کرمە لوولەییەکان Strongyloidiasis
November 8, 2020
وتار و بیروڕا
• کرمی لوولەیی:
ئەم کرمە توخم جیایە، واتە: نێرە و مێیەی ھەیە! وە مێیەی ئەم کرمە دەتوانێت لە خۆوە زۆر ببێت. بەڵام نێرە ناتوانێت، بەمەش ئەو کرمە جیاوازە لە کرمەکانیتر کە بە ھۆی ئەو لەخۆوە زۆربوونە دەتوانێت دەتوانێت دووبارە کەسەکە تووش بکاتەوە! بەمەش ئەو کەسە بۆ ماوەیەکی دوور بە دەستییەوە دەناڵێنێت. ئەو کرمە مێیەکەی (٢ – ٢.٥ mm) دەبێت، وە نێرەکەی نزیکەی (١ mm) دەبێت. ئەو کرمە بەزۆری لە ناوچە گەرمەکان و ناوچە شێدارەکان بڵاوە، وە بەتایبەت لە باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ڕەوشی تەندروستییان خراپە و پاک و خاوێن نیین! لە سەرانسەری جیھاندا (٥٠ ملیۆن) کەس تووشی ئەو کرمە بوون. ئەو کرمە بۆ یەکەم جار لە کۆتایەکانی سەدەی نۆزدە لە ووڵاتەکانی سەر بە فەڕەنسا لە ئاسیا، کە ھەنووکە بە (ڤێتنام) دەناسرێت دۆزرایەوە لەو کەسانەی کە زگچوونیکی بەردەوام و درێژخایەنیان ھەیە.
• سووڕی ژیانی کرمی لوولەیی: ئەو کرمە توخم جیایە، وە ئەم کرمە دەتونێت بە دوو جۆر بژیێت. وەک مشەخۆر، وە دووەم جۆری وەک ژیانی سەربەست لە ناو خۆڵدا! ئەمەش وادەکات کە: توانای مانەوەی زۆر بێت. کرمۆکەی کە لەگە پیسایی دەچێتە دەرەوە لەوانەیە یەکسەر بچێتە سووڕی تەنینەوە و ببێتە کرمۆکەیەکی ھەراش و مرۆڤ تووشی نەخۆشی بکات، وە یان لەوانەیە بچێتە قۆناغی ژیانی سەربەست لە ناو خۆڵ و زەوی. مرۆڤ تووشی ئەم کرمە دەبێت کاتێک کرمۆکە لە ڕێگای قڵیش و برینی پێست دەچێتە ناو لەشی ئادەمیزاد، ئینجا کرمۆکەکە دەچێتە ناو سووڕی خوێن و لە ڕێگای سووڕی خوێنەوە بۆ سییەکان، کە دەبێتە ھۆی تێکدانی چیکڵژانۆچکەکانی ھەوا و لەوێوە بۆ بۆڕی ھەوا و لە بۆڕی ھەواوە بۆ کۆئەندامی ھەرس و لەوێوە بۆ ڕیخەڵۆکە باریکە، کە تیایدا: کرمۆکە پێدەگت و دەبێتە کرمێکی ھەراش، کە لەوانەیە دیواری ڕیخەڵۆک ببڕێت و ببێتە ھۆی ھەوکردنی ڕیخەڵۆک. مێیەی ئەو کرمە لە ڕۆژێکدا (٥٠٠٠ – ١٠٠٠٠) ھیلکە دادەنێت، ھێلکەکان خۆیان دەنووسێنێت بە دیواری ناوەوەی ڕیخەڵۆک و کرمۆکەیەکی لێدەردەچێت. لە ڕێگای پیسایی ئەو کرمۆکە دەکرێتە دەرەوە، وە یان لەوانەیە کرمۆکەکە لە ناو ڕیخەڵۆکە ئەستوورەدا ببێتە کرمێکی ھەراش و ئەو کات دیواری ڕیخەڵۆکە ئەستوورە ببڕێت و بچێتە سووڕی خوێن، وە ھەمان سووڕ دووبارە ببێتەوە. ئەم سووڕی ژیانەی کرمی لوولەیی نزیکەی سێ حەفتە دەخایەنێت، وە بەمجۆرە کرمی لوولەیی لەوانەیە ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کرمەکەی تێدا زۆر بڵاوە.
