ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بنەمایەك بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان

ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بنەمایەك بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی لە كەشوهەوایەكی هێمن بەڕێوەچوو، بێ ئەوەی هیچ گرژییەك ببێتە لەمپەر یان گومانێكی زۆر لە ئەنجامەكانی بێتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەڵبژاردنە بەدەر نەبوو لە چەندین رووداوی نەخوازراو كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی پێكردووەو توانرا بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێت، ئەو بارودۆخە ئەمنییەی كە بۆ هەڵبژاردنەكان دەستەبەركرا هاوكات گەشەكردنی هۆشیاریی ركابەریی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی بەرچاو بەشداری كرد لە بەرزكردنەوەی رێژەی بەشداربووانی ئەم خولەی هەڵبژاردن كە گەیشتە 74% كە ئەمەش رێژەیەكی بەرزە، هەروەها لەسەروبەندو دوای پرۆسەكەش هیچ كردەوەیەكی تیرۆریستی رووی نەدا، هەروەكو پێشتر لە بەغداو شارەكانی دیكەی عێراق روویان دەدا، بەڵام تیرۆریستان هەوڵیان دا ئاسایشی كوردستان بشێوێنن ئەویش بە ئەنجامدانی تەقینەوەیەك دژی دەزگاكانی ئاسایشی ناوخۆ دوابەدوای هەڵبژاردنەكان، لەم هەڵبژاردنەدا چەندین لیستی جیاجیا دابەزین و هاوپەیمانیش لەنێوان لیستە سەربەخۆكان نەبوو، هەروەها هەردوو حزبی دەسەڵات پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەپێچەوانەی دوو خولەكەی پێشوو بە لیستی جیا دابەزین، ئەمەش دیاردەیەكی پۆزەتیڤە تاكو هەرلایەك تواناو ئاستی پەیوەندییەكانیان بە جەماوەرەوە بزانرێت و بەرنامەو كاندیدەكانیان بە خەڵكەكە ئاشنابكرێن، هاوكات بۆ خستنەڕووی خاڵەكانی بەهێزیی و لاوازییان، ژمارەی دەنگدەران 2,800,000 كەس بوو،، ژمارەی لیستەكانیش 31 لیست بوو، كاندیدانیش 1129 كاندید بوو بۆ هەڵبژاردنی 111 پەرلەمانتار لەوانە 11 ئەندام بۆ نەتەوەكانی دیكە، هەروەها لە 30%ی كورسیەكانی پەرلەمان بۆ ئافرەتان تەرخانكرابوو بەپێی دەستووری هەرێمی كوردستان، ئەو لیستانە بە دوو ئاراستەی جیاواز بەرنامە سیاسییەكانیان خستبووەڕوو: ئاراستەی یەكەم: ئاراستەی نەتەوەیی دیموكراتی مەدەنی، كە زۆرینەی حزبە سیاسییەكانی كوردستانی لەخۆگرتبوو كە مەبەستیان جیاكردنەوەی ئایین بوو لە دەسەڵات و سیاسەت و پرسەكانی دیكە، ئاراستەی دووەم: بریتی بوو لە حزب و قەوارەكانی ئیسلامی سیاسی، ئەو حزبانە بوون كە بەناوی ئایینەوە سیاسەت دەكەن، ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەش بەم شێوەیە بوو: 94 كورسی بۆ حزب و هێزە مەدەنی و نەتەوەیی و عەلمانییەكان و 17 كورسیش بۆ حزبەكانی ئیسلامی سیاسی كە بەسەر سێ حزبدا دابەش ببوو، یەكگرتووی ئیسلامی 10 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی 6 كورسی و بزووتنەوەی ئیسلامییش یەك كورسی، لە كاتێكدا كورسییەكانی مەدەنیش بەسەر حزبە سیاسییەكانی دیكەدا دابەش بوون بەم شێوەیە: پارتی دیموكراتی كوردستان 38 كورسی و گۆڕان 24 كورسی و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان 18 كورسی و حزبی شیوعی كوردستانیش یەك كورسی و نەتەوەكانی دیكەش 11 كورسی، كەواتە شتی تازە لەو پێكهاتە حزبییەی پەرلەمان چییە و كاریگەریی بۆ سەر كابینەی تازەی وەزاریی لە هەرێمی كوردستان؟ دەكرێ هەندێ دەرئەنجاممان بەدەست بكەوێت: هێزە نەتەوەیی و مەدەنی و دیموكراتییەكان هەر یەكەیان بە كێش و سەنگی خۆیان مانەوە، وێڕای هەندێ زیانی كەم لای هەندێ حزب بۆ بەرژەوەندیی هێزەكانی ئیسلامی سیاسی، هەروەها چاكبوونی رێژەیی پێگەی حزبە ئیسلامییەكان كە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی رابردوو كورسیی زیاد كردووە، پارتی و یەكێتی كورسییه‌كانیان لە 59 بوو بە 56 كورسی، یەكێتی لە 29 كورسییەوە بوو بە 18 كورسی، كە ئەمەش زیانێكی گەورە بوو پێویستە چاو بخشێنێتەوە بە هەندێ پرس و كێشەی ناوخۆی و پەیوەندییەكان و رێكخستن و دەزگاكانی راگەیاندنی، گۆڕانكارییەكی بەرچاویش هاتە ئاراوە لە پەرلەمان لە نێوان پارتی و یەكێتیی و گۆڕان لە بەرژەوەندیی گۆڕان كە ژمارەی كورسییەكانی بوو بە 24 كورسی كە ئەم زیادەیە لەسەر حسابی كورسییەكانی یەكێتی بوو، پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە گۆڕان دوای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا كە جێگری سكرتێری گشتیی و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بوو لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەو كادیران و ئەندامانی یەكێتی دروست بوو، هەروەها دەبینین كە پێگەی حزبی شیوعی كوردستان لە رووی ژمارەی كورسییەكانەوە هیچ گۆڕانكاری بەسەردا نەهات كە تەنیا یەك كورسی وەرگرت، لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە تابلۆ و ئاراستەی گشتی ئەو گۆڕانكارییەی تێدا روونەدا تەنیا ئەوە نەبێت كە هێزەكانی ئیسلامی سیاسی و لە جاران زیاتر سەركەوتنی بەدەست هێنا، هەروەها گۆڕانیش لەسەر پاشەكشەی جەماوەری یەكێتی توانی زیاتر بەدەست بێنێ، بۆیە پێویستە حزبە مەدەنی و نەتەوەیی و دیموكراتییەكان چاو بخشێننەوە بە رابردوویان و پەیوەندییان لە ساڵانی پێشوو لەگەڵ جەماوەردا و بزانن ئەو هۆكارانە چین كە وایان كرد ئەو حزبانە كورسییەكانیان كەم بكات و ژمارەی كورسییەكانی هێزەكانی ئیسلامی سیاسیی زیادی كرد، تاكو لە داهاتوودا ئەو هەڵەو كەموكوڕییانە دووبارە نەبێتەوە لە پەیوەندیدا لەگەڵ هێزەكانی نێو كۆمەڵگەدا و مامەڵەكردنێكی دروست لەگەڵ هەندێ دیاردەی ئابووری و كۆمەڵایەتی، ئەو گۆڕانكارییە لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی تازەی پەرلەمان كاریگەریی دەبێت بۆ سەر یاریزانانی سیاسی لە گۆڕەپانی كوردستاندا و چەندین پرس و بەدواداچوون دێنێتە ئاراوە، كە پێویستیان بە هەڵوەستە لەسەر كردنن، هێزە كوردستانییەكان دەبێ بە بەرنامەو پلانەكانی خۆیاندا بچنەوەو زیاتر شۆڕببنەوە نێو پرسە سەرەكییەكان، لەوانە داڕشتنی بەرنامەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ژینگەیی بۆ دە ساڵی داهاتوو وەك ستراتیژێك بۆ پەرەپێدانی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان، گۆڕینی هەیكەلبەندیی ئابووریی كوردستان بەشدارییەكی تەواو دەكات لە بەدیهێنانی گۆڕانكاری و هەمەچەشنكردنی ژێرخانی داهاتی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی بێكاری داپۆشراو و هاوردەكردنی سەرتاسەریی كەلوپەل و كاڵاكان هەروەها دابینكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر.
