راوێژکای ئابوری کازمی: کورتهێنانی بودجە بە دو رێگە چارەسەردەکرێت

 راوێژکای ئابوری کازمی: کورتهێنانی بودجە بە دو رێگە چارەسەردەکرێت
راوێژکای ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کورتهێنانی بودجەی ئەمساڵی عێراق دەکرێت لەرێگەی چەندبوارێک پڕبکرێتەوە لەوانەش بەرزبونەوەی بەهای نەوت کە داهاتی دەوڵەت بەرزدەکاتەوە لەگەڵ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و چاکسازییەوە کاریگەری بەرچاوی دەبێت.

پێشبینی دەکرێت بەهای نەوت لەهاوینی ئەمساڵدا بۆ 65 دۆلار بەرزبێتەوە

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکای ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمیدیای فەرمی حکومەتی راگەیاندوە، حکومەت دەتوانێت کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2021 لەچەند رێگایەک پڕبکاتەوە لەوانەش پێشبینی دەکرێت بەهای نەوت لەهاوینی ئەمساڵدا بۆ 65 دۆلار بەرزبێتەوە و هەروەها رێگاکانی گواستنەوەی وزە بەهۆی کەمبونەوەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا دەبێتەهۆی زیاتربونی خواست لەسەر نەوت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێکی دیکە لەهۆکارەکان کەوادەکات ئاستی کورتهێنان لەپاڵ قەرزکردندا چارەسەربکرێت، زیادبونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە لەلایەن رێکخراوی ئۆپیک بەبڕی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل، ئەوەش ئاماژەی ئەوەیە خواستی لەسەر ئەو وزەیە لەجیهاندا زیاتربوە.

رێژەی هەژاری 30%ی دانیشتوان پێکدەهێنێت

راوێژکای ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی رێژەی هەژاری لەوڵاتدا باسی لەوەکردوە، لەئێستادا رێژەی هەژاری 30%ی دانیشتوان پێکدەهێنێت، لەوانەش کۆچبەران و ئەوانەی بێکارن لەخۆدەگرێت.

بودجەی ئەمساڵی عێراق بە نزیکەی 103.4 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە

پێشبینی دەکرێت لەهەفتەی داهاتودا پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ لەپەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ بکرێت کەبڕەکەی بە 150 ترلیۆن دینار دیاریکراوە (نزیکەی 103.4 ملیار دۆلار)، لەو رێژەیەش 70 تريليۆن دينار (48.2 مليار دۆلار) کورتهێنانی هەیە کەدەکاتە 46.6% کۆی بودجە.






خەندان
Top