حزبی سیاسی پێویستییەك بۆ شۆڕش و دیموكراتی
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك نموونە

حزبی سیاسی پێویستییەك بۆ شۆڕش و دیموكراتی <br /> پارتی دیموكراتی كوردستان وەك نموونە

ئەم نووسینە بە بۆنەی نزیك بوونەوەی 69یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نووسراوە، بەڵام هێندەی لەسەر حزبی سیاسی وەك پێویستییەك بۆ شۆڕش و دیموكراتی هەڵوەستە دەكەین، هێندە لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوەستە نەكراوە، بە پێچەوانەوە هەوڵدراوە شێوازێكی بەراوردكاری بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ پێداویستیی حزب بۆ شۆڕش و بۆ بونیادی دیموكراتی پیادە بكرێت.

ئەوەی باوە لە ئەدەبیاتی حزبی رۆژهەڵاتیدا ئەوەیە حزب هەموو شتێكە، حزب شۆڕش هەڵدەگیرسێنێت، حزب دیموكراتی بونیاد دەنێت، بۆیە زۆر جاران كە یادی حزبە سیاسییەكانی كوردستان و تەنانەت رۆژهەڵاتییەكانیش دەكرێتەوە، دروشمی سەرەكییان ئەوەیە فڵان حزب شۆڕشی هەڵگیرسان، فڵانە حزب سەرچاوە و ئیلهامی دیموكراتی و ئازادی و تاد. بووە.

لێرەدا زۆر گرنگە لە ساڵیادی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بە ڕاشكاوی ئەو راستییە بە نەوەكانی ئێستا بڵێین: ئەوەی جێگەی شانازییە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەیە كە ئەو حزبە لەناو شۆڕش و بۆ رێكخستنی شۆڕشی سەرتاسەری كوردستان دروست بووە، ئەمەش واتە پارتی پێش شۆڕش دروست نەبووە، بەڵكو پارتی دوای شۆڕشی دووەمی بارزان، كە شۆڕشێكی سەرتاسەری كوردستان بووە و لیژنەی ئازادی سەركردایەتی ئەم شۆڕشەی كردووە، هەروەها دوای چوونی پێشمەرگەكانی شۆڕشی دووەمی بارزان پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16 ی ئابی 1946 دامەزراوە.

كەواتە ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو حزبە كوردستانی و رۆژهەڵاتییەكان و چەپەكان جیادەكاتەوە، ئەوەیە پارتی بەرهەمی پێداویستی قۆناخێكی دیاریكراوی مێژووی نەتەوەیە، نەتەوە راپەڕیوە و شۆڕشی دەست پێكردووە، بەڵام ئەم شۆڕشە و بەردەوامی شۆڕشەكە پێویستی بە دامەزراوەیەكی سیاسی هەیە، بۆ ئەوەی تواناكان و هێزەكان یەكبخات و ئاڕاستەیان بكات. كەواتە پارتی بۆ ئەوە دانەمەزراوە كە بە میللەتی خۆی بڵێت راپەڕیوە و شۆڕش دەست پێبكا، بەڵكو میللەتی كوردستان راپەڕیوە و دەستی كردووە بە شۆڕش و پێداویستی ئەم شۆڕش و راپەڕینە پارتی-یە.