هەرێمی كوردستان پێویستی بە یەكێتیی هەڵوێستی سیاسیی كوردی و كوردستانییە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عیراق و ئیقلیمی، گومانیشی تێدا نییە كە ئەوەی بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی وەزارەت رادەسپێردرێت ئەركێكی زۆر زەحمەت و قورسی دەكەوێتە سەرشان كە ئەوەندە ئەستەمیش نییە كە نەتوانرێت چارەسەر نەكرێن، بەڵام پێویستی بەئارامی و دان بەخۆ داگرتن و دەستپێشخەریی و مامەڵەكردنی تەندروستییانە هەیە، پێكهێنانی ئەو حكومەتەش بە گوێرەی هەندێ ئەگەر و گریمانە بەم شێوەیە پێك دێت، یەكەم: پێكهێنانی حكومەت بەپێی رێكەوتنی ستراتیژیی ساڵی 2005ی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چونكە بەهەردووكیان 56 كورسیان هەیە لەكۆی 111 كورسیی پەرلەمان، ئەم ئەگەرەش رێی دەچێتێ، بەڵام كردەیی نییە و نابێتە هۆی یەكگرتنەوەی ریزەكانی كوردستانی، هەروەها ئەو حكومەتە لاواز دەبێت و ناتوانێت بەتەواوی كارەكانی جێبەجێ بكات، دووەم: پێكهێنانی حكومەت لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەندێ هێزی دیكە لەوانە چەند حزبێكی ئیسلامی سیاسی كە ژمارەی كورسییەكانیان دەگاتە 80 كورسی، لەو كاتەدا گۆڕان دەبێتە حزبی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكی لە پەرلەمانی كوردستان، سێیەم: پێكهێنانی حكومەتێكی یەكێتیی نیشتمانی بە سازان یان ئیئتلافی كە هەموو حزب و قەوارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەشداری تێدابكەن، ئەم ئەگەرەش لەو قۆناغەدا رەنگە سەربگرێ لە پەیوەندیدا بە بارودۆخی هەرێم و عێراق و دەوڵەتانی دەوروبەردا، ئەم ئەگەرە تاكە فاكتەری یاریدەدەری بەدیهێنانی خواست و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیانی كوردستانە بە هەموو ئاراستەو بۆچوونە نەتەوەیی و ساسییەكانەوە، من وای بۆ دەچم كە زۆربەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان حەزیان لە پێكهێنانی ئیئتلافێكی سیاسیی بنكەفراوانە كە هەموو هێزە گەورەو بچووكەكان تێیدا بەشداربن لەوانەش گۆڕان، بەڵام لێرەدا هەندێ لایەنی نێگەتیڤ دێتەئاراوە لەوانە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كاراو ئەكتیڤ كە ببێتە هاندەر بۆ بەئاكام گەیاندنی بەرنامەو پلانەكانی حكومەت، هەروەها كەمكردنەوەی لە واتاو شێوازی پرۆسەی دیموكراسییەت لە هەرێمی كوردستان بە هۆی دەرچوونی بڕیاری تەوافوقی كە رەنگە زۆربەی بەرژەوەندییەكان لەبەرچاو نەگرێت، چونكە ئەوەی كە زانراوە ئەوەیە لە سیستەمی دیموكراسیدا هێزی دەسەڵات و هێزی ئۆپۆزسیۆن دەكەونە ململانێ بۆ ئەوەی بەپێی بنەماكانی ئازادی و ئاشتیخوازانەی حوكمڕانی بتوانن ئەوەی كە سەرتاپای گەل داوای دەكات بەدێ بێنن، لەم ئەگەرەی دواییدا دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان لە نێوان حزبە سیاسییەكاندا ئەوەندە ئاسان نابێت، بە پێی كورسییەكانی پەرلەمان و رێكەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی، هاوكات ئەگەر ژمارەیەكی زۆر وەزارەتیش پێشنیار بكرێت، ئەوا زیانێكی دیكە بە حكومەت دەگەیەنێت بە تایبەتیش لە پیادەكردنی بەرنامەو پلانەكانی خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان، ئەوەی لەكۆتاییدا پێویستە بگوترێت ئەوەیە كە حكومەتی تازەی هەرێمی كوردستان ئەركێكی گرنگ و نیشتمانی دەكەوێتە ئەستۆ ئەویش خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیانە، هەروەها چاككردنی گوزەران و چارەسەركردنی دیاردەی بێكاری و گەندەڵی، بەر لەهەموو شتێكی دیكەش ئاوڕدانەوەیە لە ئابووریی كوردستان و پەرەپێدانی پرۆژەكان و بووژاندنەوەی ژێرخانی وەبەرهێنان و پیشەسازی و كشتوكاڵ و سوود وەرگرتن لە داهاتی نەوت بەمەبەستی گەشەكردنی كۆمەڵایەتی و ئابووری.
Top