پەرلەمانتارێك: كازمی دەبێ دۆسیەی بێسەروشوێنان و گیراوان یەكلایی بكاتەوە

پەرلەمانتارێك: كازمی دەبێ دۆسیەی بێسەروشوێنان و گیراوان یەكلایی بكاتەوە
پەرلەمانتارێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەخنە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق دەگرێت و رای دەگەیەنێت دەبێ كازمی دۆسیەی گیراوان و بێسەروشوێنان یەكلایی بكاتەوە و كار بۆ خزمەتگوزاری و بە تایبەت كارەبا بکات.

یەحیا ئەلموحەمەدی، پەرلەمانتاری سوننە و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند: "پێویستە لەسەر مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران دۆسیەی بێسەروشوێنان و گیراوان كە چارەنووسیان دیار نییە یەكلایی بكاتەوە، هەروەها بڕیاری ئازادكردن بۆ گیراوانی سیاسی و ئەوانەی كە بە تۆمەتی ناڕەوا دەستگیر كراون دەربکرێت، بەتایبەت ئەوانەی كە بەشداریی خۆپیشاندانەكانیان كردووە، نابێت رێگەش بدرێت خۆپیشاندەران شەهید بكرێن و هێرشیان بكرێتەسەر".

ئەو پەرلەمانتارە روونیشی كردەوە: "ئێستا دۆخی خەڵكی عێراق لەڕووی خزمەتگوزاریش خراپە و دەبێ حكوومەتەكەی كازمی كار بكات بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان، بە تایبەت پێدانی كارەبا، ئێستا بەم گەرمایە كارەبای نشتمانی زۆر خراپە و خەڵكی هەراسان كردووە، 17 ساڵە بودجەی زەبەلاح بۆ كارەبا خەرج دەكرێت و كارەباش هەر خراپە و خەڵك لێی ناڕازییە".

سەبارەت بە چاكسازییەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەلموحەمەدی گوتی: "چاكسازی تەنها بە بانگەشەی ڕاگەیاندن ناكرێت، دەبێت لە رەگ و ریشەوە گەندەڵی چارەسەر بكرێت، ئەوەی دەیبینین بەشێكی بانگەشەیە، دەبێت دەسەڵاتی قانوون و دادگاكان بەهێز بكرێت و دۆسیە زۆرەكانی گەندەڵی یەكلایی بكرێنەوە".













باسنيوز



Top