شارەزایەكی ئەمنی: حكوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ ئێران نییە
لیوا موئەیەد جحێشی، شارەزای ئەمنی و ستراتیژیی عێراقی بە رادیۆی (سپۆتنیك)ی راگەیاند، هێشتا دەروازە سنوورییەكان لە لایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە كۆنتڕۆڵ كراون، نموونەش بەوە دێنێتەوە كە دەروازەی سنووریی مەندەلی كە گوایە هێزێكی سەر بە بەرپەرچدانەوەی خێرا كۆنتڕۆڵی كردووە، هێزەكە لە لایەن كەسێكەوە بە ناوی (ئەبو توراب) سەركردایەتی دەكرێت كە سەر بە میلیشیای ڕێكخراوی بەدر و فەیلەقپی قودسی ئێرانە و پێشتر لە كۆماری ئیسلامی ژیاوە.
جحێشی باسیشی لەوە كردووە كە گومان لە سەردانە لەناكاوەكەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا هەیە كە بەبێ هەماهەنگی و بانگهێشت بووە و پێش ئەوەشە كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی سعودیە بكات.
ئەو شارەزا ئەمنییە پێیوایە كە بابەتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی دەروازە سنوورییەكان لە لایەن حكوومەتی عێراق، تەنیا هەڵمەتێكی بانگەشەی میدیاییە.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رای گەیاندبوو كە گوایە ئەوان دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر دەروازە سنوورییەكانی عێراق لەگەڵ ئێران، كوێت و سووریادا دەسەپێنن.
باسنيوز
