پۆلیس لە بەسڕە بارەگای حزبێکی ئیسلامیی داخست

پۆلیس لە بەسڕە بارەگای حزبێکی ئیسلامیی داخست
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بەسڕە ڕایگەیاند، کە بارەگای حزبی “ثأر الله الاسلامي”ی لە پارێزگاکە داخست و هەموو ئەو کەسانەی ناویشی دەستگیر کرد، ئەمەش بەهۆی تەقەکردنی پاسەوانەکانی بارەگاکە لە خۆپیشاندەران.

لە بەیاننامەیەکدا کە لە میدیا عێراقییەکان بڵاو بووەتەوە، فەرماندەیی پۆلیسی بەسڕە ئاماژە بەوە دەکات کە “ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەستدرێژیان کردووەتە سەر تەلاری حزبی ثأر الله الاسلامي لە بەسڕە”.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە “بەهۆی تەقکەردن لە خۆپیشاندەران، کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر. هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای بەسڕە بەخێرایی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی تەقەکردنەکە، پۆلیس هەموو ئەو کەسانەی ناو بارەگاکەیان دەستگیر کرد و بارەگای حزبی ناوبراویان داخست و دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەنیی هەمەجۆردا گرت”

لای خۆیشیەوە سەرچاوەیەکی تەناهیی ڕایگەیاند، لە ئاکامی بەریەککەوتنی خۆپیشاندەران و پاسەوانەکانی بارەگاکە، دوو خۆپیشاندەر بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی تریش بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە “دوای ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەان و پاسەوانەکانی بارەگای حزبی ثأر الله الاسلامي، کە یوسف ئەلمووسەوی سەرۆکایەتیی دەکات، دوو خۆپیشاندەر بریندار بوون” و ڕوونیشی دەکاتەوە “دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە لە دژی حکوومەتی خۆجێیی بەسڕە، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەر مۆلۆتڤیان فڕێ داوەتە ناو بارەگای حزبی ناوبراو، بەم هۆیەوە پاسەوانانی بارەگاکە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و ئەم ڕووداوەی لێ کەوتووەتەوە”.










باسنيوز


Top