لێرەدا كە شێوازی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك پێداویستییەكی دامەزراوەیی سیاسی لە شێوەی بەرەیەكدا پێناسە دەكەین و لە حزبەكانی دیكەی جیای دەكەینەوە، لەبەر ئەوەیە لە فیكری مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستاندا، پێناسەی بۆ پارتی لە پێناسە چەپ و رۆژهەڵاتی بۆ حزب جیاواز بووە. ئەمەش لەبەرئەوەیە پێش دامەزراندنی پارتی لە كوردستان، حزبی سیاسی هەبوون،نەك یەك و دووان، بەڵكو چەندین حزبی جیاوازیش بوونیان هەبوو، ئەم حزبانە هەریەكەیان پشتگیر و هاوكاری شۆڕشی دووەمی بارزان، هەروەها بە هاناچوونی پێشمەرگەكانی ئەو شۆڕشە بوون بۆ كۆماری كوردستان، بەڵام پێداویستی ئەو قۆناخە بەوەی پێویستە هەموو حزبە سیاسییەكان تواناكانیان یەكبخەن و هەموویان بە یەك دەست تواناكانی جەماوەر رێكبخەن، بیرۆكەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتەئاراوە، بۆیە ئەگەر سەیری دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، بەشی هەرە زۆریان پێشتر سەرۆك حزب و ئەندامانی حزبە سیاسییەكانی دیكە بوون، ئەم مێژووە پێمان دەڵێت: پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر ئەوە دروست نەبووە كە پێش خۆی حزبی سیاسی نەبووە، یان لەبەر ئەوە نەبووە حزبە سیاسیەكانی پێش پارتی پشتگیری شۆڕشەكانیان نەكردووە، بەڵكو لۆژیكی دروست بوونی پارتی، دامەزراندنی بەرەیەك بوو بۆ كۆكردنەوەی بەشی هەرە زۆری حزبە كوردستانییەكانی ئەو سەردەمە.

لایەنێكی دیكەی دامەزراندنی پارتی، بەتایبەتی ئەوەی تایبەتە بە دامەزرێنەرەكەی، ئەوەیە كە مستەفا بارزانی لەبەر ئەوە پارتی دانەمەزراندووە كە ببێتە سەرۆكی پارتی، نەخێر پێش ئەوەی پارتی دابمەزرێت، مستەفا بارزانی خۆی سەرۆكی نەتەوە بووە و نەتەوەش بە شانازییەوە ئەو سەرۆكایەتییەی ئەوی قبووڵ كردووە، نەك هەر لە باشووری كوردستان، بەڵكو لە هەر چوارپارچەی كوردستان، پێش دامەزراندنی پارتی بە چەند ساڵێك مستەفا بارزانی بە ناوی گەلی كوردستان و شۆڕشی كوردستانەوە لە ساڵی 1943 نامەی بۆ عەبدولڕەحمان عەزام پاشا نووسیوە، كە كەسایەتییەكی گەورەی عەرەبی میسری بووە و دوای دامەزراندنی كۆمكاری عەرەبی بووەتە سەرۆكی كۆمكاری عەرەبی، پێی راگەیاندووە شەڕی كوردستان لەگەڵ عەرەب نییە و لەگەڵ ئەو رژێمە زاڵمانەیە كە كورد و عەرەب پێكەوە دەچەوسێننەوە. هەروەها لەساڵی 1944 حكومەتی پادشایەتی عێراق بە فەرمی دانوستاندنی لەگەڵ شۆڕشی دووەمی بارزان كردووە و خوالێخۆشبوو ماجید مستەفا كە ئەوكات وەزیر بووە، سەرۆكایەتی شاندی حكومەتی پادشایەتی عێراقی كردووە. لەمەش گرنگتر راستە لە كاتی كۆماری كوردستان 1946 پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا، بەڵام بارزانی مستەفا سەرۆكی ئەركانی كۆماری كوردستان بوو، هێشتا سەرپەرشتی یەك كۆبوونەوەی پارتی نەكردبوو، كە قازی محەمەد ئاڵای كوردستانی پێسپارد و وەك ئەمانەت دایە دەستی جەنابی مستەفا بارزانی و ئەو ئەمانەتەی تەسلیمی سەرۆك مسعود بارزانی كردووە، بۆیە لەوانەیە زۆر كەس درك بەوە نەكات، بۆچی سەرۆك مسعود بارزانی هەموو ژیانی خۆی تەرخان كردووە بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێنێت، سەرۆك مسعود بارزانی وەك پێشمەرگەیەكی بەوەفای هەموو سەركردە كوردەكانی پێش خۆی، تا دەگاتە شێخ مەحموودی حەفید و قازی محەمەد و مستەفا بارزانی، خۆی بە درێژەپێدەری رێباز و فیكری هەموویان دەزانێت، هەربۆیە ئەگەر لە رەفتارو هەنگاوەكانی سەرۆك مسعود بارزانی زیاتر ورد ببینەوە، لەوانەیە لە روویەكەوە ئامانجی دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان، وەك ئامانجێك بخوێندرێتەوە كە مستەفا بارزانی لە سەردەمی خۆی بۆی نەهاتەدی، بەڵام ئامانجی مستەفا بارزانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، ئامانجی قازی محەمەد بووە و قازی محەمەد-یش كە كۆماری كوردستانی راگەیاند، ئامانجی شێخ مەحمودی حەفید و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی هێناوەتە دی. هەموو سەركردەكانی كورد لە شێخ عوبێدوڵای نەهری تادەگاتە شێخ عەبدولسەلام بارزانی و تا دەگاتەوە سەرۆك مسعود بارزانی، هیچ كام لەم سەركردانە پێویستییان بە نازناوی سەرۆك نەبووە، هەر بۆیە مێژووی سەركردەكانی كوردستان پێش لێكترازانی حزبی و دروستبوونی دووبەرەكی حزبی، هەموویان وەك ئەڵقەكانی یەك زنجیرە وان و هەموو سەركردەیەك خۆی بە پێشمەرگەیەكی سەركردەیەكی پێش خۆی دەزانێت، هەروەك چۆن موحسین دزەیی بۆی گێڕاینەوە، مستەفا بارزانی زۆر تووڕە بووە كاتێك پێیان وتووە پێشەوا، لە وەڵامدا وتوویەتی ئێمە یەك پێشەوامان هەیە، ئەویش قازی محەمەدە.