• نیشانەکانی: نزیکەی لە (٣٠%)ی ئەوانەی تووشی ئەو کرمە بوون، بێ نیشانەن! وە نیشانەکانی بەگوێرەی ڕێژەی تووشبوون دەکرێت بە سێ جۆرەوە:
0. تووشبوون بە سووکی: زۆر کات بەبێ نیشانەیە، ئەگەر نیشانەی ھەبوو لەوانەیە تاکی تووشبوو ناوە ناوە تووشی زگ ئێشان بێت یان کۆخە و سیخە سیخی لە سینگ ھەبێت یان کۆم خووراندنی ھەبێت یان لەوانەیە سۆربوونەوە و ئاڵووشی پێستی ھەبێت و لە پشکنینی خوێندا جۆرێک لە خڕۆکە سپییەکانی زیاد دەبێت.
1. تووشبوون بە مامناوەندی: لە زۆربەی کاتدا نەخۆشەکە زگچوونی دەبێت، وە لەوانەیە تووشی بەدخۆراکی بێت و کێشی لەشی داببەزێت و دڵ تێکھەڵاتنی دەبێت قاچی ئەستوور دەبێت و لەوانەیە تووشی ھەوکردنی سییەکان بێت.
2. تووشبوون بە تووندی: نەخۆشەکە بە زۆری بە تووندی زگچوونی ھەیە، وە لەوانەیە زگچوونەکەی خوێنی لەگەل دابێت و ڕشانەوە و زگ ئەستوور بوونی ھەبێت. ھەندێک جار تووشی خوێنبەربوونی دوازدە گرێ و گەدە دەبێت، وە ھەندێک جار تووشی ھەوکردنی سییەکان و بوونی ئاو لە سییەکان و ئاو تێزان لە سییەکان دەبێت.
• جیا کردنەوە و دیاریکردنی نەخۆشییەکە: ئەو کەسانەی کە تووشی ئەو جۆرە نیشانانە دەبن، ئەو چەند نەخۆشییەک ھەیە کە ھەمان نیشانە و درۆشم دروست دەکەن، وەک: کرمی قوولاپی، کرمی ئەسکارس، زەحیری ئەمیبی، وە برینی دوازدە گرێ و برینی گەدە. ھەرچی سەبارەت بە دیاری کردنی ئەو نەخۆشییە (واتە: کرمی لوولەیی)، ئەوا: نەخۆشییەکە دیاری دەکرێت بە بینینی کرمۆکە لە ناو پیسایی یان لە ناو دەردراوی دوازدە گرێ. ھەر کاتێک کرمۆکە بینرا، دەووترێت کە: ئەو کەسە ئەو نەخۆشییەی ھەیە!! زۆر بە کەمی کرمۆکە لە ناو بەڵغەمی نەخۆشەکە دەبینرێت. بە یەک جار پشکنینی پیسایی تەنھا یەک لە سێی ئەو نەخۆشییە دیاری دەکرێت، بۆ تەواو دیاری کردنی پێویستە لە ماوەی دوو ڕۆژدا نزیکەی شەش جار نەخۆشەکە پشکنین بۆ خۆی بکات. ھەندێک پشکنینیتر کە لە خوێندا ئەنجام دەدرێت، کە یەکسەر دیاری ناکات بەڵام یارمەتیدەرە لە دیاریکردنی ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لە پشکنینەکان وەک: ڕێژەی خڕۆکەی سپی، وە پشکنین بۆ دژەتەنەکان (Antibody detection) و تیشکی سینی سییەکان .(chest x-ray)
• چارەسەر: ھەر کەسێک ئەو کرمەی ھەبێت با ھیچ نیشانەیەکی دروست نەکرد بێت پێویستە دەرمان وەربگرێت و چارەسەر بکرێت. پێویستە دەرمانەکە وەربگرێت تا کرمەکە بنبڕ دەکرێت و ھەر کاتێک نەخۆشەکە تووشی کرمیتر بوو لەگەل ئەو کرمە، ئەوا: پێویستە یەکەم جار دەرمان بۆ کرمەکەیتر وەربگرێت ئینجا دەرمان بۆ ئەم کرمە وەربگرێت. باشترین دەرمانیش، بریتییە لە:
ڕ. دەرمانی (Ivermectin): بە جەمی (٢٠٠ مایکرۆگرام/ کگم) بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، بە باشترین چارەسەر دادەنرێت بۆ نەخۆشی کرمی لوولەیی. کە ئەو دەرمانە لە (٩٧%) کرمەکە بنبڕ دەکات، وە نیشانەی بنبڕکردنیش لە پشکنینەکان ڕێژەی ئیزینۆفیل (خڕۆکەی سپی) و دژەتەنەکان لە ناو خیندا (antibodies) دادەبەزێت.
