سەرکردەیەکی شیعە: عزەت دووری پلانی کودەتایەکی سەربازی لە عێراق دادەڕێژێت
سەرکردەیەکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق رایدەگەیەنێت، جێگری سەرۆکی رژێمی بەعس پلان بۆ کودەتایەکی سەربازی لە عێراق دادەڕێژێت.
باقر زوبەیدی، سەرکردەیەکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق لە وتارێکدا، رایگەیاندووە، حزبی بەعسی عێراقی لە کۆبوونەوەکانیدا لە دەرەوەی عێراق تاوتوێی ئەنجامدانی کودەتای سەربازی، دەکات.
باقر زوبەیدی پێیوایە عزەت دووری، جێگری سەدام حوسێنی سەرۆکی رژێمی بەعسی رووخێندراو، سەرۆکایەتیی هەوڵی ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لە عێراق، دەکات.
ئەو سەرکردەیەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق هەروەها رایگەیاندووە، حزبی بەعس لەڕێی بەشێک لە ”سیاسییەکان“ لە دوای 2003ـەوە هەوڵی گەڕانەوە سەر دەسەڵاتی دا، بەڵام ئێستا دڵنیا بووە لەوەی بەڕێگای سیاسی ناتوانێ حوکمڕانیی عێراق بەدەست بهێنێتەوە، بۆیە هەوڵی کودەتای سەربازی دەدات.
باقر زوبەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەندامان و فەرماندە سەربازییەکانی حزبی بەحس لە دیالە و زنجیرەچیای حەمرین دەستیان بە مەشقی سەربازی و ئامادەکاری بۆ کودەتای سەربازی کردووە.
باسنیوز