كەواتە ئەم مێژووەی دامەزراندنی پارتی وەك حزبێكی سیاسی، دوو وانەی گرنگ فێری هەر تاكێكی كوردستان دەكات، كە دەشڵێین هەر تاكێكی كوردستان و ناڵێین هەر ئەندامێكی پارتی، بۆ ئەمەیان دەڵێین، ئەگەر ئەندام و كادرانی پارتی لێمان تووڕە نەبن، ئاشكرایە بنەمای ئەندامبوون لە پارتی كوردبوون و كوردستانیبوون بووە، پارتی ئەو حزبە نەبووە ئەندامەكانی خۆی بە ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو (ئەوەی حزبە تۆتالیتارییەكان پێی دەڵێن: تەسقیفی حزبی) ئەندامەكانی خۆی رۆشنبیر بكات، لە فیكری بارزانیدا گەلی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە، هۆشیارە و پێویستی بە رۆشنبیریی حزبی نییە، ئەوەی پێویستی پێیە هۆشیار بكرێتەوە و بە زامی نەتەوەكەی رۆشنبیر بكرێت، ئەو كادرانەن كە میللەت نوێنەرایەتی خۆی بۆ شۆڕش پێسپاردوون، هەر بۆیە ئەگەر لە ناو مێژووی مستەفا بارزانیدا، فیكر و ئەخلاق و رەفتاری مستەفا بارزانی بە میتۆدێكی ئەركیۆلۆژییانە بێنینەوە دەنگ، هەست دەكەین، بارزانی مستەفا هەموو كات گوێی لە چین و توێژە جیاوازەكانی گەلەكەی گرتووە، بۆ ئەوەی گەلەكەی هۆشیاری بكاتەوە، نەك ئەو گەلەكەی هۆشیار بكاتەوە، ئەوەی ئێستا لە نەوەكانی پێش خۆمان گوێمان لێدەبێت و لە نزیكەوە بارزانی مستەفایان ناسیوە، ئەوەی بە شانازییەوە بۆمان دەگێڕنەوە ئەوەیە كە دەڵێن بارزانی مستەفا گوێی لێدەگرتین و نەیدەهێشت هەستی پاكی كوردایەتی و كوردستانی بوون بە سیاسی بكرێت، ئەگەر لەسەر ئەم راستییانە جارێكی دیكە ئەم فیكر و ئەخلاق و رەفتارانەی مستەفا بارزانی بێنینەوە دەنگ، ئەوا ئەو فیكرو ئەخلاق و رەفتارە بەشێوەیەكی دیكە سیاسەتمان بۆ پێناسە دەكاتەوە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر سیاسەت لە پێناوی خزمەتی نەتەوە و بۆ رزگاركردنی نەتەوە نەبێت، ئەوە سیاسەت نییە و ئەخلاقی سیاسەتیشی تیدا نییە. بۆیە هەر كەسێك، یان تاكێكی كوردستانی ئەوجا هەر بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژیەتێكی هەبێت، ئەگەر سیاسەت لەسەر ئەو بنەمایە بكات، بەوەی بنەمای سیاسەت بەرژەوەندیی گشتی و بۆ بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیە، ئەوا ئەگەر ئەندامی پارتیش نەبێت، هیچ كێشەیەكی لەگەڵ پارتی نییە.

