چۆن باشترین بین ....؟

چۆن باشترین بین ....؟
یەکێک لە سەرەکیترین بنەمای لۆژیک، "هونەری خۆگونجاندنە" بە شێوازی باشترین یانیش دروسترین، وە گرنگترین ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی و سیمایانه‌ی له‌ مرۆڤی كاردروست و كه‌سانی دڵسۆزو سه‌ركه‌وتوو تێبینی ده‌كرێن، ئینتیمایە، ناسنامەیە، وەفایە، دڵسۆزی و هونەرە... بۆیە دەڵێم دروود و سڵاو بۆ هەر مرۆڤێک کە هەوڵدەدات بۆ ژیانێکی باشتر بۆ خۆیی و بۆ دەوروبەرو دواتریش بۆ کۆمەڵگە.
ئێستا بۆ هەر یەکێکمان گرنگە بپرسین لە خۆمان، من کێم..؟ من لە کوێم..؟ من چیم دەوێت..؟ وە بەرژەوەندی من و ئێمەو ئەوان و هەمووان لە چیدایە ...؟!
لەو جیهانەی کە ئێمە لە سەری دەژین دەشێ پۆلێن بکرێت بە سەر دوو جۆر لە سامانی مەزن..، ئەوانیش سامانی سروشتی و سامانی مرۆیی، بە جۆرێکی تر بڵێم : دوونیا دابەشی سەر دوو سێکتەر بووە، بۆ هەر سێکتەرێک سوودو تایبەتمەندێتی خۆی هەیە. سێکتەرێکیان پشت بە سامانی مرۆیی و یەکێکی تریشیان بە سامانی سروشتی دەبەستێت.
ئەو وڵات و گەلانەی پشت بە سامانی مرۆیی دەبەستن، لە وڵاتە سه‌ركه‌وتووه‌كان دەهێنە هەژمارکردن، چون تاکەکانی کۆمەڵگە لە ناویاندا كاتێكی زۆر بۆ تێڕامان و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ نوێترین زانست بەهەموو بەشەکانیەوە بۆ پێشوەچوون و کرانەوەی زیاتری جیهانی ته‌رخان ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ بڕیاری راست له‌ هه‌ڵبژاردنی كاتی ڕایی کردنی کارەکانیان و کەڵک وەرگرتن لە کات بەو پەڕی دڵسۆزی و وەفاو مۆڕاڵەوە بدەن.
ئەوان پێشکەوتوون و نیشتیمانیان خۆش و ئارام، خۆشەویستی و ئینتیمای زیاتریان بۆ وڵاتەکەیان هەیە، دەوڵەمەنترینی جیهانن لە سەر ئاستی داهات و دەروون دروستی تاکەکەسی، تەنانەت ئیشرافی ئەو وڵاتانەش دەکەن کە پشتیان بە سامانی سروشتی بەستووە.

ئەیی وڵاتەکەی خۆمان چی...؟!

لێرەش با واز لە سامانی سروشتی بهێنین، وە بۆ سیاسییەکانی بەجێ بێڵین، با درک بە بەرپرسیارێتیی بکەین، و هەموومان گرنگی بە سێکتەری سامانی مرۆیی بدەین، چون کلیلی بەگەڕخستنی وڵاتێکی بەرهەمهێن و سەرکەوتوو بریتیە لە خاڵێکی زۆر جەوهەری کە ئەویش: (هاندان) ە . ڕەنگە لە هەندێ بواردا من هاندرابم و تێگەیشتبێتم لەوەی چۆن انتیماو وەفاو دڵسۆزی زیاتر وەدەست بخەم و بوونی خۆم بسەلمێنم، بۆیە بەگرنگی دەزانم بەرپرسی یەکەم لە هەر دەڤەرێکدا تیۆری (هاندان) لەبەرچاو بگرێت و وەک چۆن گرنگیشە (سزادان)یش لەبەر چاو بگیردرێت. چون دڵنیام کاریگەریەکەی گەورەیەو دەرئەنجامێکی باشی دەبێت.
خۆ ئەگەر مۆزەف و کارگوزارو بەرپرسەکانمان هەڵگری پەیامی دڵسۆزی و وەفاو ڕاستگۆیی بن ئەوا وەدەست هێنانی دادپەروەری و عەدالەت و هاوسەنگی مرۆیی محاڵ نیەو دەشێ ئامانجە مەزنەکەش بپێکین کە سەرۆک وەزیران جەنابی مەسروور بارزانی بە ئەولەوییەتی دەزانێت بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەو باشترکردنی ژیانی هاوەڵاتیان و هاونیشتیمانیانی ئازیز...
ماندێلا دەڵێت: "هیچ کارێک محاڵ نیە، هەموو کارێک محاڵە تا ئەو کەسەی دێت و دەیکات" انجا ئەو کەسە من بم یان تۆو ئەوان، بەڕاستی (هاندان) مەزنە!. با بپرسین تا چ ئاستێک توانیومانە رۆڵ بگێرین له‌پڕۆسه‌ی‌ هەڵسەنگاندنی کادیرەکانمان لە ئۆرگانەکانی حیزبی و حوکومی، یان گه‌شه‌پێدان، لەو بارەشەوە پاداشت و سزامان کردوون بۆ گره‌نتی‌ ئیقراركردنی‌ بەردەوامی و داهاتوومان..؟ وەڵامەکە بۆ ئێوە ...

