ئاشتۆن كارته‌ر:هێزه‌ عیراقیه‌كان به‌هاوكاری‌‌ ئێمە و ئامۆژگاری‌ ئه‌وان چوونه‌ته‌ ناو فه‌لوجه‌وه‌

ئاشتۆن كارته‌ر:هێزه‌ عیراقیه‌كان به‌هاوكاری‌‌ ئێمە و ئامۆژگاری‌ ئه‌وان چوونه‌ته‌ ناو فه‌لوجه‌وه‌
ئاشتۆن كارته‌ر، وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا جه‌ختی‌ له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، هێزه‌ عیراقیه‌كان به‌هاوكاری‌‌و ئامۆژگاری‌ ئه‌وان چوونه‌ته‌ ناو فه‌لوجه‌وه‌، ئه‌و پشتیوانیه‌‌و پاڵپشتی‌ ئاسمانیش بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌رده‌وامی‌ ده‌بێت.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ ئه‌مریكا دوای‌ ئه‌وه‌هات، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌وتارێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا شه‌وی‌ رابردوو ئاشكرایكرد، كه‌ له‌چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا شاری فه‌لوجه‌ به‌ته‌واوه‌تی له‌ چنگی چه‌كدارانی رێكخراوی داعش رزگارده‌كرێت.

ئاشتۆن كارته‌ر، دوێنێ هه‌ینی له‌كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌پنتاگۆن رایگه‌یاند "هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق به‌ فه‌رمانده‌یی عه‌بادی‌و هاوكاری ئه‌مریكا، له‌نێوانیشیاندا هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌ك چونه‌ته‌ ناو شاری فه‌لوجه‌‌و به‌شێك له‌ شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵكردووه‌، به‌ڵام هێشتا زووه‌ بڵێین هه‌موو شاره‌كه‌ كۆنترۆڵكراوه‌".

پێشتر‌و دوای تێپه‌ڕبوونی‌ 23 رۆژ له‌ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی فه‌لوجه‌، سه‌باح نوعمان وته‌بێژی ده‌زگای دژه‌تیرۆری عیراق بۆ خه‌ندان راگه‌یاندبوو "ئاڵای عیراق له‌ سه‌نته‌ری شاری فه‌لوجه‌ هه‌ڵكرا"، به‌وته‌ی‌ ئه‌و باشوری فه‌لوجه‌ تاوه‌كو سه‌نته‌ری‌ شاره‌كه‌ له‌چه‌كدارانی داعش پاككراوه‌ته‌وه‌.

وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا له‌باره‌ی‌ هاوكاریه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا، وتی‌ "ئێمه‌ ئامۆژگاری و هاوكاری و پشتیوانی ئاسمانی و هه‌موو هاوكارییه‌كانی دیكه‌، یان لانیكه‌م ئه‌و هاوكارییانه‌ی عیراق به‌تایبه‌ت له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا داوای كردووه‌ بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دابین ده‌كه‌ین".

ئاشتۆن كارته‌ر جه‌ختیشیكرده‌وه‌، چوونه‌ ناو فه‌لوجه‌ و ئازادكردنی به‌شێكی بابه‌تێكی گرنگه‌، گرنگییه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراقه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی سه‌رۆكوه‌زیران، چونكه‌ "ئه‌وه‌ پرنسیپێكی گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ كه‌ عیراق له‌ قۆناغی درێژخایه‌ندا یه‌كبوونی خۆی بنیاتبنێته‌وه‌".

سه‌ره‌تای‌ 2014 چه‌كدارانی داعش كۆنترۆڵی قه‌زای فه‌لوجه‌-یان كرد كه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای ئه‌نباره‌و 60 كیلۆمه‌تر له‌ باكوری خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت دووره‌، له‌ 23ی‌ مانگی‌ رابردووشه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستیپێكردووه‌ به‌هاوكاری‌ هاوپه‌یمانان‌و ئه‌مریكا.

هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش، له‌ 50 وڵاتی دنیا ساڵی 2014 پێكهێنرا، بۆ لاوازكردن‌و له‌ناوبردنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش به‌تایبه‌ت له‌عیراق‌و سوریا، له‌دوو ساڵی رابردووشدا سه‌دان هێرشی ئاسمانییان كردووه‌ته‌ سه‌ر چه‌كدارانی ئه‌و گروپه‌.

وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا، له‌وه‌ڵامی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئایا ستراتیژی هاوپه‌یمان له‌شه‌ڕی دژی داعشدا شكستی نه‌هێناوه‌ له‌ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا سه‌ره‌ڕای ئه‌نجامدانی 13 هه‌زار گورزی ئاسمانی، وتی " ستراتیژه‌كه‌ سێ به‌شه‌، له‌نێوانیشیاندا ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌ عیراق و سوریا كه‌ ئه‌نجامه‌كانی ده‌ركه‌وتووه‌ پێویسته‌، به‌ڵام هێشتا رازیكه‌ر نییه‌".

كارته‌ر ده‌ڵێت "زۆر پێویسته‌ ئێمه‌ داعش له‌ عیراق و سوریا تێكبشكێنین، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ مانای كۆتایی پێهێنانی داعش و ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ تیرۆریستیه‌ی ئه‌و هه‌یه‌تی بۆ سه‌ر ئه‌مریكا نایه‌ت، زۆر ڕاسته‌ داعش له‌ چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی جیهان بڵاوبۆته‌وه‌‌و دواتر ئێمه‌ پێویسته‌ وڵاتی خۆشمان بپارێزین، كه‌ ئه‌وه‌ش زیاتر بابه‌تێكی جێبه‌جێكردنی یاسا‌و هه‌واڵگرییه‌، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین له‌هه‌ر كوێیه‌ك بتوانین هاوكاربین".

پێشڕه‌وی‌ هێزه‌ عیراقیه‌كان له‌فه‌لوجه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وانی‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌داعش له‌چه‌ندین میحوه‌ری‌ جیاوازه‌ به‌هاوكاری‌ هاوپه‌یمانان‌و ئه‌مریكا، به‌تایبه‌تی‌ له‌مه‌نبه‌ج-ی‌ سوریا‌و باشوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا له‌عێراق.

شه‌ڕه‌كانی‌ سوپای‌ عیراق له‌باشوری‌ نه‌ینه‌وا، وه‌كو ئاماده‌كارییه‌كه‌ بۆ ئۆپه‌راسیۆنی‌ به‌رفراوانی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ، كه‌ له‌مانگی‌ شه‌شی‌ 2014وه‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ داعشدایه‌.

حه‌یده‌ر عه‌بادی، له‌وتاره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كه‌ی‌ دوێنێیدا ئاشكرایكرد، پاش فه‌لوجه‌ هه‌نگاوی داهاتوویان به‌ره‌و شاری موسڵ ده‌بێت.

هاوكات، بریت مه‌كگۆرك نێرده‌ی تایبه‌تی باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش، دوێنێ‌ له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر باسی له‌وه‌كرد كه‌ وێستگه‌ی دوای فه‌لوجه‌، موسڵ ده‌بێت.







خه‌ندان
Top