وانەی دووەم كە لەم مێژووە فێری دەبین، رەفتاری سەرۆك و ئەو دەستە دامەزرێنەرەن كە ئەم حزبەیان دامەزراندووە، ئەویش دروستبوونی ئەو قەناعەتەیە بوون بە پارتی بۆ پلە و پایە نییە، هەروەها بۆ ئەوەش نییە كە نوێنەرایەتی میللەتی خۆت دەكەیت، ئەوجا لە هەر پلە و پۆستێك، متمانەی میللەتی خۆت لەدەست بدەیت و لەكارەكەی خۆتدا گەندەڵی بكەیت، ئەم وانەیە بۆ ئەندامان و كادرانی پارتی زۆر گرنگە پەندی لێوەربگرن، لەبەر ئەوەی ئەندام و كادرانی پارتی لە ژێر وێنەی مستەفا بارزانی وەك سەرۆكی نەتەوە و لە بەردەم ئاڵای كوردستاندا كاری رۆژانەیان دەكەن، بۆیە ئەگەر بزانن ئەو ئاڵا و وێنەیە چ ئەركێكی گرانی خستۆتە سەرشانیان، ئەوا هەرگیز ویژدانیان رێگەیان پێنادات، نەك گەندەڵی، بەڵكو كەمتەرخەمیش بكەن، لێرەدا جێگەی خۆیەتی لە تەفسیرێكی كورت پێناسەی ئەو ئاڵا و وێنەیە بكەین كە لە پشت سەر خۆمان دامانناوە.، ئەوە مانای ئەوەیە نەك هەر بە تەنیا لەبەر دەست و رۆشنایی فیكری مستەفا بارزانی كار دەكەین، بەڵكو قازی محەمەد-یش سەرۆكی یەكەمین كۆماری كوردستان لە پشتمانەوە وەستاوە و چاودێریمان دەكات، ئەو ئەمانەتەی بە مستەفا بارزانی بۆی ناردووین، چۆن رێزی دەگرین؟

ئەم خوێندنەوەی فیكرییە بۆ رۆڵ و پێداویستی حزبی سیاسی كە لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان، دەكرێت لەناو شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا دووبارە پێناسەی بكەینەوە. لە وانەی یەكەمی مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئاماژەمان بەوە كرد، ئەندامبوون لە پارتی پێوەندی بە پارتایەتییەوە نییە و ئەگەر پارتیش نەبی، یان حزبێكی دیكەش بیت، پارتی هەروەك ئەندامی پارتی مامەڵەی لەگەڵت كردووە، هەر بۆ نموونە هەموو سەركردەكانی حزبی شیوعی عێراقی ئەوانەی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە بوون، هەر هەموویان بە هاوڕێ عەزیز محەمەد -یشەوە شانازی دەكەن كە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوون لە ژێر رێبەرایەتی بارزانیی نەمردا، هەموو ئەوانەی هەڵگری بیری نەتەوەیی (كاژیك) بوون، نەك هەر خۆیان بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول دەزانن، بەڵكو مستەفا بارزانی بە رابەری بیری نەتەوەیی دادەنێن، تەنانەت شەهیدی سەركردە فەتاح ئاغا كە هەڵگری بیری نەتەوەیی بوو، یەكێك بووە لە فەرماندەی هێز لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا، شەهید ئیدریس بارزانی داوای لێكردووە ببێتە مامۆستا بۆ نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەی بە بیری نەتەوەیی گۆشی بكات، ئەم مێژووە پێمان دەڵێت: پارتی یەك ئەركی مێژوویی لەسەر شانە، ئەویش ئەوەیە پارێزەری فیكری نەتەوە بێت و رێگە نەدات ئەم فیكرە پاك و بێگەردە بە ئایدیۆلۆژیەتی نامۆ و دەرەكی گەردی بەر بكەوێت.

