خەریكە عێراق دەبێتە لوبنانێكی دیكە و بە تەواوەتی پرۆسەی سیاسی لەبەریەك هەڵدەوەشێت
April 7, 2016
راپۆرتەکان
«ئەگەرچی هەڵمەتە سەربازییەكەی دژ بە داعش لە عێراقدا بەرەوپێشچوونی بەدەستهێناوە، بەڵام هەوڵ و كۆششە سیاسییەكان بە هەمان ئاست هەنگاویان هەڵنەگرتووە. ئەمە پرسێكە مایەی كێشەیەكی قووڵە، چونكە هەمیشە هۆشداری دراوە لە بارەی ئەوەی تەنانەت لە حاڵەتی سەركەوتنی سەربازی یەكلاكەرەوەدا دژ بە داعش، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە، ئەمە سەركەوتنێكی كاتی بێت، ئەگەر پلانێك نەبێت بۆ خوڵقاندنی سیاقێكی سیاسی كە سەركەوتنە سەربازییە تاكتیكییەكان بگۆڕدرێن بۆ دەستكەوتگەلێكی سیاسیی بەردەوام. تەنانەت رەنگە دۆخەكە خراپتریش بێت لە سایەی ئەو هەلومەرجەدا، دیارە هەمیشە بەرەوپێشچوون لە بەرەی سەربازیدا هاوشان نەبووە بە بەرەوپێشچوونی سیاسی لە عێراقدا. ئەگەرچی سەرۆك وەزیران عەبادی چەند هەوڵێكی داوە لە بواری سەربازیدا و چەند هەنگاوێكی گرنگی هەڵگرتووە بۆ بە نامەركەزیكردنی دەسەڵات لە پارێزگاكاندا، بەڵام بەداخەوە سەرۆك وەزیران چەند جارێك هەوڵە بوێرەكانی خۆی لە باربردووە لە رێی بە هەڵە ئیدارەدانی پرۆگرامە گرنگەكانەوە. بۆیە هەست دەكرێت عێراق ملی رێی گرتووە بەرەو ئەوەی ببێتە لوبنانێكی دیكە. مەبەست لە لوبنانبوون تەنیا بوونی حزبێكی هاوشێوەی حزبوڵا نییە، كە میلیشیایەك بێت و ئێران بەسەریدا باڵادەست بێت، لەگەڵ هەموو ئەو كێشە ئەمنییانەی كە دەیخوڵقێنێت، بەڵكو مەبەست لێی ئیفلیجبوونی تەواوی پرۆسە سیاسییەكەیە. كە ئەمەش سەردەكێشێت بۆ ئیفلیجبوونی حكوكمڕانی و سیستمی ئابووری وڵاتەكە. بۆ نموونە، لیژنەی ئاشتەوایی بە دەگمەن كۆبوونەوە دەكات، خۆ ئەگەر كۆبوونەوەش ئەنجام بدات، ئەوا دەرئەنجامێكی كەم بەدەست دەهێنێت. تەنانەت هەندێ لە نزیكترین هاوپەیمانە سوننەكانی عەبادی-یش لە نێو سەركردە سوننە میانڕەوەكاندا نائومێد و تووڕەن لە ئاست ئەوەی لە پرۆسەی ئاشتەواییدا بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەدەست نەهاتووە. هەرچۆنێك بێت، دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراقدا بەهێزە و بێگومان بەهێزتریشە لە دەستڕۆیشتوویی ئەمەریكا لەم وڵاتەدا. بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت كاریگەری ئێران لەم چەند مانگەی دواییدا بە شێوەیەكی بەرچاو كەم بۆتەوە. راپۆرتگەلێك هەن ئاماژە بەوە دەكەن پێكهاتەكانی نێو حەشدی شەعبی- ئەوانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن- مووچەیان پێنەدراوە. زۆرێك لە شیعەكان پرسیاری ئەوە دەكەن بۆچی بەشێك لە حەشدی شەعبی لە لایەن ئێرانەوە رەوانەی سووریا دەكرێن بۆ ئەوەی لە پێناوی ئەسەددا شەڕ بكەن و بكوژرێن؟ ئەگەرچی حەشدی شەعبی هەڵمەتەكانی پاكتاوكردنی رەگەزەی ئەنجام دەدەن و هەوڵیش دەدەن ئەم هەڵمەتە درێژ بكەنەوە بۆ ناوچە سوننەنشینەكانی دیكەش. لە ئێستادا بەرەوپێشچوونە ئابووری و سیاسییەكان لە عێراقدا بەرەوپێشچونگەلێكی سلبین. وڵاتەكە لە رووی سیاسی و لەسەر سەرجەم ئاستەكاندا پارچەپارچە بووە و ئەو هێزانەی دەیانەوێت لە وڵاتەكە داببڕێن، پتر بەهێز دەبن. ئەمانەش حكومەتەكەیانی ئیفلیج كردووە، ئەم دۆخەش ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە ئەگەری زۆرە عێراق دووچاری بارودۆخێكی هاوشێوەی بارودۆخی ئێستای لوبنان بێت، ئەگەر نەڵێین بارودۆخی لوبنانی نێوان ساڵانی 1975 و 1991. لەوەش زیاتر، هیچ چارەسەرێكی روون لە ئارادا نییە لەلایەن عێراقییەكانەوە، هیچ شتێكیش بەدی ناكرێت كە پێشبینی ئەوەی لێبكرێت عێراق لەم رێگەیە دەرباز بكات و بیخاتە سەر رێیەكی باشتر و بنیادنەرتر.