بەهەرحاڵ دەتوانین و درەنگی نەکردووە چون کلیلەکەمان بە دەستەوەیە، هەڵبەت ئەگەر بمانەوێت ....! با من نموونەیەک پێشکەش بە ئێوە بکەم، کەس نیە لە ئێمەمان کە گوێبیستی ڕەورەسمی بەخشینی خەڵاتی (نۆبڵ) نەبووبێت!. دەمەوێ بڵێم ئەم خەڵاتەش دەچێتە چوارچێوەی هاندان بۆ بڕەودان بەو پیشەی کە وەرگر ساڵەهای ساڵ ئەزموونی تیایدا وەگەرخستووە. لە زۆربەی وەڵاتەکان پاداشت و سزا بە یاسا کراوەو بێ دواکەوتن کاری پێ دەکرێت بە بێ ئەوەی بەرپرسەکان ڕەچاوی خزم خزمێنانەو خاتر خاترانەی فڵان و فیسار بکەن.
لە خولی یانە پاڵەوانەکانی وەڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆتۆپی پێ، ئەگەر سەرنج بدەین: لە نێو هاندەرانی خۆتدا گۆڵێکت لێ بکرێت بۆچی بە دوو گۆڵ هەژمارە..؟ بێ گومان هۆکار ئەوە: جەماوەرێکی زۆرتر ئامادەیە بە بەراورد بەو جەماوەرەی کە بەرامبەرەکەت لە وەڵاتێکی ترەوە هاتووە بۆ یاری کردن، مانا ئەوە: یاریزان و یاریکەر کاتێ هاندانی هەیە مۆراڵی بەرزترەو تەواوی توانای وەگەڕ دەخات و سورە لەسەر گەیشتن بە لوتکە، یانیش سەرکەوتن.
ئیتر گرنگە هانی ئەو کەسانە بدرێت کە درک بە بەرپرسیارێتی دەکەن و ئەرکەکانیان دڵسۆزانە بە باشی دەکەن بە پاداشت کردنیان بە بەرجاوی هاوپیشەکانی تری، جا ئەوە بۆ ئەو کەسانەیش ڕاستە بە (سزادان) کە هەستکردن بە مەسئولییەتیان نییەو ئەرکەکانیان وەک خۆی ڕایی ناکەن، چونکە تاکە ڕێگەیە بۆ نەپوکانەوەو لە ناو نەچوونی ئەو هێزەی کە لە کەسە دڵسۆزەکەدا هەیە و دەشێ باشتریش کەڵک لە تواناکەی وەربگیردرێت، بۆ ئەوەی بێ ئومێدی و بێزاری ڕوو نەکاتە کەسە دڵسۆزەکانمان دەبێ جیاوازی هەبێت نەوەک هاوسەنگی.

لە وەڵاتی هیندستان لاوێکی رەشپێستی گوندنشین، کە داوای گەیاندنی هێڵی تلفونی کرد بە گوندەکەیان پێنج ساڵی پێ چوو، گوندەکەیان دوور بوو، وە بێ بەش بوو لە هەموو خزمەتگوزارییەکی تەکنەلۆجیایی، زانکۆی تەواو کرد بە زەحمەتییەکی ئێجگار زۆر، ڕۆژێک زەمالەیەکی خوێندنی بۆ دەرچوو لە ئەمریکا زانکۆی ( سانفۆرد ) ، هاندانی هاوڕێ و کەسوکاری بەجۆرێ بوو... وای لێ کرد کە بچێت و دەست بە خوێندن بکاتەوە، سەرکەوتوانە قۆناغەکانی بڕی و بەردەوام بوو...... لە ساڵی 2004 لە کۆپانیایەک دادەمەزرێت، ئەو کۆمپانیایە سیستمێکی پەیرەو دەکرد کە پاداشت و سزای وەخۆوە دەگرت، لاوە رەشپێستە هیندیەکە بەردەوام بوو لە بەکارهێنانی تواناکانی و نواندنی دڵسۆزی بۆ پیشەکەی، ڕۆژان هاتن و ڕۆژان چوون ئەو لاوا بەردەوام هاندانی هەبوو بە پاداشت کردن، تا ساڵی 2015 پاداشت کرا بە بەخشینی بەڕێوەبەری گشتی لەناو کۆمپانیەکەدا....! ئێستا دەزانی لە گوندێکی دوورە دەستی و بێ تەکنەلۆژیا ئەم لاوە بوو بە بەڕێوەبەری گشتی Googlle کە گەورەترین و دەوڵەمەندترین کۆمپانیای تەکنەلۆژیە لە جیهاندا، هۆکارەکەی چ بوو ...؟ بێ گومان (هاندان)، با سەرنج بدەین هیندەکان بە کارنەکردن بە پاداشت و سزا کێیان لەدەست داو ئەمریکیەکانیش بە کارپێکردن بە سیستمی پاداشت و سزا کێیان بەدەست هێناو گەیشتنە کوێی سەرمایەی مرۆیی و دارایی ؟!.



Top