پرسێكی دیكە كە زۆر ئەركی سەرشانی پارتی بە گشتی و سەرۆك مسعود بارزانی بەتایبەتی قورس كردووە، فیكر و تێگەیشتنی مستەفا بارزانی-یە بۆ كوردبوون و كوردستانیبوون، لە فیكری مستەفا بارزانی-دا كورد یەك نەتەوەیە و خاكەكەشی جوگرافیایەكی یەكگرتووە، لەناو ئەم جوگرافیایەی پێی دەگوترێت كوردستان، نەتەوە و ئایینی جیاواز هەن و بە درێژایی مێژوو لەگەڵ كورد لەسەر ئەو خاكە ژیاون، بۆیە كوردستان نیشتمانی هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانە، راستە لەم نیشتمانەی پێی دەگوترێت كوردستان، كورد زۆرینەیە، بەڵام زۆرینە بەو مانایە نییە مافی نەتەوە و ئایینەكانی دیكە پێشێل بكات، بەڵكو زۆرینە بۆ ئەوەیە بەدەنگی بەرز بە هەموو جیهان بڵێت لە كوردستان ئایین و نەتەوە كەمینە و زۆرینەی بۆ نییە و بە كەمینە و زۆرینە حیساب ناكرێت، نەتەوە و ئایین هەر نەتەوە و ئایینە و هیچ جیاوازییەكیان نییە. هەر بۆیە فیكری بارزانی كە سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ فیكری نەتەوەیی كوردی، ئەو ئاشتی و پێكەوەژیانە ئاشتییانەی بەرهەم هێناوە كە پاپای فاتیكان لە دەوڵەتی فاتیكانەوە سوپاسی سەرۆك مسعود بارزانی دەكات.

