بەرپرسیاریەتیی قورسی پارتی،بارزانیی بەرامبەر دۆزی كورد
November 6, 2018
وتار و بیروڕا
ئەو هۆكارانەی كە وایكردووە كە پارتیی دیموكراتی كوردستان سزا بدرێت و رووبەرووی دادگا بكرێنەوە بریتین لە : بە دەستهێنانی " ئۆتۆنۆمی - پەرلەمان - حكومەتی كوردستان و فیدراڵی بەدەستهێنانی دەنگی 93%ی سەربەخۆیی بۆ كوردستان و شكاندنی هێرشی داگیركردنی كوردستان بە ئامانجی لە ناوبردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان. سەركەوتن لە شەڕی جیهانی تیرۆریستانی داعش بە شاهیدی هەموو جیهان + سەركەوتنی كوبانێ.شكاندنی ئابڵوقەی ئابووری و دیپلۆماسی و سیاسی سەر هەرێمی كوردستان ..
لە ماوەی تەمەنی پڕ لە شكۆمەند و سەرفرازی پارتی ئەو جۆرە كەسانە پەندیان وەرنەگرتووە، كە پارتی حزبێكی خاوەن پێگەی جەماوەری بەهێزە و حزبێكە كە هەڵقووڵاوی ناخی دڵی تێكۆشەرانی میللەتەكەمانە و بەسەدان هەزار ئەندام و لایەنگرانی لە رۆژی دامەزراندنی بە سەرۆكایەتی باوكی رۆحی كورد بارزانیی نەمر، هەزاران داستان و سەركەوتنی بێ وێنەیان تۆمار كردووە و بەوپەڕی شانازییەوە بەرگری لە كوردستان و میللەتەكەی دەكەن.ئەمڕۆش پارتی لەسەر هەمان رێباز و هەڵوێست بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی درێژە بە خەباتی نەپساوەی دەدات بۆ دابینكردن و بەرگریكردن لە مافەكانی گەلەكەمان، هیچ و كات و ساتێكیش سازشی لەسەر مافە نەتەوەییەكان نەكردووە، بەڵكوو رۆژ لە دوای رۆژ سوورترە لە گەیاندنی میللەتەكەمان بە ئاواتەكانی، ئەمە لە ساتێك تا ئەو رادەیەی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان چەند هەنگاوێكی كەمی مابوو، بەڵام ئەوانەی هەردەم وا پەروەردەكراون، جارێكی دیكە وەك پیشەی هەمیشەییان ئەو ئاواتەیان زیندەبەچاڵكرد، ئاواتی ساڵانێكی پڕ لە خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانیان لەباربرد، ئەمڕۆش بۆ داپۆشینی ئەم كردەوەیەیان دژ بە میللەت دەیانەوێت بە هێرشكردنە سەر پارتی و خانەوادەی بەڕێزی بارزانی رەفتارە خیانەتكارەكەیان لە یادی میللەت ببنەوە. لای هەمووان ئاشكرایە كە خانەوادەی بەڕێزی بارزانی هیچ و كات و ساتێك پلە و كورسی پەرست نەبوون، بەڵكو میللەت و خاك و نیشتمانپەرستن، جەنابی سەرۆك بارزانی رۆژێك لە رۆژان لە خەباتی پڕ لە سەروەری زیاتر لە نیو سەدە بۆ پلە و كورسی نەبوو، بەڵكوو بۆ دابینكردنی مافەكانی میللەتەكەی و دابینكردنی ئاشتی و دیموكراسی و تەبایی و پێكەوەژیان بووە. هەمووان ئەو راستیە دەزانین، بەر لە بریارو وتاری ریفراندۆم، وڵاتە زلهێزەكان لایان وابوو هەوەكو مێژووە رابردووەكان دەتوانن كورد وەكو سەربازێكی ونی خۆیان بەكاربهێنن و لەگەڵ كۆتایی خواست و پێویستیەكانی خۆیان كۆتاییش بەخواستی كورد بهێنن، بەڵام زەنگی ئاڵای كوردستان و پرۆسەی ریفراندۆم، جارێكی ترپەیماننامەی سایكسبیكۆی هێنایەوە سەر میزی گفتوگۆو سەكۆی سیاسی نێودەوڵەتی و بەواتایەكی تر جارێكی تر ئەو پەیمانامەیە هاتەوە سەر مێزی دیالۆگی نێودەوڵەتی. سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەو كارتەیە كە كورد خستیە ناو گۆرەپانی سیاسی نێودەوڵەتی، بەدڵنیاییەوە ژیرانە بەكارهێنانی ئەو كارتە بەرهەمێكی گەورەی دەبێ بۆ كوردستان و كورد و نابێ لەبارببرێ. هەربۆیە بەچاكی دەزانم ئەو بایەخەی كە ریفراندۆم و ئەنجامەكەی هەیانە وەك كارتێكی سیاسی كاڵ و كرچ نەكرێ و ببرێتە سەرمێزی گفتوگۆ و دیالۆگی نێودەوڵەتی. ئەگەر ئێستا لە رێگەی گوشاری ئابووری و ئابڵوقەدانەوە دەیهەوێت كورد ناچار بكات پاشگەز بێتەوە، بەڵام ئەو ریفراندۆمی سەربەخۆیی بووە مێژوو و تاپۆیەكی هەمیشەیی بۆ كورد وكوردستان و بەكەس ناسڕێتەوە.
