دۆران کاڵکان کێیە؟؟

دۆران کاڵکان کێیە؟؟
دۆران کاڵکان ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، دەمێکە وازی لە شوناسی نەژادیی خۆی و دروشمەکانی؛(ئازادی و وەڵاتپارێزیی و سەربەخۆیی کوردستان) هێناوەو خەریکی گەرمکردنی ژینگەو ژوانی سیاسیی و پیلانگێڕییە لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان، لە دوا لێدوانیدا دەڵێ؛(نابێت بەتەنیا باشوری کوردستان ئازاد بێت) .
تێناگەم بەرپرسانی پەکەکە ئەو ترس و فۆبیا مەزنە چییە کە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەیانە؟ ئایە هەرێمی کوردستان هیچ زیانی بۆ ئەوان هەبووە کە ببێتە هۆی ئەوەی ئەو لێدوانە پڕ لە قین و ناحەزانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاربێنی؟ یانیش تەنیا لە بەر ئەوەیە چاویان بەو پێشکەوتن و ئازادی و ساقامگیرەیەی کوردستان هەلناهێت کە پەکەکە لە هەشتاکانەوە تا ئێستاشی لە گەڵدا بێ خەونی بەوە دەبینی و هەر شکستی هێناوە بەهۆی سیاسەتە هەلەکانیان،هەرێمی کوردستانیش ڕۆژ بەڕۆژ بەرزتر وخۆڕاگرتر دەبێت کە بووە جێگای ئومێدو ڕۆشنایی ئاسۆی داهاتووی نەتەوەی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان؟ یان وەڵامی نهێنی ئەو پرسیارەیان دەست ناکەوێت، کە ئایە بۆچی هەرێمی کوردستان تا دێت هەنگاوی مەزنتر دەبێت، پەکەکەش لە سایەی قیادەی وەک دۆران، ڕۆژ بەڕۆژ نائومێدترو ڕشبینتر دەبن و متمانەی گەلی کوردی باکوور لە دەست دەدەن!؟
بەڕێز کاڵکان چونکە خۆی لە ژینگەیەکی تار و توندووتیژیدا گەورەبووە، هەمیشە لێدوانی توندی ڕقاوی دوور لە لۆژیک و ڕاستگۆیی، لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەدات، هەموو قسەکانیشی لە سنووری وەهم و فەنتازیا و بیروباوەڕی چەپگەرادا تێناپەڕن. کالکان دەیەوێت بەم قسانەی سیاسەتە چەوت و شکستەکانی خۆیان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان پەردەپۆش بکات، ئەو هەڤاڵە بەم مێشکە هیشک وعەقڵیەتەی وا دەزانێ لە ساڵانی حەفتاکانی سەردەمی یەکێتی سۆڤێت وچەپگەرای دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا دەژی!
ئاخرهیچ حزبێکی کوردی بە قەد پەکەکە وەشەو دەستەواژەی؛ (ئازادی، دیموکراسی و ئیڕادەی گەل) تێکەڵاوی ئەدەبیاتی سیاسیی و میدیایی خۆی نەکردوە، ئەی خێرە ئێستا وەک ڕێوی لە کونی خۆی هەڵگەڕاوەتەوەو دەخالەت لە کاروباری باشوور و موماڕەسەی مافی ئازادانەی خەڵکی کوردستان دەکەن؟!
ئەمڕۆ گەلی کوردستان لەکەشێکی ئازاد و دیموکراسیدا سەربەخۆ بژیت، بۆیە هیچ هێزێکی دەرەکی بە پەکەکەیشەو ئەو مافەی نییە لە ڕێی لێدوانی نابەجێ دەست لەکاروباری باشوور وەربدات، بۆ پەکەکە باشترە جارێ ئیڕادەی خۆی لە ژێر ئەجێندای داگیرکەرانی کوردستان دەربێنێ ولە باکووری کوردستاندا مژولی کارێن خۆبن!
