نێچیرڤان بارزانی ئاشتی بۆ باکور دەگەرێنێتەوە!؟
September 12, 2019
وتار و بیروڕا
لە باکووری کوردستان داوا دەکرێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئەمەش دوای ئەوە دێت شاندێکى پارتى دیموکراتى گەلان هەدەپە بە سەرۆکایەتیى سەزایى تەمەللى، هاوسەرۆکى هەدەپە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەگەل سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆبونەوەو داوای یارمەتی و هاوکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی له تورکیا . نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکەی دا جەختى لەوە کردەوە کە لە هەوڵەکانى بۆ دەسپێکردنەوە و سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى لە باکوری کوردستان و تورکیا بەردەوام دەبێت و لەم پێناوەدا هەرچى پێویست بێت، درێخى ناکەن. نێچیرڤان بارزانی کە دروستكەری پرۆسەی ئاشتی بوو لەرابروو نێوان دەوڵەتی توركیا و باکوری کوردستان هەروەها هەوڵیداوە بە دیپلۆماسییەت و پەیوەندییەکانی خۆی، هەموو ئەو گرژییانە خاوکاتەوە کە لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا دروست بوون و پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان بخاتەوە سەر رێچکەی خۆی،
ئێستاش ئەو دەتوانێ بە ڕەنگێكی دیكە بەڵام بە هەمان ئامانج هەوڵەكانی بۆ ئەو مەبەستە وەگەر بخات و باشترین هەنگاویش هەبوونی چەند كەسایەتیەكی كاریگەرە لە سەر گۆڕەپانی سیاسی باكوری كوردستان بۆ ئەوەی دەوڵەتی توركیا وەك لایەنی بەرامبە وەریان بگرێ بۆیە چاوەڕوان.
دەكرێ ئەو كەسایەتیانەی هاوشێوەی دەمیرتاش کە باوەڕیان بە چارەسەری ئاشتی هەیە ئازاد بكرێن و لەگەڵیان ڕەسمی شێوە سەرەتاییەكانی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بكرێ بە مەرجێك نێچیرڤان بارزانی لە پێشووتر قەناعەتی بۆ بەرپرسانی توركیا دروستكردوە كە جگە لە ئاشتی ڕێگای دیكە نیە بۆ چارەسەری پرسەكان بەهەمان شێوەش هەمان قەناعەتی لای سەركردەكانی هەدەپه و پارتە کوردیەکانی باکور دروست كردبوو بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە پرۆسەكە بكەنەوە. بەگەرخستنی توانا و لێهاتووەکانی نێچیرڤان بارزانی بوو کە کێشەی گەورەترین پارچەی کوردستان کە ئەویش باکوری کوردستانە . لەرێگای دیالۆگ و گفتۆگۆ بەرەو هەنگاوێکی نوێ رۆیشت .
لەوەی دەوڵەتی تورکیا دانی بەبوونی کێشیەکدا نا بەناوی کێشەی کوردەوە، وە ئامادەیی پیشاندا بۆ دانوستان و گفتوگۆکردنی کێشەکەو گرتنەبەری نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە باکوری کوردستان، دانان بە کێشەی کورد و بە ڕەسمی ناساندنی زمانی کوردی و فەراهەمکردنی مافە کولتورییەکان دەستکەوتی سەرەتای دانوستانەکان بوون، ئەمەش دوای هەول و ماندووبنێکی زۆری نێچیرڤان بارزانی بوو کە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ئاشتی و چارەسەری کێشەی کورد لە باکوری کوردستان . ئەگەر ئاستەنگ و کێشە بۆ پرۆسەکە دروست نەکرایە، دەستکەوتی گرنگتروباشتر بۆ کوردستانی باکور بەدیدەهێنرا ، سەرەرای پشتگری خەلک و پارتە کوردیەکان و دەولەتی تورکیا لە نێوەندگیری ئاشتیانەی نێچیرڤان بارزانی . بەلام هۆی هەلەو، شەڕەنگێزانەی پارتی کرێکارانی کوردستان چۆن لە پێناو باڵادەستی سەربازی خۆیاندا دەرفەتیان بە پرۆسەی ئاشتی نەدا، پرۆسەی ئاشتیان توشی شکستکرد و لە زۆرشوێنیشدا باکوری کوردستانیان توشی ماڵوێرانیکرد ،باکوری کوردستانیان ڕاپێچی جەنگێک کرد و شارە کوردیی و کوردستانیەکانی باکوری کوردستانیان کردە ناوچەی جەنگ، لە دوای شکستی پرۆسەی ئاشتی چەند ساڵی ڕابردوو باکوری کوردستان توشی پەشۆکانێکی سیاسیی و ئەمنی و داڕمانی ئابوری و زیاتربوو، دەستی دەوڵەتی تورک و کارەکتەرە شۆڤێنیەکانی ئاوەڵاتربوو بۆ وێرانترکردنی باکوری کوردستان، بەمەش خەڵک و پارتە کوردیەکانی باکوری کوردستان زیاندمەندی یەکەم بوون. لە باکووری کوردستانیش پارتەکانی ئەو بەشەی کوردستان، ئومێدیان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە رۆڵی خۆی بەکار بێنێ بۆ دوبارە بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. ئەوان پێیانوایە بەهۆی پەیوەندی باشەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان .

چیایی قاسم