ئێستا دەبینین رۆژانە هەموو لایەنەكان پەنا بۆ بارزانی دێنن و داوای لێ دەكەن چارەسەرێك بۆ تەنگژەی عێراق بدۆزێتەوە. بارزانی لەسەر ئاستی نەتەوەی كوردیش هیوا و ئومێدێكی گەشە لە دڵ و دەروونی هەموو كوردێكدا، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك قوتابخانەی كوردایەتی ، لە پێناو خزمەتكردن گەلی كورد و سرفرازبڵندیی نەتەوەیەك دروستبووە و بە هەموو توانایەكەوە هەوڵی داوە خاك ونیشتیمانی رزگار و سەربەست بژێت .پارتییە لەپێناو یەكگوتاری نێو ماڵی كورد سازشی لە مافەكانی خۆی كردووە. ئەمەش لەو روانگەوەیە كە پارتی حیزبێكە و بە كردار بەرنامەی هەیە نەوەك هەر بە قسە و دروشمی سیاسی، پارتی هەر لە 1946ەوە بەو هەناسەیە كاری حیزبی خۆی كرد، كە سنوری جوگرافی ببڕێ و تابۆكانی تائیفەیەكی داخراو تێك بشكێنێ، ئێستا پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی و كوردستانی دیسانەوە وەك حیزبی یەكەمی خۆی سەلماند و پێگەی جەماوەری زۆر زیاتر لەجاران، هەرچەندە پیلانگێری زۆركرا بۆ ئەوەی پێگەی پارتی لاواز بێت، بەڵام پارتی چۆكی دانەدا و بە حوكمی قاعیدەی پتەوی جەماوەری خۆی پێشەنگایەتی بەرنەدا. نەك هەر ئەوەندەش، بەڵكو تەنها پارتی بوو كە پێداگیری لەسەر سازدانی ئەو پرۆسە دیموكراسییە دەكرد و پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كە دەیگوت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، نەیارانی پارتی ویستیان بە ریفراندۆم سزای پارتی بدەن، بێ ئاگا لەوەی كە سەربەخۆیی كوردستان داخوازی هەموو خەڵكی كوردستانە و بە ڕیفراندۆمەوە نەبەستراوەتەوە. پارتی بە سیاسەتێكی حەكیمانە و ورد توانی پیلانگێری و هەوڵەكانی بچووككردنەوەی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان لەبار ببات، لەو روانگەوەی هێزەكانی پێشمەرگەش لە داستانی پردێ و سحێلان بەرپەرچی هێرشە داگیركارییەكانییان دایەوە و رێگەیان نەدا لە رووی سەربازییەوە كوردستان داگیر بكەن" بە جۆرێك وانەیەكی وایان بە داگیركەرو خیانەتكار و خاكفرۆشاندا، كە هەتا هەتایە لەبیری نەكەن. پارتی بەهۆی دەنگ و دڵسۆزی كاسبكار و چینی زەحمەتكێشان و كرێكار و خەڵكی عەوام كێرڤی خۆی بەرز كردەوە، بۆیە پێویست دەكات پاداشتی ئەو دڵسۆزیە بە هەنگاوی چاكسازی فراوان بداتەوە و بژێویان دابین بكات و كەرامەتیان و سەرو ماڵ و سەقامگیرییان بپارێزێ و بۆ بەدیهێنانی ئاواتی لە مێژینەیان تێكۆشێ. پارتی پێویستە متمانە بۆ كەوادیری دڵسۆزی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوانەی جگە لە ئینتیمابوون یەقینیان بە رێبازی بارزانی، هیچ بەرژەوەندییەكی دیكە بە پارتیان نەبەستیونەتەوە. ئەوانەی دەروێش ئاسا لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ سەركەوتنی پارتی كاریان كردووە و لەسەر حیسابی قووتی ماڵ و منداڵیان قوربانیان بۆ پارتی و رێبازی بارزانی داوە. هەر بۆیە گرنگە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، حەز و خولیا و ئاواتی لایەنگر و ئەندام وكەوادیری خۆی بخوێنێتەوە و هەروەها بوار و بنەماكانی ژیانیان بۆ زامن بكات و هەلوێستی ئیجابیان دەربارە وەربگرێ و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتیەكانیان زامن بكات. ..

رێبوار حەمەلاو شوانی