رۆژنامەیەک: ئاشکراکردنی بکوژانی توێژەرەکەی بەغدا بارودۆخی عێراق دەتەقێنێتەوە
راپۆرتێکی رۆژنامەوانی بڵاو دەبێتەوە و تێیدا باس لەوە دەکرێ، کە ئاشکراکردنی بکوژانی هیشام هاشمی، چاودێر و توێژەر لە بواری گرووپ و میلیشیا تیرۆریستی و تائیفییەکان و کەسێکی نزیک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بارودۆخی عێراق دەتەقێنێتەوە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 6-7-2020، ژمارەیەک چەکدار، بە سواری دوو ماتۆڕسکیل، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی زەییونەی بەغدا تەقەیان لە هیشام هاشمی، پسپۆڕ و توێژەری ئەمنی و میلیشیا و گرووپە تیرۆریستییەکان کرد و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.
رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریکی، ئەمڕۆ یەکشەممە 26-7-2020 لە راپۆرتێکدا، بڵاوی کردووەتەوە، کوژرانی هیشام هاشمی بووە مایەی دڵەخورپەی راوێژکارەکانی مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، چونکە تێگەیشتن تیرۆر دەگاتە کەسە نزیکەکانی کازمیش.
رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی، ئاماژەی بەوە کردووە، کە یاریدەدەرەکانی مستەفا کازمی رایانگەیاندووە، ئەگەر بکوژانی هیشام هاشمی دیاری بکرێن، ئەوا بارودۆخی عێراق بەشێوەیەکی خراپ دەتەقێتەوە.
بەبێ ئاشکراکردنی ناوەکەی، یەکێک لە راوێژکارەکانی مستەفا کازمی بە واشنتن پۆستی راگەیاندووە، ”لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی هاشمی، کارێکی زۆر زۆر مەترسیدارە“.
راوێژکار و کەسە نزیکەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە یەکتر دەپرسن، ”ئەمجارە تیرۆریستان کێ لە ئێمە تیرۆر دەکەن؟“ و وەک رۆژنامە ئەمریکییەکەش بڵاوی کردووەتەوە، بەشێکیان لە ترسی تیرۆر، عێراقیان بەجێ هێشتووە.
پێشتر کەناڵی (ئەلحوڕە) لە زاری رۆژنامەنووسێکی هاوڕێی هیشام هاشمی بڵاوی کردووەتەوە، هاشمی دوو هەفتە بەر لە ئێستا بەو رۆژنامەنووسەی راگەیاندبوو، کە ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسێکی ئەمنیی میلیشیای حزبوڵڵای عێراقی هەڕەشەی لێکردبوو و پێیگوتبوو، ”لە ماڵەکەی خۆت دەتکوژم“.
باسنیوز