لایەنێكی دیكەی فیكری بارزانی مستەفا بۆ كوردستانیبوون و كورد بوون، پرسی كوردە لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان، ئەم فیكرە هەر چوارپارچەی كوردستانی لەخۆ گرتووە، راشكاوانەتر فیكری بارزانی مستەفا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان چارەسەری ئاشتییانە و دیموكراتییانەیە، ئەگەر ئەم چارەسەرە رەتكرایەوە، ئەوا خەباتی چەكداری هەقێكی رەوای كوردە لە هەر چوارپارچەكە بەرگری لەخۆی بكات، بەڵام ئەگەر دەرفەتی چارەسەری ئاشتییانە هاتە پێشەوە، نابێت بازی بەسەردا بدرێت، لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر ورد گوێ لە هەندێك لە وەڵامەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بگرین كە لەكاتی زۆر هەستیار و ناسكدا بۆ نموونە لەسەر خەباتی چەكداری پەكەكە دژی توركیا لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە ئاڕاستەی دەكرا، سەرۆك مسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەی باش دەزانێت توركیا بۆ كوردستان چەند گرنگە، بەڵام راشكاوانە بەجیهانی رادەگەیاند ئەگەر توركیا دەرگای ئاشتی كردەوە و پەكەكە وەڵامی نەدایەوە، ئەو كاتە من هەڵوێستی خۆم دەردەبڕم، ئەم لێدوانەمان هەم لە نێچیرڤان بارزانی و هەم لە مسرور بارزانی گوێ لێبووە، چونكە ئەمانیش پەروەردەی هەمان قوتابخانەی فیكری بارزانین. ئەوا وەك بینیومانە نێچیرڤان بارزانی زۆر راشكاوانە لەناو میدیای بینراو و نووسراوی توركیا وتوویەتی چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا كێشەیەكی سەربازی نییە و دەبێت لەگەڵ پەكەكە دانوستاندن بكرێت، هەروەها مسرور بارزانی لەناو پەرلەمانی ئەوروپا بە جیهانی راگەیاند: ئێمە پەكەكە بە تیرۆریست نازانین. ئەگەر بە ویژدانەوە باجی ئەم لێدوانانە بخوێنینەوە كە چەند لایەنی بەرامبەری تووڕە كردووە، بەتایبەتی لەسەر هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی بەرامبەر پەكەكە، ئەوا ویژدانمان پێمان دەڵێت: سەرۆك مسعود بارزانی ئەگەر ژیانی خۆیشی لەسەر دانابێت، ناتوانێت لە فیكر و رێبازی بارزانی لابدات، ئەم جەختكردنەوەی سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر فیكر و رێبازی بارزانی لەبەر ئەوە نییە كە مستەفا بارزانی باوكیەتی، بەڵكو لەبەر ئەوەیە پێش ئەوەی مسعود بارزانی لە 16ی ئابی 1946 لەدایك بێت و پارتیش بوونی هەبێت، نەتەوەی كورد و سەرۆكە گەورەكانی كورد بە سەرۆكی كوردستان قبووڵیان بووە، ئەوجا نەك هەر سەرۆك مسعود بارزانی بەڵكو هەموو سەرۆك حزبەكانی هەر چوار پارچەكە ئەگەر لە ماوەیەكی مێژووییشدا خۆیان وەك دژی مستەفا بارزانی پیشاندابێت، یان نمایشی سیاسییان كردبێت، سەرەنجام هەر چوونەوە لای بارزانی مستەفا و هەر خۆیان بە پێشمەرگەی ئەو زانیوە. بۆیە مستەفا بارزانی بۆ كوردستان وەك جۆرج واشنتۆن وایە بۆ ئەمریكا، ئەوان چۆن جۆرج واشنتۆن بە باوكی دامەزرێنەری كۆماری ئازادی ئەمریكا ناو دەبەن، بۆ هەر تاكێكی كوردستانیش لە هەر شوێنێكی كوردستان بێت، مستەفا بارزانی باوكی دامەزرێنەرە و نەتەوە لێی قبووڵ ناكات ئەو فیكر و رێبازە پێشێل بكات. هەروەك چۆن ئەمریكییەكان دوای زیاتر لە 230 ساڵ لە هیچ سەرۆكێكی قبووڵ ناكەن. ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری سەرۆك مسعود بارزانی بكەین كە لە هەر چوار پارچەی كوردستان درێژە بە هەمان رێباز و فیكر دەدات، ئەوا دەگەینە ئەو ئاكامەی پێوەندی نێوان سەرۆك مسعود بارزانی لەگەڵ مستەفا بارزانی پێوەندی نێوان پێشمەرگەیەك و باوكی دامەزرێنەرە، نەك پێوەندی باوك و كوڕ، ئەگەر راشكاوانەتریش سەیری مێژووی ژیانی سەرۆك مسعود بارزانی بكەین، دەبینین هێندەی پێوەندی نێوان ئەو و مستەفا بارزانی پێوەندی نێوان پێشمەرگە و باوكی دامەزرێنەرە، هێندە پێوەندی نێوان باوك و كوڕ نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سەرۆك مسعود بارزانی هەتا تەمەنی 13 ساڵی مستەفا بارزانی نەبینیوە و ئاوارە بووە، كاتێكیش مستەفا بارزانی لە كۆتایی 1958 دەگەڕێتەوە وەك سەرۆكی نەتەوە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان پێشوازی لێكراوە، لەمە بەدوا مستەفا بارزانی ئەركێكی هێندە قورسی لەسەر شان بووە هەتا هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول 1961، لەوانەیە هێندە نەپەرژابێتە سەر ئەوەی وەك باوك و كوڕ لەگەڵ سەرۆك مسعود بارزانی مامەڵە بكات.بۆیە ساڵی 1962 كە سەرۆك مسعود بارزانی دەبێتە پێشمەرگە، لەو ساڵەوە بە شێوەیەكی راستەوخۆ لەبەر دەستی بارزانی فێری فیكری نەتەوەیی و پێشمەرگایەتی بووە، ئەمەش واتە پێوەندییەكە لە پێوەندیی باوك و كوڕەوە، دەگۆڕێت بۆ پێوەندی نێوان پێشمەرگەیەك و باوكی دامەزرێنەری فیكری نەتەوەیی. بۆ ئەوەی ئەمە روونتر و ئاشكراتر بێت، لەوانەیە لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆ و بۆ ئیستهلاكی مەحەلی هەندێك سەركردەی لۆكاڵ بڵێن: ئێمە لەسەر رێباز و فیكری بارزانی ناڕۆین، بەڵام ئەگەر ئەو سەركردە لۆكاڵانە راستگۆن، با لەسەر ئاستی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، دەوڵەتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەو خەتە سوورە ببەزێنن كە بارزانی مستەفا وەك سنوور بۆ بەرژەوەندییەكانی نەتەوەی كورد و كوردستانییەكان كێشاویەتی، ئەوكات دەزانن گەلی كوردستان چۆن نەفرەتیان لێدەكات. ئەم خوێندنەوەیە بۆ پێداهەڵگوتن نییە بە شان و باڵی پارتیدا، لەبەر ئەوەی لەوانەیە پارتییش، پێش هەر حزبێكی دیكە لە مەحەكی فیكری مستەفا بارزانی-دا رەخنەی كەمی لەسەر نەبێت، بەڵكو ئەم خوێندنەوەیە بۆ هەر تاكێكی ئەم كوردستانەیە بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە. ئێمە پارتی وەك تەنها یەكێك لە بەرهەمەكانی فیكری مستەفا بارزانی دەخوێنینەوە و دەشزانین لەناو ئەو خوێندنەوەیەدا پارتی بێ رەخنە نابێت و رووبەڕووی رەخنەی زۆر توند دەبێتەوە، بەڵام ئامانج لەم خوێندنەوەیە ئەوەیە كە ئێستاش وەك ساڵانی 1943 و 1946 و 1961، پێویستمان بە پارتی دیموكراتی كوردستانە كە سەرلەنوێ نەك تەنها ریزەكانی گەلی كوردستان لە باشووری كوردستان، بەڵكو ریزەكانی گەلی كوردستان لە نیشتمانی كوردستاندا یەكبخاتەوە.

