عیراق؛ زەوی نیشتەجێ‌ بەسەر هەموو هاوڵاتیاندا دابەشدەكرێت

عیراق؛ زەوی نیشتەجێ‌ بەسەر هەموو هاوڵاتیاندا دابەشدەكرێت
حكومەتی عیراق، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی خزمەتگوزاری بۆ هەموو هاوڵاتیەك بە قیست دەستپێدەكات‌و رەزامەندیشی دەربڕی، لەسەر دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبون بەسەر هاولاتیاندا.

نوسینگەی رۆژنامەوانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەبەیاننامەیەكدا كە لەسەر سایتی فەرمی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە رایگەیاندووە،

ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممە، رەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی زەوی نیشتەجێ‌ بۆ هاوڵاتیان دەربڕی.

بەیاننامەكە رونیكردووەتەوە، ئەنجومەنی وەزیران "پرۆسەی دابەشكردنی زەوی نیشتەجێی خزمەتگوزاری بە مەرجی ئاسان و بە قیست بۆ هەموو هاوڵاتیان دەستپێكردووە".

هەروەها ئەنجومەنەكە، میكانیزمی بەگەڕخستنی بەرنامەی ئەلیكترۆنی بۆ قەرزی پیشەسازی و كشتوكاڵی و نیشتەجێ‌ بەپێی فۆرمی قەرزەكان بە بڕی 6.5 ترلیۆن دینار تاوتوێ‌ كردووە كە بەسەر پرۆژە جیاجیاكاندا دابەش دەكرێت‌و پرۆژە بچوكەكانیش دەگرێتەوە، كە هەلی كاركردنی بەرفراوان دەڕەخسێنن.

ئەنجومەنی وەزیران، دەستپێكردنی ئەو قەرزانەشی راگەیاند كە پرۆژە بچوكەكان بۆ ژنان و لاوان و خوێندكارە دەرچووەكان لەخۆدەگرێت، دەستخۆشی لەو هەوڵانە كرد كە ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان دەكەن تا بەشێوازی ئەلیكترۆنی و بەدوور لە رۆتین و دروستكردنی ئاستەنگەكان قەرزەكان فەراهەم دەكەن.
Top