه‌ك چۆن شه‌ڕی گه‌ریلایی ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانیای رووخاند، له‌مه‌ش زیاتر سوپاكانی ده‌وڵه‌تانی ناتۆ هیچ ئه‌زموونێكی شه‌ڕكردنیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریستی هاوشیوه‌ی داعش نه‌بوو، بۆیه له‌سه‌ر ئاستی فیكر و بڕیارسازانیش نه‌یانده‌توانی هیچ بڕیارێك بده‌ن، به‌ڵام كاتێك هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به رابه‌رایه‌تی بارزانی توانی داعش رابگرێت و له‌سه‌ر زه‌وی تێكیان بشكێنێت، ئه‌وا گرێكوێره‌ی بڕیاردان بۆ هه‌موو ده‌وڵه‌تانی جیهان كرایه‌وه.
- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوكاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دابینكردنی پێداویستییه لۆجستییه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ كوردستان جێگه‌ی ته‌قدیره و كورد ئه‌م هاوكارییانه له‌بیر ناكات، به‌ڵام ئه‌م هاوكارییانه به‌و مانایه به پێشمه‌رگه نه‌دراوه كه به‌رگری له كوردستان ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌م هاوكارییانه دراوه به‌و سوپا تازه‌یه‌ی كه توانای هه‌یه له‌سه‌ر زه‌وی تیرۆریستان تێكبشكێنێت، كه ئه‌مه‌ش ده‌ڵێین، دیاره به به‌ڵگه‌وه قسه ده‌كه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مریكا پێشتر 130 هه‌زار سه‌ربازی له عێراقدا هه‌بوو نه‌یانتوانی تیرۆریستان تێكبشكێنن، هه‌روه‌ها هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ناتۆ هێزیان له ئه‌فغانستان هه‌بوو، نه‌یانتوانی گروپه تیرۆریستییه‌كان تێكبشكێنن، بۆیه جیهان وه‌ك سوپای ئاینده‌ی جیهان سه‌یری پێشمه‌رگه‌ی كرد و ئێستاش به هه‌مان چاو سه‌یری ده‌كات.
- پێشمه‌رگه له‌م شه‌ڕه سه‌لماندنی ته‌نیا سه‌ربازێكی ساده نییه، به‌ڵكو ئه‌و چه‌ك به‌ده‌سته‌یه كه هاوكات كۆمه‌ڵێك مۆڕاڵی هه‌یه و ئه‌و مۆڕاڵه رێگه‌ی نادات پێشێلكاری مافی مرۆڤ ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه بكات كه ئازادی ده‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت مۆڕاڵی پێشمه‌رگه ئه‌وه‌نده به‌رزه، رێگه‌نادات سووكایه‌تی به‌و تیرۆریستانه‌ی داعش‌یش بكات كه به زیندوویی ده‌كه‌وتنه به‌رده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، ئه‌گه‌ر ئه‌م مۆڕاڵه به‌رزه‌ی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتووترین سوپای جیهان كه سوپای ئه‌مریكایه به‌رارود بكه‌ین، ده‌بینین سوپای ئه‌مریكا چۆن له‌گه‌ڵ نه‌ك تیرۆریستان، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌شی كه دژی ئه‌مریكا ده‌جه‌نگان و ده‌كه‌وتنه به‌رده‌ستی هێزه‌كانی ئه‌مریكا چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردن و سووكایه‌تی پێده‌كردن، كه دیارترینیان رووداوه ئابڕووبه‌ره‌كانی به‌ندیخانه‌ی ئه‌بوغریب بوو كه سه‌ربازانی سوپای عێراق دژی به‌ندییه‌كان ئه‌نجامیان دابوو.
- گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ته‌واوی سوپاكانی ده‌وڵه‌تانی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ئه‌وه‌یه، كه سوپاكانیان له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی و مرۆڤایه‌تی په‌روه‌رده نه‌كراون، بۆیه هه‌موو كات سوپای ئه‌و ده‌وڵه‌تانه وه‌ك ئامێرێك بۆ سه‌ركوتكردنی نه‌ته‌وه‌و ئایینه جیاوازه‌كان به‌كار هاتوون، به‌ڵام پێشمه‌رگه، كوردستان به نیشتمانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئایینه جیاوازه‌كان ده‌زانێت و به نیشتمانی مرۆڤدۆستی هه‌موو ئاواره و په‌ناهه‌نده‌یه‌كی ده‌زانێت كه رووده‌كاته ئه‌م وڵاته و ئاماده‌یه به‌بێ جیاوازی هه‌موویان بپارێزێت، ئه‌م مۆڕاڵه به‌رزه‌ی پێشمه‌رگه نه‌ك هه‌ر له سوپاكانی رۆژئاوادا نییه، به‌ڵكو له‌ناو به‌شێكی حزبه سیاسیه‌كانی رۆژئاوای لیبڕاڵ دیموكراتیشدا نییه.
كه‌واته ئه‌مه پێمان ده‌ڵێت، پێشمه‌رگه ته‌نیا روویه‌كی سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازی پیشانی جیهان نه‌داوه، به‌ڵكو له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته جیاوازه‌كانی كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی، مۆڕاڵی پاراستنی ئازادی و یه‌كتری قبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی پیشانی جیهان داوه، كه ئێستا ئه‌م مۆڕاڵه بێجگه له‌و وڵاته‌ی كه پێشمه‌رگه پارێزگاری ده‌كات، له هه‌موو جیهاندا بوونی نه‌ماوه، به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌مه ئێستا له هه‌موو هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی رۆژئاوادا، له بری پێكه‌وه‌ژیان، یه‌كتری قبووڵنه‌كردن و ره‌گه‌زپه‌رستی بۆته دروشمی سه‌ره‌كیی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن. بۆیه له‌م راسته‌وه كه ده‌ڵێین، پێشمه‌رگه به ته‌نیا سه‌رباز نییه و به ته‌نیا سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه‌كان نه‌یكردۆته سیمبولی جیهانی، له‌و روانگه‌یه‌وه ده‌ڵێین كه له ناو هه‌موو سوپاكانی جیهاندا ته‌نیا پێشمه‌رگه به‌ته‌واوه‌تی هه‌ڵگری ئه‌و مۆڕاڵانه‌یه كه ئازادی ده‌پارێزێت، ئه‌و سه‌رۆكه‌شی كه خۆی پێشمه‌رگه‌یه و رێبه‌رایه‌تی پێشمه‌رگه‌ش ده‌كات، نموونه‌یه‌كی له پاراستنی ئازادی پێشكه‌شی جیهان كردووه.

فه‌رهاد محه‌مه‌د