بۆ كورد جێگەی خۆشحاڵی و سەربەرزییە، لە هەفتەی رابردوو شاندێكی باكوور هاتوون بۆ لای سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ئەوەی یارمەتی توركیا و پەكەكە بدات بۆ ئەوەی لە بری شەڕ ئاشتی دەست پێبكەنەوە، هەروەها بۆ كورد جێگەی شانازییە هەموو لایەنەكانی رۆژئاوا لە هەولێر و دهۆك لە دەوری سەرۆك بارزانی كۆدەبنەوە، بۆ كورد جێگەی شانازییە لایەنەكانی رۆژهەڵات لە دەوری بارزانی كۆدەبنەوە.

لەم قۆناخە مێژووییەدا، گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان بزانێت ئەركی ئەم حزبە چەند قورسە، گرنگە بزانێت ئەركی سەرۆك مسعود بارزانی لە ئەركی سەرۆك حزبێك و سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەورەترە، ئێستا كوردستانییەكان نەك تەنیا لە هەر چوار پارچەی كوردستان، بەڵكو لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە كوردستانییەك هەبێت، سەرۆك بارزانی بە خاوەنی خۆی دەزانێت، بۆیە پێویستە لەم قۆناخە و لە 69یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەم حزبەدا، جارێكی دیكە ئەو گوتارە زیندوو بكەینەوە كە بارزانی مستەفا پارتی بۆ دامەزراندووە، پارتی ئامێرە، ئامانج نییە، دەبێت زانایانە ئەم ئامێرە بۆ سەرفرازی كوردستان بەكار بهێنین و ئەم راستییەش بە ئاشكراو بە دەنگی بەرز لەگەڵ كوردستانییەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان پیشانی هەموو جیهانی بدەین.
Top