حکومەتی عێراق 500 ملیار دینار بۆ جووتیاران خەرج دەکات
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی 02-03-2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیادرا، حکومەت شایستەی دارایی جووتیاران تەواوبکات و لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا بڕی 500 ملیار دینار خەرج دەکات. لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئایا ئەو شایستە داراییە، جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، د. حەسەن نازم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیاند، "بەدڵنیاییەوە شایستەی دارایی جووتیاران دەگاتە هەمووان، ئەمە گوژمی یەکەمە وەک ئەوەی وەزیری بازرگانی پێی راگەیاندم، گوژمی دیکەی بەدواوە دێت".
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بوو کە سەر بە حکومەتی فیدڕاڵین و لە هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن، د. حەسەن نازم لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پێموایە ئەو پرسە گرێدراوە بە بودجە، ئێستا ئێمە هەموومان چاوەڕێی بودجەین بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەین، دانووستاندنەکان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان هەموو شتێک لەبارەی مووچەوە دیاری دەکات".
هەروەها مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "پێویستە وەزیرەکان هەڵەی حکومەتەکانی رابردوو دووبارە نەکەنەوە لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ دۆسیە ستراتیژییەکان، هەروەها مامەڵەنەکردن بەشێوەیەکی بیرۆکراسیانە لەگەڵ ئەو بابەتانەی دەبنە هۆی پەکخستنی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئەنجامدانی پرۆژەکان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختلەوەدەکاتەوە، دیاریکردنی ئاڵنگارییەکان گرنگە بۆ لابردنی ئاستەنگییەکان و هەنگاونان بەرەو پێشەوەچوون لە قۆناخی دەستکەوتەکاندا. پێویستە وەزیرەکان بە شەو و رۆژ کاربکەن بۆ لابردنی سەرجەم بەربەستانەکان و خۆیان رادەستی ئاڵنگارییەکان نەکەن.
هەر لە درێژەی قسەکانیدا، کازمی باسی ئەوەیکرد، وڵات بە چەندین قەیراندا تێپەڕدەبێت، "هەوڵ هەیە بۆ ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم کاری حکومەت. ئەوان لە هەرەسنەهێنانی ئابووریی و دارایی وڵات سەرکەوتوو بوون"، هەنگاوی گرنگی چاکسازییان ناوە، کە خۆی لە کاخەزی سپی دەبینێتەوە، کە ئەو کارەش وایکرد بەردەوامبن لە پێشکێشکردنی مووچە بەشێوەیەکی رێک و پێک، لەکاتێکدا پێشتر وابەستەی داتەپینی دۆخەکە بووە.
rudaw -