ب. دەرمانی (Albendazole): دەتوانرێت ئەو دەرمانە لە جیاتی دەرمانی یەکەم بەکار بێت، بە جەمی (٤٠٠ مگم) ڕۆژی دوو جار بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، وە دوای سێ حەفتە ئەو دەرمانە بە ھەمان جەم دووبارە دەکرێتەوە.
ت. دەرمان بۆ کەمکردنەوەی ھەستەوەری: دەرمان بۆ لابردنی نیشانەکان بەکار دێت، وە لەو جۆرە دەرمانانە، وەکو: دەرمانی دژی خووروو (antihistamine) بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت، کە لەگەل نیشانەکانی نەخۆشی لوولەیی خوورشتیشی ھەیە.
پ. ئەو کەسانەی کە بەرگری لەشییان لاوازە :(Immunocompromised) ئەوانە پێویست دەکات کە لە خەستەخانە چارەسەرییان بدرێتێ، وە بەتایبەت ئەگەر بە تووندی تووشی کرمی لوولەیی ھات بوون.
• خۆپارستن: ئەو کرمە بە پێدانی دەرمانی قڕکەری کرمەکە، دەتوانرێت بە تەواوی بنیبڕ بکرێت بەڵام لەو ناوچانەی کە ئەو کرمەی بەشێوەی بەر بڵاو تێدا بڵاوە، ئەوا: مەترسی دووبارە تووشبوونەوە ھەیە. ئەو کەسانەی کە زۆر بە تووندی تووشی ئەو کرمە دێن، وە نیشانەکانیان لە سەر وەدیار دەکەوێت (hyperinfection)، ئەوا: لەو کەسانە مەترسی بە (٨٧%) لە سەر تەندروستی و ژیانی کەسە تووشبووەکە دروست دەکات. وە بۆ ڕێگە گرتن لە بڵاو بوونەوەی ئەو کردمە پێویست دەکات، کە:
ڕ. ھۆشیاری دروستی و زانیاری تەواو دەربارەی سووڕی ژیان و ڕێگاکانی گواستنەوە و چۆنیەتی چارەسەر کردن و خۆپاراستن لەو کرمە بڵاو بکرێتەوە.
ب. گرنگیدان بە پاک و خاوێنی ھەموو کات ھەنگاوی یەکەمە لە دوور بوون لە ھەموو ئەو نەخۆشییانەی کە بە ھۆی کرم و مشەخۆرەکان بڵاوەی لێدەکەن، وە ھەموو کات مرۆڤەکان دەبێت نینۆکەکانیان قووت بکەن، وە دەست جوان بشۆن و سەوزە و میوە جوان بشۆنەوە، ئەو کات بیخۆن.
ت. لە ناوچەکانی کە نەخۆشییەکەی بە تووندی تێدا ھەیە و زۆر بڵاوە، گرنگی بە لەبەر کردنی پێڵاو بدرێت و دوورکەوتنەوە لەوەی کە بە پێ خواسی کار بکەین. وە ھەروەھا بە شێوەیەکی زانستی پاشماوەی مرۆڤەکان لە ناو ببرێت، وە گرنگی بە پاک و خاوێنی (Sanitation) بدرێت.
(*) پسپۆڕی ھەناو و دڵ

د.ئازاد مەنتک *