سەرۆك بارزانی و ئەمیری کوەیت کۆبوونەوە
June 14, 2015
راپۆرتەکان
دامەزراوە میدیاییەکانی کوێت بڵاویان کردەوە، کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆشکی سەیف، لەلایەن ئەمیر و نواف ئەحمەد ئال سەباح، شازادەی جێنشین، پێشوازی لە بارزانی و وەفدە یاوەرەکەی کراوە، بەڵام باس لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نەکراوە.
دوا نیوەرۆی رۆژی شەممە، مەسعود بارزانی, سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری، بەسەردانێک بۆ هەردوو وڵاتی کوەیت و ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو،گەیشتنە کوەیت و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت، لەلایەن شێخ سەباح خالد ئەحمەد ئەلسەباح، جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێ کرا.
بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکیی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی کوەیت و ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو، شەڕی تیرۆریستانی داعش و پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەو دوو وڵاتە و تاوتوێکردنی کێشە و پێداویستییەکانی ئاوارە و پەنابەران و یارمەتیدانیان دەبێت.
ڕۆژی شەممە 13ـی 6ـی 2015، مەسعود بارزانی، بە یاوەریی مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێم و عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و سەڵاحەدین بابەکر، وەزیری کارەبا و ژمارەیەک ڕاوێژکار لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی ھەولێر لەسەر بانگھێشتێکی فەرمی، بەرەو وڵاتانی کوەیت و ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو بەڕێ کەوت.
باسنیوز