هەرێمی کوردستان. بۆ ئازادبونی ڕوبارێک خوێنی لەپێناودرا ، تا گەیشتینە حوکمرانی خۆماڵی و وەرگرتنی فیدراڵی لەچوارچێوەی عێراقدا
ئێستا وا بەرەو 30 ساڵەی خۆبەرێوەبەری دەچین کە ئەم هەرێمە بۆتە ماڵێکی پڕ خۆشبەختی و ئاسودەیی بۆ خەڵکی لێ قەوماوی پارچەکانیتریش ، کوردانی ڕۆژهەڵات ، باکور ، ڕۆژئاوا بە ئارەزوی خۆیان لێرە دەژین ، هەرکەسێک مەترسی ڕژێمی وڵاتەکەی لەسەربێ بێ یێک و دوو ، ڕودەکاتە هەرێمی کوردستان و لێرەش بەڕێزلێگیراوی و ئازادی مومارەسەی ژیانی خۆی دەکات ، بۆیە دەبینی زۆربەشیان لە هەموو بوار و جومگە جیاوازەکانی هەرێم کاری خۆیان دەکەن .
زۆر گرنگە ڕێز لە بارودۆخی هەرێم بگیردرێ ، دەبینن وڵاتانی دراوسێ بە عێراقیشەوە ، چۆن هەمیشە لەبۆسەدان بۆ ئەو پارچەیە و تێکدانی بارودۆخی ، جا گەر دوژمن لەبیانو و بۆسەدابێ ، دەبێ هیچ لایێک کارێکی وەها نەکا ببنە پرد بۆ دوژمنان و لە پەنای ئەوان و بەبیانوی ئەوان شەر و ئارێشە بۆ هەرێمی کوردستان چێبکرێ .
بۆیە ڕێزگرتن لە سەروەری هەرێم و نەبنە بیانوی دوژمن هەم چاکەیێکە بۆ هەرێم ، هەم دەتوانن بۆداهاتوو سودی زیاتر ببین ، تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە تێبکۆشن بۆ پارچەکانی خۆیان بەلام بێ زیان گەیاندن بەهەرێم . چونکە ئەم هەرێمە بۆتە جێی تموح و چاوتێبڕینی وڵاتان ، هەر جولەیێکی حزبانی پارچەکانی تر زیانێکە بۆ باشور و خەڵکەکەی .
ئێستا ساڵانێکە گرفتمان بۆ سازدەکەن و خۆیان بەخاوەن ماڵیش دەزانن . ڕاستە ئێمە وەک مێوان لێیان ناڕوانین ، بەڵام ئەوانیش نابێ بەوجۆرە بێ منەتی و ئاژاوەگێری بۆ باشور بجولێنەوە دواجار هەر تێکچونێکی دۆخی ئێرە زیانی بۆ ئەوانیش دەبێ .
خەڵکی ئێرە دوای ساڵانێک لە قوربانی تا گەیشتن بەو ڕۆژە ، کەچی زۆر بەداخەوە بێ گوێدانە هیچ بەرژەوەندیێکی ئەم هەرێمە بەقەد دوژمن و زیاتر لەلایەن ئەو حزبانە و بەتایبەترینیان پەکەکە سەرئێشەی بۆ دروست دەکرێ . ئەوەتە باکوری کوردستان لەڕوی ژمارە و خاک و جوگرافیا زۆر زۆر لە باشور شیاوترە بۆ خەباتکردن ، بەڵام دەبینی هیچ ڕۆڵێک لە خاکی باکور ناگێرن ، بگرە ئێستا لەبەر تورکیا هیچ جموجۆلێکیان لە ڕۆژئاواش نیە و نایانەوێ دەسەلاتی ئەوێ کە هەر هیخۆیانە توشی کێشە بکەن ، ئەوە عەفرین بوە قوربانی و هیچیشیان پێنەکرا ، کەچی لێرە لەشەنگال و قەندیل تا سنوری تورکیا بەسەدان گوند و ناوچەیان پاوانکردوە و ڕێ بە حکومەتی هەرێمیش نادەن کاری یاسایی خۆی بکات . بە ئارەزوی خۆشیان دەچنە باکور یا لێرە زەبر لە هێزی تورکیا دەوەشێنن ودەچنەوە کولانەکەکانیان .
بۆیە گەر ڕێز لە سەروەری هەرێم نەگرن ناچار هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتە بەشێک لە سەقامگیری ئەو سنورانە و دواجار پەتی سەبر دەپچرێ .
بۆیە پەکەکە دەبێ ڕێز لە دۆخی هەرێم بگرێت لەخۆیان و ئێمەشی تێکنەدەن . چونکە تورکیا بە دوچاڵاکی بچوک کۆتایی ناهێت و هیچیش سودی نابێ . یانی دە جەندرمە بکوژی تورکیا دەڕوخێت ؟ نەبەخوا تەنیا دەبنە بیانو بۆ تۆپباران کردنی هەرێم، سەرومالی هاولاتی دەکەوێت ژێر مەترسی .
Top