ھاوپەیمانیی نەسر رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت لە بەرامبەر داننەنان بە رۆژی سوپای عێراقدا
نووسینگەی راگەیاندنی ھاوپەیمانیی نەسر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە "وەکو ھاوپەیمانیی نەسر، بە تووندی ھەنگاوەکەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان بە دانپێدانەنان بە رۆژی 6ی کانوونی دووەم کە رۆژی دامەزراندنی سوپای عێراقی نەبەردە رەتدەکەینەوە؛ راگەیاندنیان بە دانپێدانەنان بەم رۆژە، بێڕێزییە بە سوپای عێراق کە سوپایەکی نیشتمانی و فیدراڵییە؛ تەواوی ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق بە دەسەڵات و دامەزراوەکان و سەروەرییەکانیەوە".
هاوپەیامنییەکە ئاماژەی بەوە کردووە "داوادەکەین دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەستبەرداری ئەم جۆرە مامەڵەیە بن کە پێچەوانەی دەستوور و رێوشوێنەکانی سیستەمی فیدراڵییە".
ھەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ھاوپەیمانیی نەسر داوا لە دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان دەکات چاو بە رەفتار و مامەڵەی سیاسی و کارگێڕییان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بخشێننەوە و جەخت لەوەش دەکاتەوە، یەکێتی و پێکەوەژیان و سەروەریی نیشتمانی لە بەرژەوەندیی تەواوی رۆڵەکانی عێراق دەبێت بە هەموو پێکهاتە ئاینی و نەتەوەیی و مەزھەبیەکانەوە.
rudaw -
