ھەرپەنابەرێک ئارەزوومەندانە لەیۆنانەوە بگەڕێتەوە عێراق دوو ھەزار یۆرۆی پێدەدرێت
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆکاروباری ئاوارەو پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە ئاگادارکراین کە لەلایەن باڵوێزی عێراق لەیۆنان بە نوێنەری دەزگای لوتکە ڕاگەیاندراوە ھەر پەنابەرێکی عێراقی کە ئێستا نیشتەجێی وڵاتی یۆنانە و دەیەوێت ئارەزومەندانە بگەڕێتەوە عێراق ھاوکاری و کارئاسانی بۆ دەکرێت و بڕی دوو ھەزار یۆرۆی پێدەدرێت".
گوتیشی: "تەنانەت ئەگەر خێزانێک بگەڕێتەوە ھەر ئەندامێکی خێزانەکە ئەو بڕە پارەیان پێدەدرێت".
ئاری جەلال باسی ئەوەشی کرد کە ئەو ھاوکاریی و بڕیارە ئەو کۆچبەر و پەنابەرانە دەگرێتەوە، کە لە پێش ڕێکەوتی ١ی ١ی ٢٠٢٠، چوونەتە ناو خاکی یۆنان، ھەر پەنابەرێکیش دەیەوێت بگەڕێتەوە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ ناو نووسین و ڕێکار و ڕێنماییەکانی خۆتۆمارکردن، سەردانی باڵوێزی عێراق لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بکات.
باسنیوز
