حەشدی شەعبی بە خۆپیشاندانێکی فراوان یادی سولەیمانی و موهەندیس دەکاتەوە

حەشدی شەعبی بە خۆپیشاندانێکی فراوان یادی سولەیمانی و موهەندیس دەکاتەوە
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە خۆپیشاندانێکی فراون لە بەغدای پایتەختی عێراق، یادی کوژرانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکەنەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 3-1-2021، دەیان هەزار چەکدار و لایەنگری حەشدی شەعبی خۆپیشاندانێکی فراوان لە بەغدا ساز بکەن، کە تێیدا سەرکۆنەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکەن.

پۆلیسی هاتوچۆی بەغدا بۆ دابینکردنی رێڕەو و شوێن بۆ خۆپیشاندەران، ژمارەیەک گۆڕەپان و شەقامی سەرەکیی شارەکە لە کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانی تا 4ـی ئێوارە، بەڕووی هاتوچۆکەران دادەخات.

ئەو شەقام و گۆڕەپانانەی سبەی لە بەغدا بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دادەخرێن:

کەرتی رەسافە

- رێگای خێرای سەرووی نەهزە

- رێگای خێرا بەرەو یاریگای شەعب

- لە گۆڕەپانی خەللانییەوە تا گۆڕەپانی تەحریر

- لە گۆڕەپانی خەللانییەوە بەرەو گۆڕەپانی تەیەران

- لە چوارڕیانی ئیتیساڵات بەرەو خوارووی پردی جمهورییە

- چوارڕیانی فەنادق بەرەو پردی جمهورییە

- لە گۆڕەپانی کەهرەمانە تا دەگاتە گۆڕەپانەکانی فیردەوس، نەسر و تەحریر

- چوارڕیانی تەربیە بەرەو گۆڕەپانی تەیەڕان

- ناوچەی قورتوبە بەرەو گۆڕەپانی تەیەڕان

- لە مۆڵی نەخیل بەرەو ناوچەی قورتوبە

بەرەی کەرخ

- سایدێکی شەقامی سەرەکیی فڕۆکەخانە

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی ئێرانی و حەشدی شەعبی، کوژران.






باسنيوز
Top